وۆڵ ستریت جۆرناڵ: کۆگای موشەکی بەرگریی سعودیە بەرەو نەمان دەچێت و مەترسییەکی گەورەی کەوتۆتە سەر

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، کە ئەمرۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، باسی لەوەکردووە کە لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشی حوسییەکان، کۆگای مووشەکە بەرگرییەکانی سعودییە بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکان بەردەوام کەم دەبێتەوە و ئەو وڵاتە لە پاراستنی ژێرخانی وزەیی خۆیدا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە.

بەپێی سەرچاوە سعودییەکان، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە، بەهۆی مووشەکبارانی خاکی شانشینەکە لەلایەن یەمەنەوە، ناچارە بە وریاییەوە لەنێوان کۆشکە شاهانە بەهێزپارێزراوەکاندا هاتوچۆ بکات، بەشێوەیەک ئەو پاسەوانانەی لەگەڵیدان، بە وردی هەڵبژێردراون.

راپۆرتەکە هەروەک دەڵێت: وەبەرهێنانی بیانی لە سعودییە لە دوو چارەکی یەکەم و دووەمی ئەمساڵدا کەمی کردووە و زۆر دوورە لە ئامانجی دیاریکراوی بن سەلمان بۆ ساڵی 2030. زیادبوونی خەرجییەکانی ئاسایش و ژێرخانیش هەڕەشەیە لەسەر ئەو پارە پێویستانەی بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووریی تەرخان کراون.

دەشڵێت: هەروەک، پلانی سعودییە بۆ گۆڕان بە ناوەندێکی جیهانیی لە بواری زیرەکیی دەستکرددا، بەهۆی ئەوەی ناوەندەکانی داتا بوونەتە ئامانجی هێرش، ڕووبەڕووی مەترسیی نوێ بۆتەوە، بەشێوەیەک ژمارەیەک لە پڕۆژە گەورەکانی بن سەلمان دوا کەوتوون یان لەژێر پێداچوونەوەدان.

باس لەوەشکراوە کە سعودییە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا وازی لە میوانداریی یارییە زستانییەکانی ئاسیا لە ساڵی 2029 هێنا، لە کاتێکدا هێشتا پێویستی بە دابینکردنی دارایی بۆ پێشانگای جیهانیی 2030 و جامی جیهانیی تۆپی پێی 2034 هەیە.

بەپێی سەرچاوەکان، سعودییە داوای یارمەتیی لە هاوپەیمانی خۆی، پاکستان، کردووە و بەدوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی لە جیهاندا دەگەڕێت. هەروەک، باس لەوەشدەکریت کە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات  کە"شەڕکەرانی بیانی" بۆ یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانی لە یەمەن بەکاربهێنێت.