سوپا له‌نه‌ینه‌وا ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌و ڕوو له‌ناوچەکانی سێگۆشەی گەرم ده‌كات..عێراق پلانێكى نوێى هه‌یه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2324 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارێزگای نەینەوا دەستی بەڕێکارەکانی ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی ناو ناوەندەکانی شارو قەزاکان بەفەرماندەیی پۆلیسی خۆجێی‌و لایەنەکانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ کردوە، ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی پلانێکی حکومیدایە بۆ کۆتایهێنان بەبونى چەکداریی لەناوچە نیشتەجێبونەکان‌و گواستنەوەی ئەرکی سوپاو حەشدی شەعبی بۆ ناوچە سنورییەکان، کە هاوکاوتە لەگەڵ کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی تورکیا لەسەربازگەی زیلکان.


محەمەد کاکەیی سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لەئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، به‌گوێره‌ى فەرمانێك، لێپرسراوێتی ئەمنیی ناو قەزاو ناحیەکان‌و ناوەندی شارەکانی وەک موسڵ، حەمدانیەو ڕەبیعە، تەنها لەئەستۆی پۆلیسی نەینەوادا دەبێت.

کاکەیی چەند خاڵێکی فەرمی لەسەر گۆڕانکارییەکان ڕونکردەوەو وتى، "بازگەکان‌و دەروازەکانی ناوەوەی شارەکان بەتەواوی ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی دەکرێن بۆ چەسپاندنی سیستەمی مەدەنی، ئەرکی سوپاو حەشدی شەعبیش لەدەرەوەی شارەکان، لەناوچە سنورییەکان‌و گوندەکاندا دەبێت، هێزە سەربازییەکانیش لەدەرەوەی شارەکان لەحاڵەتی ئامادەباشیدا دەمێننەوە بۆ پاڵپشتیکردنی پۆلیس لەکاتی هەر حاڵەتێکی کتوپڕدا".

لەلایەکی دیکەوە، سەفا ئەعسەم شارەزای ئەمنیی ئاماژەی بەوەکردوه‌، گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی بۆ وەزارەتی ناوخۆ پێشتریش لەچەند ناوچەیەک جێبەجێکرابوو، ناوچە ناوخۆییەکانی نەینەوا ئارامن، بەڵام کێشە ئەمنییەکان زیاتر لەناوچە سنورییەکانی باکوری نەینەوان (سێگۆشەی عێراق-سوریا-تورکیا) کە شوێنی جێگیربونی شه‌ڕڤانانى یەکینەکانی به‌رخۆدانى شنگال (یەبەشە)یه‌، هەرچەندە شه‌ڕڤانانى یەبەشە لەدانیشتووانی شنگالن‌و چەکەکانیان ڕادەستکردوەو تێكه‌ڵ به‌هێزه‌ فه‌رمیه‌كانى عێراق بون.

ئەو شارەزا ئەمنییە هۆشداریشیدا کە مەترسیی شانە نوستوەکانی داعش لەعێراق بەتەواوی کۆتایی نەهاتوە، بەتایبەت لەبیابانی ڕۆژئاوای ئەنبارو حەوزی چیاکانی حەمرین کە لەنێوان چەند پارێزگایەکدا درێژدەبێتەوە.

هاوكات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە ئەمنییانەدا، کشانەوەی بەشێكى هێزەکانی تورکیا لەسەربازگەی زیلکان لەباکوری نەینەوا دەستیپێکردوەو هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاندوە، کەمکردنەوەی بونی سەربازیی وڵاتەکەی لەعێراق بەستراوەتەوە بەجێبەجێکردنی پلانی بەغدا بۆ داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان، لەسەروو هەمویانەوە پەکەکە لەناوچەی شنگال.