چەپڵەیەک بۆ سیاسییەکانی نیشتمان!

توێژینەوە و شیکاریی

21 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 945 جار خوێندراوه‌ته‌وه

  ڕەنگە هیچ سیاسییەکی ڕۆژهەڵات لەگوتاردان و قسەکردندا، هێندەی بەشێک لەفیگەرە سیاسییەکانی باشور، حەماسی نائەقڵانی بەسەریاندا زاڵنەبێت. بەشێک لەو فیگەرانە، کاتێک لەیاریگایەک بەرامبەر جەماوەرێکی گەورە گوتار دەدەن، بەجۆرێک قسە دەکەن وەک کلیلی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵات و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکەو عێراق لەگیرفانی ئەواندا بێت، کاتێکیش دەچنە نێو هۆڵێکی داخراوی بەرنامەڕێژکراو بەسەرلەقاندن و دەنگی چەپڵە، حەماس بەجۆرێک بەرەو دنیای دابڕان لەسیاسەتی واقیعی و ونبون لەخەیاڵی قوڵ دەیانبات، ئەوەیان بیردەچێتەوە، کە ژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە یەکسان نییە بەژیانی ئەوان و کوڕو نەوەکانیان، وەک ئەوانیش خاوەنی بزنس و پڕۆژەی گەورەو ئەکاونتی بانکی پڕ لەدۆلار نین.

   ئەم سیاسییانە باشدەزانن، بەڵام پێناچێت هەرگیز دان بەو ڕاستییەدا بنێن، بەشی هەرە گەورەی خەڵکی ئەم هەرێمە، نەک خاوەنی ئەکاونتی بانکی بۆ هەڵگرتنی بلۆکەدۆلار نین، بەڵکو لەسایەی دەسەڵاتی خێزانی و نانیشتمانی زیاد لە 30 ساڵەی ئەوان، هێشتا نە دۆلار دەناسن، نە گیرفانەکانیان تەعاروفێکی لەگەڵ وێنەکەی جۆرج واشنتۆن کردوە.

   خێزانە سیاسییەکانی دەسەڵات لەهەرێم، بۆ ئەوەی لەئازارەکانی ژیانی شار تێبگەن، دەبێت وەک خەڵکی ئاسایی، بێ کارەبایی و بێئاوی ببینن، تاڵاوی بێ موچەیی بچێژن و  ببینن بەناڕەوا دەستبردن بۆ مافەکانیان چەند بەئازارە. دەبێت گیرفانی خۆیان، منداڵ و ئەندامانی خێزان و بنەماڵەکانیان، وەک گیرفانی موچەخۆرانی ئەم هەرێمەو منداڵەکانیان خاڵی بکەنەوە، تا تێبگەن ئازاری دەرونی گیرفانی بەتاڵ یەکسان نییە بەکەیفسازی نەوەکانی ئەوان.

    لەم نیشتمانەدا، بەدەگمەن گەنجێک دەبینیت، بون و کەرامەتی خۆی لەپێناوی پارەدا دۆڕاندبێت، دەستی لەگەڵ دوژمن تێکەڵ کردبێ و پیرۆزییەکانی نیشتمانی بێبەهاکردبێ، جگە لەو سیاسییانەی دەستیان بەسەر سامان و داهاتی ئەم میللەتەدا گرتووە و، کەرامەتی دەیان کچ و کوڕی گەنجی کوردی ئەم باشورە و بەشەکانی دیکەیان، لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا، وردوخاش کردووە.

