پوختە
لە نێوان هەموو بەرهەمە کشتوکاڵی و
ستراتیژییەکاندا، کەم بەرهەم هەیە کە وەک گەنم بە چارەنووسی سیاسیی حکومەتەکانەوە پەیوەست بێت. گەنم
تەنها سەرچاوەیەکی خواردن نییە؛ بەتایبەتی لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵەتی ناوەڕاست و
باکووری ئەفریقا، نان بووەتە بەشێک لە پەیمانی نەنوسراوی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتی.
بۆ دەسەڵاتێک کە بە ڕێگەی دەنگدان و
ڕەزامەندیی ئازادەوە مشروعیەتی خۆی بەدەست نەهێناوە، دابینکردنی نانی هەرزان و
کۆنترۆڵکردنی نرخەکەی دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەک بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی
کۆمەڵایەتی. لەم چوارچێوەیەدا، ئاسایشی خواردن دەبێتە بەشێک لە ئاسایشی ڕژێم.
بەڵام پەیوەندیی نێوان گەنم و دەسەڵات تەنها
تایبەت بە دیکتاتۆرییەکانەوە نییە. وڵاتە دیموکراسییەکانیش سیاستی پشتگیریی
کشتوکاڵ و هەڵگرتنی دانەوێڵە لە کۆگای ستراتیژیی بەڕێوە دەبەن. جیاوازیی سەرەکی لە ئامانج،
ڕادە و شێوازی بەکارهێنانی ئەم سیاسەتانەدایە.
نان
وەک هێڵی سووری مشروعیەتی سیاسی
لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵەتی
ناوەڕاستدا، نان زیاترە لەوەى تەنها مادەیەکی خۆراکی بێت. لە میسردا وشەی عەیش بە مانای نان بەکاردێت و هەمان وشەش بە مانای ژیان دێت.
ئەم پەیوەندییە زمانەوانییە بە تەنیا خۆی نیشانى دەدات کە نان تا چ ڕادەیەک لە
هەستی ژیانی ڕۆژانەدا جێگیر بووە. لە دەسەڵاتە
ناوەندگەرەکاندا، نرخ و دابینکردنی نان دەتوانێت ببێتە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی
توانای حکومەت لە بەڕێوەبردنی ژیانى هاوڵاتى. هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی حکومەتەکان بە تایبەتی لە کاتەکانی قەیرانی ئابووری،
جەنگ و گرانبووندا بە وردی چاودێریی نرخی نان بکەن.
شۆڕشی نان؛ کاتێک نرخ دەبێتە مەترسیی سیاسی
مێژوو چەندین جار نیشانی داوە کە گرانبوونی
نان دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا ببێتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایییەکی بەرفراوان. لە شۆڕشی فەڕەنساوە تا ناڕەزایەتییەکانی سەدەی بیست و بیست و یەکەم،
نان زۆرجار ناوەندی قەیرانی کۆمەڵایەتی بووە. یەکێک لە نموونە گرنگەکان میسرە. لە ساڵی ١٩٧٧، حکومەتی ئەنوەر سادات هەنگاوی بۆ کەمکردنەوەی
یارمەتییەکانی خواردن هەڵگرت. ئەمەش ناڕەزایى گەورەى هاوڵاتیانى لێکەوتەوە کە بە
شۆڕشی نان ناسرا. لە ساڵانی دواتریش، نرخی
خواردن و گەنم لە میسر و چەند وڵاتێکی تری ناوچەکە بە بابەتێکی سیاسی گۆڕا. ئەم ئەزموونە ڕژێمەکانى فێری شتێکی سادە کرد: نان دەتوانێت ببێتە
دەستپێکی ناڕەزایییەکی گەورەتر. لەبەر ئەوە، کۆنترۆڵکردنی نرخی نان بۆ هەندێک
حکومەت تەنها سیاسەتێکی ئابووری نییە؛ بەڵکوو سیاسەتێکی ئەمنیشە.
