پزیشکیان وەزیری نوێی بەرگریی بۆ ئێران دیاریده‌كات

جیهان

06/10/2026‌ 2326 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچوارچێوەی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پێکهاتە سەربازییەکانی وڵات لەدوای هێرشە قورسەکان، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بەفەرمی (مێهرداد ئەخلاقی) بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگریی‌و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان كاندیدکرد؛ ئەم هەنگاوە دوای کوژرانی وەزیری پێشوو لەیەکەمین شەپۆلی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلدا دێت، هاوکات لەگەڵ دوپاتکردنەوەی تاران لەسەر پابەندبونی تەواو بەمەرجەکانی لەوتوێژەکاندا.


گۆڕانکارییە سەربازیی‌و کارگێڕییەکان لەناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پێدەنێنە قۆناغێکی نوێوە، ئاژانسی فەرمیی هەواڵەکانی ئێران "ئیرنا" ڕایگەیاند، سەرۆک کۆماری ئێران، بەشێوازێکی فەرمی (مێهرداد ئەخلاقی) بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگریی‌و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی وڵاته‌كه‌ى كاندیدکردوە تا متمانەی پەرلەمانی پێبدرێت.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، كاندیدكردنى مێهرداد ئەخلاقی دوای ئەوەدێت، پۆستی وەزارەتی بەرگریی بەبەتاڵی مابوەوە بەهۆی کوژرانی عەزیز نەسیریزادە وەزیری پێشوو کە لەمیانی یەکەم هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلدا لەسەرەتای جەنگەکەدا پێکراو گیانی لەدەستدا، ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە سەربازییە هاوچەرخە لەکاتێکدادێت کە تاران سەرلەنوێ جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە سازشێک کردوەتەوەو ڕایگەیاندوە، هێشتا بەتەواوی پابەندە بەسەرجەم مەرجە پێشوەختەکانی خۆی لەناوەڕۆکی گفتوگۆو وتوێژە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکاندا.