شارپرێس:
هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هۆشداریدهدات لەوەی، واشنتۆنو ئیسرائیل دەیانەوێت بەیەکجاری کۆتایی بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بهێنن، هاوکات بەتوندی هێرشیکردەسەر لایەنەکانی دیكهى ڕۆژهەڵاتو تۆمەتباریکردن بەوەی لەبری دژایەتیکردنی نەیاران، خەریکی ململانێی ناوخۆیینو دۆخەکەیان گەیاندوەتە لێواری تەقینەوەو شهڕى ناوخۆیى.
ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی زاگرۆس 24، هۆشداریی توندی لەبارەی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی دەرەکی دژی ئێرانو تەقینەوەی بارودۆخی ناوخۆیی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانداو ڕایگەیاند، لەئێستادا بژاردەی سەربازییو جەنگ لەدانوستان نزیکترە، ترهمپو دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەیانەوێت بەیەکجاری کۆتایی بەهەڕەشە ئەتۆمییەکانی تاران بهێنن.
کەریمی ئاشکرایکرد، پێکهێنانی "هاوپەیمانی مەککە" لەناوچەکەدا بەپلەی یەکەم بۆ ڕێگریکردنە لەڕوخانی ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا لەقووڵایی ستراتیژی خۆیدا دەزانێت کە لاوازبون یان نەمانی دەسەڵاتی تاران، دەبێتە هۆی ئەوەی ئاگری شەڕەکە ڕاستەوخۆ بەرەو خاکی تورکیا بپەرێتەوە، بۆیە ئەنكەرە دەیەوێت بەر بەو جەنگە بگرێت.
سەبارەت بەپڕۆژەی «ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک»، کەریمی دانی بەوەدانا کە بەشێک لەناڕونیی چەمکەکە بۆ کەمکاریی خۆیان لەڕونکردنەوەیدا دەگەڕێتەوە، بەڵام جەختیکردەوە، "ئەم پڕۆژەیە دژ بەمافی چارەی خۆنوسینی کورد نییە، بەڵکو ئامانجهكه دروستکردنی ئێرانێکی فیدراڵو دیموکراتە کە تێیدا ستاتۆو مافی هاوڵاتیبونی کورد مسۆگەربێت، ناسنامەی ئێرانیبون لای ئێمە مەرجدارەو بەستراوەتەوە بەدابینکردنی مافی خۆبەڕێوەبردن بۆ گەلی کورد".
کەریمی بەتوندی هێرشیکردەسەر لایەنەکانی دیكهى ڕۆژهەڵات (بەتایبەت کۆمەڵە)و هۆشداریدا، ئەو هاوپەیمانیانەی پێشتر بۆ ڕوخانی ئێران دروستبون، ئێستا کار بۆ ڕوخانی یەکتر دەکەنو دۆخەکە "بۆنی شەڕی ناوخۆی لێدێت".
هاوسەرۆکی پژاک چەند ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەکردنو وتى، "هەندێک لایەن دەیانەوێت بەکۆڵ ڕەزا پەهلەوی (کوڕی شای پێشوی ئێران) لەکوردستانەوە ببەنەوە تاران، لەکاتێکدا پژاک وەک تاکە هێز، ئاڵای کۆماری مەهابادو پێشەوا قازی محەمەدی هەڵگرتوە، سەرکردایەتی لایەنەکانی دیكهش لەڤێلای چەند ملیۆن دۆلاری لەئەوروپاوە ڕێنمایی دەدەن، لەکاتێکدا گەریلاکانی پژاک لەناو ئەشکەوتەکانو قوڵایی خاکەوە خەباتدەکەن".
ئهوهشى وت، "داوا لەو حزبانە دهكهین، لەبری هێرشکردنەسەر پژاک، خەمی پێشمەرگەکانیان بێت لەبەرامبەر ئەو پلانە هاوبەشەی عێراقو ئێران کە دەیەوێت لەکەمپەکان دەریانبکات".
لەکۆتاییدا، ئەمیر کەریمی پشتگیریی تەواوی پژاکی بۆ تێکەڵبونی شهڕڤانانى یەکینەکانی بهرخۆدانى شنگال (یەبەشە) لەگەڵ سوپای عێراق دوپاتکردەوەو لەهەمانکاتدا ڕەخنەی توندی لەدەسەڵاتی باشوری کوردستان گرت کە نەیتوانیی شنگال بپارێزێت، ئەمەش هۆکاری ئەوەبوو کە خەڵکی ناوچەکە متمانەیان بەهێزی پێشمەرگە نەمێنێت، جەختیكردهوه، "هیچ لایەنێک ناتوانێت ئەوی تر بسڕێتەوەو دەبێت کورد گوتارێکی یەکگرتوی هەبێت بۆ بەفیڕۆنەدانی ئەم دەرفەتە مێژوییە".
