دیدارى تایبهتى شارپرێس:
بهرپرسێكى باڵاى قهندیل نوێ لهبارهى پرۆسهى ئاشتى لهنێوان كوردو حكومهتى توركیا ئاشكرادهكاتو ڕاشیدهگهیهنێت، تائێستا پرۆسهى ئاشتى دهستى پێنهكردوه، دهشڵێت:"پەکەکە خۆی هەڵوشاندەوەو کۆتایی بەخەباتی چەکداری هێنا، بەڵام ئەمە تەنها بڕیاری پەکەکەیە، بڕیاری هەموو کەسێک نییە".
زاگرۆس هیوا وتهبێژى كۆما جڤاكێن كوردستان (كهجهكه) لهدیدارێكى تایبهتى شارپرێسدا ڕایدهگهیهنێت، "ئهو بڕیارهى دراوه تهنها پهكهكهیه، بڕیاری هەموو کەسێک نییە، لایەنەکانی دیكه بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە، ڕەنگە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هەندێک هێزو لایەن بیانەوێت هێرشبکەن، ئەوکاتە تێکۆشانی بزوتنەوەی ئاپۆچیو ئەو شێوازە نوێیانەی ڕێکخستن بۆ پاراستنی خۆی، تەگبیرو ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر".
ئهو بهرپرسه باڵایهى قهندیل وهڵامى ئهو ڕهخنانهش دهداتهوه كه لهبڕیارى كۆتاییهاتنى خهباتى چهكداریى پهكهكه دهگیرێنو دهڵێت:"ئەگەر کەسانێک پێیانوایە کە ئەمە هەڵەیەو پێویستە خەباتی چەکدارییو شەڕ بەردەوام بکات، با بفەرمون، خۆ ئۆپەراسیۆنی تورکیا هێشتا هەر بەردەوامەو شەڕ هەیە، وەرن بەشداریی شەڕ ببن، ئەگەریش بەئێمە قایل نیینو دەڵێن ئیلا ئێمە خۆمان شەڕدەکەین، کەس رێگەی لێیان نەگرتوە، ئەوەتا زیاتر لە40 ملیۆن گەلی کورد هەیە، با 40 کەس لەناو ئەم 40 ملیۆنه کۆبکەنەوەو بۆ ماوەی 40 ڕۆژ لەدژی تورکیا شەڕبکەن".
سهبارهت بهچۆڵكردنى قهندیلیش لهلایهن پهكهكهوه، زاگرۆس ڕایگهیاند، "تائێستا باسی شتێک نەکراوە بەناوی چۆڵکردنی قەندیل، چونکە پرۆسەکە هێشتا هەر تاکلایەنەیەو لایەنی کوردو پەکەکە سێ هەنگاوی بەرەو پێشەوە ناو بۆ سەلماندنی نیازپاکی خۆی.
گومانى قهندیلی نهشاردهوه لهمردنى سرى سورهیا ئۆندهر پهرلهمانتارى دهم پارتىو ئهندامى وهفدى ئیمراڵى، ئهو ڕێكهوتێكى ئاشكراكردو وتى:"بەر لە32 ساڵ کاتێک ئاپۆ دەستی بەهەوڵدانێکی لەمشێوەیە کرد تۆرگوت ئۆزالی سەرۆک کۆماری تورکیا لەناوبرا، ئەمساڵیش شەهید سڕی سورەیا ئۆندەر بەشێوەیەکی زۆر گوماناوی گیانی لەدەستدا، زۆر سەرنجڕاکێشە کە لەهەمان مانگو هەمان ڕۆژدا ههردوكیان گیانیان لەدەستدا، ئۆندهر لە16ى نیسانو ئۆزالیش لە17ى نیسان".
ئهوهشى ئاشكراكرد، "ئاپۆ لەهەموو چاوپێکەوتنەکاندا هۆشداریی بەسڕی سورەیا ئۆندهر داوهو کە "ئاگاداری خۆت بە، ڕەنگە تیرۆرت بکەن، وریا بە"، ئهوكاتیش ههمان قسهى بهتورگوت ئۆزال سهرۆكى توركیا وتبوو".
لهبارهى ئهو دهنگۆیانهش كه باس لهوهدهكهن، بهرپرسه باڵاكانى پهكهكه بگوازرێنهوه بۆ وڵاتى سێیهم لهئهگهرى بهرهو پێشهوهچونى پرۆسهى ئاشتى، زاگرۆس هیوا بهتوندى ڕهخنهى لهو لێدوانانه گرتو وتى:"مەگەر دەیانەوێت ناوی ئاشتی لەم پرۆسەیە بنێن یان کۆچی زۆرەملێ؟ ڕۆیشتن بۆچى بۆ وڵاتی سێیەم".