بۆچی پشتبەستن بە هەناردەی گەنم دەتوانێت
ببێتە کێشەیەکی ستراتیژی؟
بەشێکی گرنگی هەناردەى گەنم لەلایەن
ژمارەیەکی سنووردار لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانەوە دابین دەکرێت لەوانەڕووسیا، ئەمریکا، کەنەدا، فەڕەنسا و ئۆسترالیا. بۆ وڵاتێک کە پشت
بە هەناردەی خواردن دەبەستێت، جەنگ، گەمارۆ، قەیرانی سیاسی یان تێکچوونی بازاڕ
دەتوانێت دابینکردنی گەنم روبەڕووى مەترسیی بکاتەوە. لە چوارچێوەی ئاسایشی نیشتمانییەوە، پرسیارەکە ئەمەیە: ئەگەر وڵاتێک نەتوانێت
نانی دانیشتوانی خۆی دابین بکات، تا چ ڕادەیەک ئازادە لە بڕیارەکانی دەرەکییەکانى؟ بۆیە هەندێک دەسەڵات خۆبژێویی گەنم هاوتاى خۆبژێوى
سەربازی و تەکنەلۆژیی دەبینن. بەڵام لێرەدا جیاوازییەکی
گرنگ هەیە: خۆبژێویی تەواو هەمیشە بە مانای ئاسایشی زیاتر نییە. هەندێک جار جۆراوجۆرکردنی
سەرچاوەکانی هەناردە و هەبوونی کۆگای ستراتیژی دەتوانێت لە خۆبژێویی کاریگەرتر بێت.
گەنم؛ بەرهەمێکی گونجاو بۆ کۆنترۆڵکردنی
ئابووری
لە دیدی دەسەڵاتێکى ناوەندگەراوە، گەنم
تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیەدەتوانرێت
بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵبگیرێت. ئەم
تایبەتمەندییە ڕێگە دەدات حکومەت گەنم بە بەڕێژەى زۆر بکڕێت، کۆگای ستراتیژی دروست
بکات، نرخی گەنم دیاری بکات، کارگەکانی دروستکردنى ئارد کۆنترۆڵ بکات، دابەشکردنی
نان بە شێوەی سیستەم ڕێکبخات. هەرچەندە دەسەڵات زیاتر
لەم زنجیرەیەدا بەشدار بێت، توانای کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و دابینکردنی خواردنیش
زیاتر دەبێت.
گەنم و کۆنترۆڵکردنی ناوچە کشتوکاڵییەکان
سیاسەتی ڕێکخستنى نرخی گەنم تەنها کاریگەری
لەسەر شارەکان نییە. کاتێک حکومەت نرخی کڕینی گەنم دیاری دەکات، کڕینی
بەرهەمەکان لەڕێگەى دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێت، یارمەتی بە جوتیاران دەدرێت، ئاو بۆ
کشتوکاڵی دابین دەکرێت. لە سیستەمێکی ناوەندگەرادا،
ئەمە دەتوانێت بە ئامرازێکی سیاسی بگۆڕدرێت؛ بەڵام ئەمە هەمیشە بە مانای ئەوە نییە
کە یارمەتییەکان بە شێوەی سیاسی دابەش دەکرێن. لە زۆر وڵاتدا، یارمەتیی خواردن
سیاستێکی گشتییە بۆ پاراستنی خێزانە کەمداهاتەکان. لەبەر ئەوە پێویستە لە نێوان سیاستی ئاسایشی خواردن و بەکارهێنانی خواردن بۆ فشار و کۆنترۆڵی سیاسی جیاوازی بکرێت.
خۆبژێویی
گەنم و کۆنتڕۆڵکردنى گێڕانەوە نیشتمانی
خۆبژێویی گەنم بۆ حکومەتەکان تایبەتمەندییەکی
پڕوپاگەندەى بەهێزی هەیە. چونکە بۆ هاووڵاتی ئاسانە
تێبگات ئێمە گەنمی خۆمان بەرهەم دەهێنین؛ بۆ نان پێویستمان بە کەس
نییە. ئەم ڕستەیە بە ئاسانی دەتوانرێت بکرێتە بەشێک لە گوتاری سەربەخۆیی، بەرگری لە گەمارۆ، پشتبەخۆبەستن، نیشتمانپەروەری،
بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان. لە وڵاتانی خاوەن ئەزموونی
کۆلۆنیالیزم یان گەمارۆی درێژخایەن، ئەم جۆرە گوتارە دەتوانێت بارێکی هەستی و
مێژوویی زیاترى هەبێت.
