ئێران: هیچ بەرنامەیەكمان بۆ كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی نییە

جیهان

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 436 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئێستا هیچ بەرنامەیەکیان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی نییە.


عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەچاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند،''ئێستا هیچ بەرنامەیەک بۆ کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی لەئارادا نییە، ئەم دەنگۆیانەی کە لەوبارەوە هەن، تەنها لەمیدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە''.

بەوتەی عەباس عێراقچی، مەرجەکانیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ڕونن و نێوەندگیرەکان هێشتا سەرقاڵی ڕاوێژکردنن لەسەریان.

ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکاو سەرچاوەی ئاگادار دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا لەرێگەی جەی دی ڤانسی جێگرییەوە نامەیەکی بۆ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ناردووە و داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی کردوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتنی نامەکەی بە تاران پشتڕاست کردەوەو وتی،'پەیامەکەی ڤانس بە وردی بەدواداچونی بۆ کراوە و لەکۆبونەوەکانی ئاستی باڵادا خراوەتە بەر باس''.

عەباس عێراقچی هەوڵێ لایەنی ئەمریکی بۆ 'کردنەوەی دەرگای گفتوگۆو لێکتێگەیشتنی بەرفراونتر بەهەنگاوێکی ئەرێنی دەزانێت، بەڵام هۆشداریش دەدات،''ئەگەر ئامانجی واشنتن لە ناردنی ئەم پەیامە دروستکردنی ناکۆکی بێت، ئەوا ئەم هەنگاوە هەڵەیەکی نوێ دەبێت کە دەخرێتە سەر هەڵە پێشوەکانیان''.

سەبارەت بەشێوەی گفتوگۆ ئەگەرییەکانی داهاتوی نێوان تاران و واشنتۆن، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد،''پاش ڕەزامەندیی ئەمریکا لەسەر مەرجەرکانمان، لەسەر ئەنجامدانی دانوستاندنەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بڕیار دەدرێت''.

وەک عەباس عێراقچی دەڵێت، تاران شاندێکی ناردوەتە دەوحەی قەتەرو یەکێک لەجێگرەکانی خۆی سەرپەرشتی دەکات؛ ''ئامانج لەچونی شاندەکەمان درێژەدان بەگفتوگۆکانە لەسەر ڕۆڵی نێوەندگیریی قەتەر''.