سعودیه‌ له‌ڕێگه‌ى فه‌ڵه‌ستینیه‌كه‌وه‌ داهێنانێك بۆ حاجیان ده‌كات

هەمەڕەنگ

17/05/2025‌ 1948 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ نزیکبونەوەی وەرزی حەج، سعودییەکی بەڕەچەڵەک فەڵەستینی، داهێنانێکی کردوە بۆ کەمکردنەوەی ماندوبونی حاجییان لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەویش دروستکردنی چەترێکی زیرەکه‌ کە ئاستی گەرمیی ناوچەکە لەسەر حاجییان کەمدەکاتەوە.


چەترەکە سیستەمێکی دژە خۆرو دیاریکردن‌و دەستنیشانکردنی شوێنی تێدایە، لەگەڵ پانکەیەک‌و گڵۆپێک‌و سێ شوێنی (یو ئێس بی) بۆ بارگاویکردنەوەی مۆبایل‌و لاپتۆپی بچوک‌و چەند ئامێرێکی دیکە.

کامیل بەدەوی زانای سعودی کە داهێنەری چەتری زیرەکە دەڵێت:"چەترە زیرەکەکە، یارمەتیی زۆری حاجییان دەدات لەکاتی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج، ئەوەی گرنگە ئەوەیە، چەترەکە ئاستی گەرمیی کەمدەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حاجییان لەکاروانەکانیان ون ناکات".

زاناکە ئاماژە بەوەدەکات، چەترەکە لەڕێگەی گەرمیی خۆر کە لەبەشی سەرەوەی کۆدەبێتەوە، لەبەشی خوارەوەی پانکەیەکی فێنکەرەوە کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی خۆرو گەرمیی ناوچەکە، بۆ ئەوەی حاجییان توانای باشتریان هەبێت لەبەجێگەیاندنی فەریزەی حەج‌و پارێزگاریشیان لێبکات لەهێزی تیشکی خۆر.

سەرباری ئەو خەسڵەتانە، خەسڵەتێکی دیکەی گرنگی چەترە زیرەکەکە ئەوەیە، هاوکاریی حاجییان دەکات بۆ ئەوەی لەکاروانەکانیان ون نەبن بەهۆی بونی سیستەمی (GPS) تێیدا کە شوێنی حاجییەکە دەستنیشاندەکات.

مەنال دەندیس بەشێکی داهێنانی چەترەکەی بەرکەوتوە بەدانانی سیستەمی (GPS) بۆ چەترەکە ئاماژە بەوەدەکات، دەتوانرێت لەو شوێنانەی لەناو چەترەکەدا بۆ بارگاویکردن داندراون لەنێو، مۆبایل‌و هەر پێداویستییەکەی دیکە کە لەگیرفاندا هەڵدەگیرێن، بارگاوی بکرێنەوە. دەشڵێت: چەترەکە ڕێگە نادات هیچ حاجییەک ون بێت‌و بەئاسانی لەهەر شوێنێک بێت، دەدۆزرێتەوە.

هەردوو داهێنەرەکە ئاشکرایانکردوە، سەرەتا چەترەکە بەنرخێکی زۆر هەرزان بەحاجییان دەدرێت بۆ ئەوەی سودی لێوەرگرن، چونکە دەیانەوێت داهێنانەکەیان تاقی بکرێتەوە.