میراتی یەکێتیی سۆڤیەت و چین
بەشێک لە مێژووی پەیوەندیی نێوان گەنم و
دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمە ستەمکارەکانى سەدەی بیستەم، لەوانە یەکێتیی سۆڤیەت و چینی سەردەمی مائۆ، بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و کۆنترۆڵکردنی
کشتوکاڵ بەشێکی گرنگی سیاستی ئابووری بوو. بەڵام ئەزموونی ئەم دوو وڵاتە هەروەها هۆشدارییەکى گرنگیشە کە خۆبژێویی و کۆنترۆڵی کشتوکاڵ دەتوانێت نەک تەنها ئاسایش
دروست بکات، بەڵکوو ببێتە هۆی قەیرانی خواردن. سیاستەکانی هەڵبژاردنى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە
یەکێتى سۆڤیەت و سیاستەکانی پێشکەوتنی گەورە بۆ پێشەوە لە چین بە قەیرانە گەورەکانی خواردن و مردنی ملیۆنان کەس
پەیوەست کراون. ئەم ئەزموونانە نیشان دەدەن کە کۆنترۆڵی دەوڵەت بە خۆی گەرەنتیی ئاسایشی خواردن نییە.
ئایا تەنها دیکتاتۆرەکان گرنگی بە خۆبژێویی گەنم
دەدەن؟
نەخێر. وڵاتە دیموکراسییەکانیش سیاستی بەهێزی پاراستنی کشتوکاڵیان هەیە. بۆ نموونە، یەکێتیی ئەوروپا لە چوارچێوەی سیاستی کشتوکاڵی هاوبەشدا پشتگیریی
فراوانی جوتیاران دەکات. هەروەها هیندستان سیستەمی کۆگاکردنی دانەوێڵەی ستراتیژی و
کڕینی لەلایەن حکومەتەوە بەکاردەهێنێت. بۆیە، گرنگیدان بە گەنم
بە خۆی نیشانەی بوونى دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری نییە. جیاوازیی سەرەکی لە ئامانج، ڕادەی کۆنترۆڵ، شێوازی جێبەجێکردن، و بەرپرسیارێتی
دامەزراوەیی دایە.
کێشەی خۆبژێویی تەواو
یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکان ئەوەیە ئایا هەموو وڵاتێک
دەبێت هەموو گەنمی پێویستی خۆی بەرهەم بهێنێت؟ وەڵامەکە هەمیشە نەخێرە. لە ناوچە وشک و نیمچەوشکەکاندا، بەرهەمهێنانی گەنم پێویستی بە ئاوی زۆر
دەبێت. ئەگەر حکومەت بۆ گەیشتن بە
ئامانجی خۆبژێویی نرخی ئاو بە شێوەیەکی دەستکرد کەم بکات، نرخەکانی کڕینی گەنم
دیاری بکات، جوتیاران ناچار بکات بە بە چاندنى بەرهەمێکى دیاریکراو، ئەوا دەتوانێت
کێشەیەکی نوێ دروست بکات. لەوانە بەفیڕۆدانی ئاو، کەمبوونەوەی
هاندانی جوتیار، گرانبوونی بەرهەم، زیانی ژینگەیی. لەبەر ئەمە، زۆرێک لە توێژەرانی ئابووری پێشنیار
دەکەن لە جیاتی خۆبژێویی تەواو، وڵاتەکان سەرچاوەکانی
هەناردە جۆراوجۆر بکەن، کۆگای ستراتیژیان هەبێت، بازاڕی نێودەوڵەتی بەکاربهێنن، بەرهەمی
ناوخۆ بەپێی توانای ئاو و ژینگە ڕێکبخەن، و بۆ دابینکردنی نان، تەنها پشت بە یەک
سەرچاوە نەبەستن.
گەنم لە جیهانی ئەمڕۆدا؛ لە خواردنەوە بۆ
ئاسایشی نیشتمانی
جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا نموونەیەکی نوێیە کە
چۆن قەیرانی ناوچەیی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بازاڕی جیهانیی دانەوێڵە هەبێت. لەم ساڵانەی دواییدا، گەنم و دانەوێڵە بوونەتە بەشێک لە گفتوگۆی
ئاسایشی جیهانی، چونکە ڕووسیا و ئۆکراینا لە بەرهەمهێنەر و هەناردەکەرە گرنگەکانی
دانەوێڵەن. ئەمەش نیشانى دەدات کە
گەنم لە سەدەی بیستویەکەمدا هێشتا تەنها بەرهەمێکی کشتوکاڵی نییە. گەنم دەتوانێت ببێتە
ئامرازێکی ژێئۆپۆلیتیکی.
