ئێران هێرشەکانی بۆسەر گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات لەهەرێم چڕتردەکاتەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1748 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێک، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زنجیرەیەک هێرشی نوێی کردوەتەسەر بنکەو بارەگاکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری گرژییە سەربازییەکان لەناوچەکەدا دەبینرێت.


ئەم پەرەسەندنە سەربازییەی تاران لەکاتێکدایە کە ژمارەی هێرشەکانی پێشوی ئێران بەموشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر هەرێمی کوردستان لەهه‌زار هێرش تێپەڕیوە.

کاتژمێر (8:45) خوله‌كی بەیانی دوێنێ چوارشەممە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆكوژ، بنکەیەکی هێزەکانی کۆمەڵە-یان لەدۆڵی ئالانەی سەر بەناحیەی بالیسان (90 کیلۆمەتر لەباکوری ڕۆژهەڵاتی هەولێر) بەئامانجگرت، کۆمەڵە-ش لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەکە تەنها زیانی مادی لێکەوتوەتەوەو هیچ زیانێکی گیانی لەناو هێزەکانیاندا نەبوە.

هاوكات بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، هێرشێکی دیكه‌ى هاوشێوە لەشارەدێی تەوێڵەی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە ئەنجامدرا کە بەهۆیەوە خانوی هاوڵاتییەک بەناوی عەلوان عەبدوڵڵا زیانی قورسی بەرکەوت، بەڵام لەم هێرشەشدا هیچ زیانێکی گیانی تۆمارنەکراوه‌.

لای خۆیەوە عەلی ڕەنجبەری بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە، سوپای پاسدارانی ئێرانی بەئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبارکردو ڕایگەیاند، تاران دەیەوێت بەم هەنگاوانە ڕێگریی لەهەر ڕاپەڕینێکی کوردی لەناوخۆی ئێراندا بگرێت.

کۆمەڵە یەکێکە لەو پێنج هێزه‌ کوردیەی کە هاوپەیمانێتییەکی هاوبەشیان دژی ڕژێمی ئێران پێکهێناوە کە لایەنەکانی وەک (پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)و باڵە جیاوازەکانی کۆمەڵە) لەخۆدەگرێت، ئەم گروپانە چەندین دەیەیە بنکەو بارەگایان لەهەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەم هێرشانەی ئێران دوای ئەوە چڕتربونەتەوە کە لە28ى شوباتی ڕابردودا، ئەمریکاو ئیسرائیل هێرشی ڕاستەوخۆیان کردەسەر ناوخۆی ئێران.

ئەم پەرەسەندنە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە دۆخێکی زۆر قورسەوە، چونکە لەلایەکەوە په‌یوەندییەکی نزیکی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیەو لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌ هاوسنورە لەگەڵ ئێراندا، سەرکردایەتی هەرێم لەهەولێر پێشتریش نیگەرانی خۆی پیشانداوە لەوەی چالاکیی ئەم گروپانە هەرێمی کوردستان پەلکێشی ناو شەڕو ململانێکان بکات.

مانگی ڕابردوو، محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لەبەغدا ڕایگەیاند، "حکومەتی عێراق ڕەزامەندیی پیشانداوە بۆ دەرکردنی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران یان ڕادەستکردنەوەی ئەندامەکانیان بەتاران"، بەڵام بەرپرسێکی عێراقی کە بەشداریی کۆبونەوە ئەمنییەکەی کردوە، ئەو زانیارییەی باڵیۆزی ئێرانی ڕەتکردوەتەوەو وتویه‌تى، "دۆسیەکە هێشتا بەکراوەیی ماوەتەوە".