ترەمپ ئایزنکۆت‌و ناتانیاهۆ بانگهێشتی مار-ئە-لاگۆ ده‌كات بۆ ڕێكه‌وتن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2386 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەواشنتۆن پێشبینیدەکەن، ئەگەر ترەمپ دەستوەردان بکات لەهەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی لەئیسرائیل، ئەوا تەنها کاتێک دەبێت کە ببێنێت گفتوگۆکان بەرەو پێش ناچن، پێشتریش ترەمپ ڕایگەیاندبوو، پڕۆسەی ئەگەری دەستوەردانی لەم بابەتەدا تاووتوێدەکات.


هەفتەی داهاتوو لەبارەگای سەرۆکی ئیسرائیل لەقودس، پڕۆسەی پێشکەشکردنی پێشنیازی سەرۆکی پارتەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆکایەتیی حکومەت دەستپێدەکات، بەڵام وادەردەکەوێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕەنگە ده‌ستوه‌ردان بكات لەپێکهێنانی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانیدا.

دوێنێ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕایگەیاندبوو، ڕاگەیاندنی پاڵپشتییەکەی بۆ ناتانیاهۆ یارمەتیدەر بوە لەهێنانی دەنگی زیاتر بۆ پارتی لیکۆدو ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە چاو بەئەگەری دەستوەرداندا بخشێنێتەوە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی لەنێوان ناتانیاهۆو ئایزنکۆتدا.

لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئەمریکی بەکەناڵی i24NEWSی وتوه‌، پێشبینیدەکات ترەمپ لەچەند ڕۆژی داهاتودا دەستوەردان ناکات‌و ئەو لەسەرەتاوە خۆی ناخاتە ناو ئاوەکەوە، کەمێک چاوەڕواندەکات، دەبینێت با بەلای کام لادا دەچێت، پاشان دوای چەند هەفتەیەک ڕەنگە په‌یوەندی بەئایزنکۆت‌و ناتانیاهۆوە بکات‌و پێیان بڵێت، "هاوڕێیان، وەرن بۆ مار-ئە-لاگۆ ـ واته‌ کۆشکە تایبەتییەکەی خۆی لەفلۆریدا" بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێک".

هاوكات ئیسحاق هێرتسۆگ سەرۆکی ئیسرائیل دەستیکردوە بەکارکردن لەپێناو پاڵپشتیکردنی پێکهێنانی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی، پەیامەکەی هێرتسۆگ بۆ سەرۆکی پارتەکان ئەوەیە کە بەمێشکێکی کراوەوە بێن بۆ گفتوگۆکان تا ڕێگریی لەدوبارەبونەوەی هەڵبژاردنەکان بکرێت، لەتێڕوانینی هێرتسۆگەوە، ئەو ئامانجی لێدانی چ كاندیدێكى دیاریکراو بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت یان شێوازێکی تایبەتی حکومەت نییە.

بەپەلە