   ئازادی، پارە و کەرامەت هەموویان گرنگن، بەڵام هیچ کەسێکی خاوەن کەرامەت ناتوانێت تا ئەبەد بە گیرفانی خاڵی بژی و لە بەرامبەر بێ مافیدا بێدەنگی هەڵبژێرێت، هەر مرۆڤێکیش خاوەن کەرامەت بێت نە دەست لەگەڵ دوژمنانی نیشتمان تێکەڵ دەکات، نە گەنجەکانی بێ سەروشوێن دەکات، نە ناودەمی ڕۆژنامەنوسەکانی پڕ فیشەک دەکات و لە باوەشی دایکیاندا بە مەرگیان دەسپێرێ، نە دەست بۆ گیرفانی موچەخۆر و سامانی گشتی دەبات. ئێوە ئەگەر نەتانتوانی گیرفانی موچەخۆران و گەنجانی ئەم نیشتمانە، وەک گیرفانی خۆتان و خێزانەکانتان، وەک بازنەی دەوری عەرشی دەسەڵات، گەرم بکەن، خۆ لانیکەم دەتوانن چیتر ڕووی دەمتان نەکەنە خەڵک و پێیانبڵێن: «پارە گرنگ نییە و شەڕمان بۆ پارە نەکردووە»، لەبەر هیچ نا، لەبەرئەوەی پارە گرنگە، لەبەرئەوەی هەزاران گەنجی گیرفان بەتاڵی ئەم نیشتمانەتان لەپێناو پارە و گیرفانی خۆتان و بنەماڵەکانتان کردە قوربانی، لەبەرئەوەی تاکە شتێک، حیزبی کوردی لە باشوردا بە پلەی نایاب تێیدا سەرکەوتوو بووە، بە ناڕەوا کۆکردنەوەی پارەی گشتی بووە لە دەستی خێزانە سیاسییەکاندا.

   سیاسییەکان و سەرکردەی حیزبەکان، بوون بە کۆمپانیای کەڵەکەکردنی سەرمایە و، بە هەموو هێزیانەوە سیاسەتیان لە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی بەتاڵ کردۆتەوە و  گۆڕیویانە بۆ بزنسێکی ڕووت، بۆ ئەوان، ئێستا پارە ستراتیژ و نیشتمان و پرۆسەی نیشتمانسازیش لە ئامرازێک بۆ گەیشتن بەم ستراتیژە زیادتر، هیچی دی نییە.

   ئازادی واتە ژیان، کەرامەت واتە بوونی ستراکچەری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و بێدەنگ نەبوون لە بێدادی کۆمەڵایەتی، پارە وەک چۆن بۆ ئێوە گرنگە، بۆ ئەوانیدیش هەر گرنگە، بەڵام یەکێک بەبێ کەرامەتی و  ئەویدیش بە کەرامەتەوە بەدەستی دەهێنێت، پارە و ئازادی هێندە گرنگن، لە زۆر بڕگەی مێژووییدا، نەک بوون بە بزوێنەری مێژوو، بەڵکو بوون بە دروستکەری ڕووداووی مێژووییش.

   لەم ڕۆژهەڵاتەدا، نیشتمانپەروەری و شۆڕش، جگە لە کۆکردنەوەی سامان و پارە، هیچ مانایەکی دیکەی نەماوە، ئەم چەمک و زاراوانە لە مانا جوان و ڕاستەقینەکانی خۆیان دەرکراون و، کراون بە سەرپۆشێکی ناڕەوا بۆ ڕەوایەتیدان بە لادان و دەرچوون لە هەر پرەنسیپ و بەهایەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی. سیاسییەک، خێزانێکی سیاسی و حیزبێکی سیاسی، خۆی لە ڕێی کۆنتڕۆڵی سەرچاوەکانی پارە و داهاتەوە بۆ کەرامەت بگەڕێت، بێ کەرامەتییەکی یەکجار گەورەیە خەڵک بخەیتە بەردەم بژاردەی دووانەی پارە و کەرامەتەوە، چونکە کەرامەتی سیاسی تەنها ئەوکاتە بوونی دەبێت، کە پرەنسیپەکانی دیموکراسی، مافی یەکسانی ژیان و هاوڵاتیبوون ڕێزلێگیراو بێت. ئەو کاتەی بە گیرفان و ئەکاونتی بانکی پڕ و بزنسی زەبەلاحەوە، وەک مورشیدێکی باڵای دینی، وانەی کەرامەت و کوردایەتی بە گەنجێکی گیرفان بەتاڵ دەڵێیتەوە، جگە لەو مرۆڤانەی بوون و پێکهاتی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیان هەڵوەشێنراوە، جگە لەوانەی بێ کەرامەتی، کەرامەتی بیربردوونەتەوە، کێی تر دەتوانێت سەری ڕەزامەندیتان بۆ بلەقێنێ و بە چەپڵەکانیان ستەیگی ئۆرکێسترای گەندەڵی پڕ جۆشتر و حەماسی گەورەتر بکات.

ئێستا دەتوانن پێمانبڵێن: پارە گرنگە یان کەرامەت، کێ پارەی هەڵبژاردووە و کێش کەرامەت.

سامان یاسین

بەپەلە