شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی لەناکاو ڕایگەیاند کە ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێککەوتوون دەستبەجێ هێرشەکانیان بۆ سەر سەرچاوەکانی وزە لە هەردوو وڵاتدا ڕابگرن؛ ئەوەش لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و کییڤ بەهۆی جیاوازییەکان لەسەر شەڕ و سزا ئابوورییەکانی دژی مۆسکۆ، زیاتر ئاڵۆز بوونەتەوە.
ترەمپ، دوێنی یەکشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی "ترووس سۆشیال"، بێ ئەوەی پێشتر هیچ ئاماژەیەکی لەبارەوە هەبێت، نووسی کە هەردوو لایەن ڕازی بوون ئاگربەست لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا جێبەجێ بکەن و داوای کرد هیچ لایەنێک ئەو ڕێککەوتنە نەشکێنێت.
ئەم ڕاگەیاندنە یەک ڕۆژ دوای ئەوە هات کە ترەمپ داوای لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، کردبوو دەست لە پۆستەکەی هەڵبگرێت. هەروەک کەمتر لە 48 کاتژمێر پێشتر، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەسەر دابینکردنی گازوایل بۆ بازاڕە ئەمریکی و جیهانییەکان لەلایەن مۆسکۆوە، لە بەرامبەر هەڵگرتنەوەی هەندێک سزا لەسەر ڕووسیا، ڕێککەوتبوو.
زێلێنسکی وتی لە ڕاگەیاندنی ترەمپ سەرسام بووە، بەڵام ئامادەیە پێشنیارەکە قبووڵ بکات، بە مەرجێک ئاگربەستەکە دوولایەنە بێت و "دڵنیایی ڕاستەقینە" هەبێت. ئەو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەکسۆسیس" وتی، ئەگەر ترەمپ لەگەڵ پوتین ڕێککەوتبێت، پێویستە کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستەکە دیاری بکرێت.
بەڵام تا ئێستا هیچ نیشانەیەک لە پابەندبوونی رووسیا بە ئاگربەستە ڕاگەیەنراوەکەوە دەرنەکەوتووە. زێلێنسکی ئاماژەی بە بەردەوامبوونی هێرشەکانی ڕووسیا کرد و ڕایگەیاند کە تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 200 هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا لە ئۆکرانیا ئەنجام دراوە. هەروەک 17 هێرشی دیکەش دامەزراوە نەوت و گازەکانیان کردۆتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتی "فاینەنشیاڵ تایمز"، ئەمریکا هەڕەشەی وەستاندنی سیستەمی کڕینی چەک بۆ ئۆکرانیا دەکات، بۆ ئەوەی کییڤ ناچار بکات هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ڕووسیا بوەستێنێت.
"نیویۆرک تایمز"یش ئاشکرای کردووە کە بەرپرسانی ئەمریکا پێشنیاری هاندانی ئابووریی گەورەیان بە کرملین کردووە، لەوانە ئازادکردنی بەشێک لە سامانە سیادییە بلۆککراوەکانی ڕووسیا.
لە کاتێکدا بەرپرسانی ئۆکرانیا پێیان وایە واشنتۆن داوای وازهێنان لە یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی شەڕ لە کییڤ دەکات، بێ ئەوەی داوای هیچ سازشێک لە مۆسکۆ بکات.