گەنم و گرێبەستى کۆمەڵایەتی
دەتوانرێت پەیوەندیی نێوان حکومەت و نان لە
چوارچێوەی گرێبەستى
کۆمەڵایەتیدا
بخوێندرێتەوە. لە سیستەمێکی
دیموکراتیکدا، هاووڵاتی دەتوانێت لە هەڵبژاردندا دەنگ بدات و نارەزاییی خۆی بە
شێوەی دامەزراوەیی دەرببڕێت. بەڵام لە سیستەمێکی
داخراودا، ئەم کەناڵانە سنووردارترن. لەو بارودۆخەدا، حکومەت دەتوانێت لە ڕێگەی دابینکردنی نانی هەرزان، سووتەمەنیی پاڵپشتى کراو، خۆراک، کار، نیشتەجێبوون،
بەشێک لە ڕەزامەندیی کۆمەڵایەتی بەدەست بهێنێت. بەم پێیە، نان دەتوانێت ببێتە بەشێک لە پەیمانی نەنوسراوی نێوان دەسەڵات
و کۆمەڵگا.
بۆچی
شۆڕشی نان بۆ دەسەڵات ترسناکە؟
هۆکارەکە تەنها برسیبوون نییە. نان تایبەتمەندییەکی کۆمەڵایەتی هەیە، هەمووان پێویستیان
پێیەتى. لەبەر ئەوە، کێشەی نان دەتوانێت کۆمەڵە گروپە جیاوازەکان لەسەر یەک
کێشە کۆبکاتەوە. ئەگەر نرخی گەنم و نان
بەرز بێت، کێشەکە تەنها کێشەی جوتیار نییە، بەڵکوو کێشەی کرێکار، مامۆستا، کارمەند، خێزانە کەم داهاتەکان، بازرگان،
نانەوا، دەبێت. ئەم کاریگەرییە بەرفراوانە
وا دەکات قەیرانی نان بە خێرایی بگۆڕێت بۆ قەیرانی سیاسی.
کۆتایی
ئەوەی گەنم دەکات بە بەرهەمێکی تایبەت، تەنها
بەها خۆراکییەکەى نییە؛ بەڵکوو بەهۆى ئەو پەیوەندییە قووڵەیە کە لە نێوان نان، ژیان، ئاسایش و
مشروعیەتی سیاسی دروست
بووە. دەسەڵات دەزانێت کە مرۆڤ
دەتوانێت بۆ ماوەیەک بەبێ زۆر شت بژی، بەڵام دابینکردنی خۆراکى سەرەتایی ناتوانێت
بۆ ماوەیەکی درێژ پشتگوێ بخرێت. لەبەر ئەمە، گەنم لە
مێژووی سیاسیی نوێدا بووەتە زیاتر لە بەرهەمێکی کشتوکاڵی. گەنم دەتوانێت هۆکارى
ئاسایش بێت، کارتی ژیۆپۆلیتیکی بێت و لە هەمان کات نیشانەی مشروعیەتی دەسەڵات بێت.
بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەزموونی مێژوویی
نیشان دەدات کە هەوڵدان بۆ خۆبژێویی ڕەها دەتوانێت خۆی ببێتە سەرچاوەی کێشە. لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە، پرسیاری سەرەکی نابێت تەنها ئەوە بێت ئایا دەوڵەت گەنمی خۆی
بەرهەم دەهێنێت؟ بەڵکوو
دەبێت بپرسین تا چ ڕادەیەک سیستەمی خۆراکى وڵات توانای بەرگەگرتنى لە جەنگ،
گەمارۆ، گۆڕانی کەشوهەوا، تێکچوونی بازاڕ و قەیرانی سیاسی هەیە؟ئەمە بنەمای
ڕاستەقینەی ئاسایشی
خواردنە؛ نەک تەنها پرسیارى
چەند تۆن گەنم بەرهەم هاتوو؟
ئەنجام
لە کۆتاییدا، دەتوانرێت ئەوە بگوترێت کە حەزی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان
بۆ گەنم بۆ یەک هۆکار ناگەڕێتەوە. ترسی شۆڕشی نان، نیگەرانی لە گرێدراوى
بە دەرەوە، کۆنترۆڵی ئابووری، پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی گوتاری
نیشتمانی هەموویان لە یەک خاڵدا کۆدەبنەوە. ئەو دەسەڵاتەی بتوانێت
نان دابین بکات، تا ڕادەیەک دەتوانێت ئارامیی کۆمەڵگاش بپارێزێت؛ بەڵام ئەو
دەسەڵاتەی گەنم و خۆراک دەکات بە ئامرازی کۆنترۆڵی سیاسی، لە هەمان کاتدا خۆی
دەخاتە بەر مەترسیی ئەوەی قەیرانی خۆراک بگۆڕێت بۆ قەیرانی سیاسی.