شارپرێس:
ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، نیگەرانییەکی قوڵو بەرفراوانی لەعێراقو وڵاتانی دراوسێ دروستکردوە، شەقامی عێراقی ئێستا ڕوبەڕوی پرسیاری جدی بوەتەوە سەبارەت بەسەلامەتیی سەرچاوەکانی ئاو، خاکو ڕوبارەکان، هاوکات لەگەڵ تاقیکردنەوەی ئاستی ئامادەیی بەغدا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسیی تیشکدانەوە.
ئەم ترسە دوای ئەوە زیاتربوو کە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕێنمایی بەپەلەی بۆ خۆپاراستن لەتەقینەوەی ئەتۆمی بڵاوکردەوە (وەک پەنابردنەبەر ناو باڵەخانەکانو بەکارهێنانی ئاوی دەبە)، ئەم ئامادەکارییانەش دوای هۆشدارییەکانی تاکەر کارلسۆن ڕاگەیاندنکاری ئەمریکی هات کە باسی لەئەگەری هێرشێکی ئەتۆمیی ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ لەماوەی چەند ڕۆژێکدا کردبوو لەژێر فشاری بنیامین ناتانیاهۆدا، بەتایبەت بۆسەر دامەزراوەی (چیای قوڵینگ) نزیک نەتەنز کە لەقوڵایی 80 بۆ 100 مەتر لەژێر زەویدایە.
هۆشداریی شارەزایان؛ تیشکەکە دەگاتە عێراق؟
ئەحمەد شەریفی شارەزای ئەمنیو ستراتیژیی ڕایگەیاند، ئەگەر بۆمبە قورسە ئاساییەکانی دژە حەشارگە (وەک GBU-57) نەتوانن ئەو قوڵاییە بپێکن، ئەوا ئەگەری هەیە پەنا بۆ چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی ببرێت.
شەریفی هۆشداریدا کە پێکانی مادەی پیتێنراو لەناو بنکەکەدا، دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی هەورێکی تۆزاوی پڕ لەتیشکی مەترسیدار کە تەوژمەکانی با دەتوانن بیگوازنەوە.
جەختیشیکردەوە، دوریی ههزار کیلۆمەتریی عێراق بەس نییە بۆ پاراستنی وڵاتەکە ئەگەر کەشوهەوا نالەباربێت، لهبهرئهوه بهپێویستى دهزانێت، هاوڵاتیان لەکاتی هێرشدا سێ بۆ پێنج ڕۆژ دەرگاو پەنجەرەکان دابخەن.
دەستەی ئەتۆمیی عێراق دڵنیایی دەدات
لەسەر ئاستی فەرمی ئەحمەد خوزەیر کازم وتەبێژی دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمیو تیشکیی عێراق هەڵسەنگاندنێکی ئارامکەرەوەی خستەڕوو ڕایگەیاند، "پێگەی جوگرافیو کەشوهەوا مەترسییەکان کەمدەکەنەوە".
کازم چەند هۆکارێکی خستەڕوو بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتیانو وتى، "نەتەنزو چیای قوڵینگ 700 کیلۆمەتر لەسنورهكانى عێراقەوە دورنو کاریگەریی تۆزی ئەتۆمی لەدوای 50 بۆ 100 کیلۆمەتر لاواز دەبێت، (با)ی وەرزی پایزیش لەباکوری ڕۆژئاواوە بەرەو ناوخۆی ئێران هەڵدەکات، ئەمەش تۆزەکە لەخاکی عێراق دوردەخاتەوە، ههروهها زنجیرە چیاکانی سەر سنور وەک بەربەستێک کاردەکەن، هاوکات تۆڕێکی چاودێریی پێشوەختە لەسەر سنور هەیە کە بەستراوەتەوە بەئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە".
شەڕی دەرونیو پاڵنەری ئەتۆمیبونی ئێران
لەلایەکی دیکەوە، ساڵح قەزوینی لێکۆڵەری سیاسیی لەتاران پێیوایە، ئەم هەڕەشانە زیاتر "شەڕێکی دەرونی کەرەستەی گوشارن"، بەڵام ناتوانرێت بڕیاری سەربازیش بەدور بزانرێت.
قەزوینی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمجۆرە هەڕەشانە تەنها دەنگی ئەو لایەنانە لەناوخۆی ئێراندا بەهێزتر دەکات کە داوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەن وەک تاکە هۆکار بۆ دروستکردنی هاوسەنگیو بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.