هۆشداریى ئهوهشیدا، "پێویستە هەلومەرجی ڕێبەر ئاپۆ لەباربێت، واتا دەرفەتی کاری ئازادانەی هەبێت کە لەکەشێکی تەندروستو پارێزراودا ئەم قۆناغە ڕێبەرایەتی بکات، هەر گەریلایەک لەپێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا چەکی كردوهته شان، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێتو نەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی قۆناغی ئاشتی بکات، کەس ناتوانێت گەریلا قەناعەت پێبکات".
ئهوهشى ڕونكردهوه، "تائێستا هیچ وڵاتو لایهنێكى سێیهم بهشداریىو دهستوهردانى لهپرۆسهى ئاشتىو ئهوه ههیه نهكردوه، پرۆسەکە تائێستا دوو لایەنەیە، بەڵام ئەمجارە جیاوازە، ئەمجارە گفتوگۆ ڕاستەوخۆ لەئیمراڵییەوە دەستیپێکرد، کەس نەکەوتە نێوانهوه".
لهبارهى دهستهواژهى ئاشبهتاڵو تهسلیمبونیشهوه بهرپرسهكهى قهندیل ڕایگهیاند، "ئیدی پەکەکە تەمەنی خۆی تەواوکردوەو ناوی خۆی بەتیپی زێڕین لەمێژودا تۆمارکردوە، کاتی ئەوەیه بەپشتبەستن بەنرخو پیرۆزییەکانی پەکەکە بەتەواوی ماڵئاوایی لەقۆناغی 47 ساڵە بکرێت، ئهوهشى ڕویداوه کۆتاییهاتنی قۆناغێکو دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە، نە تەسلیمبونەو نە ئاشبەتاڵ، بهڵكو سوربونە لەسەر ڕێپێوانی ئازادیی بەشێوازی نوێ".
دهقى دیدارهكهى زاگرۆس هیوا لهگهڵ شارپرێس:
شارپرێس: ئەمەی کە لەکۆنگرەی 12 ڕویداوە ناوی دەنێن چی؟ چەکدانانو کۆتاییهێنان بەو فۆڕمە خەباتەی ماوەی زیاتر لە47 ساڵ پەیڕەوتانکردوەو گۆڕینی بەجۆرێکی تری خەبات، یان گۆڕینی تاکتیکی خەبات، یان ئەوەی کە پێیدەوترێت چۆڵکردنی گۆڕەپانو ئاشبەتاڵ؟
زاگرۆس هیوا: ئەوەی لەکۆنگرەی 12 ڕویدا کۆتاییهێنانە بەستراتیژێکی خەباتو تێکۆشانو پەسەندکردنی شێوازو ستراتیژێکی نوێ، ئەوەی لەکۆنگرەی 12 ڕویدا کۆتاییهێنانە بەسەردەمێکی تێکۆشانو دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، ئەوەی لەکۆنگرەی 12 ڕویدا گۆڕانکاریی بنچینەیی بوو لەپارادایمو سیاسەتو تاکتیک، ئەوەی کۆتایی پێهات شێوازێکی خەبات بوو کە کاریگەرییەکانی سەردەمی شەڕی ساردو سۆسیالیزمی ئاراییو دەوڵەت ـ نەتەوەی پێوە دیاربوو، ئەوەی کە دەستیپێکرد تێکۆشانی سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتییە بەشێوازی نوێو ئامرازی نوێ.
کۆنگرەی 12 خاڵی کۆتایی لێگەڕینێکی 32 ساڵەیە بۆ چارەسەری دیموکراتییانەی کێشەی کورد، ئەم لێگەڕینە لەساڵی 1993 بەدیالۆگی نێوان ڕێبەر ئاپۆو تورگوت ئۆزالی سەرۆک کۆماری تورکیا بەنێوەندگیری خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی دەستیپێکرد، لەساڵی 1993دا ڕێبەر ئاپۆ گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە ئیدی سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتایی پێهاتوە، چونکە خەباتی چەکداریی ئارمانجی خۆی پێکابوو، سیاسەتی نکۆڵیکردن لەکوردی هەڵوەشاندەوە، وایکردبوو کە "کەنعان ئەڤرەن" کە ئینقلابی 1980ی کرد بەکوردی قسە بکات، تورگوت ئۆزاڵو سولەیمان دەمیرل بڵێن " دان بەهەبونی کورددا دەنێین"، ئەمانە هەموو پێشتر دەیانوت "تورکی شاخاوی"و "ناوی کورد لەدەنگی کارت ـ کورتی کاتی ڕێپێوانی سەر بەفرەوە هاتووە".
لەو سەردەمەدا ڕێبەر ئاپۆ پەرتوکێکی نوسیو وتی:"ژیانەوە سەرکەوت، ئیدی کاتی ڕزگارییە"، ئیدی پێویستبوو ئەو میراتی تێکۆشانی 15 ساڵەی پەکەکە بکەوێتە خزمەت خەباتی ئاشتیخوازانەو سیاسیو دیموکراتییەوە لەپێناو ئازادیدا، بەڵام هەم لەئاستی نێودەوڵەتی، هەم لەناوخۆی تورکیاو هەم لەناو پەکەکەشدا هەندێک هێزو کەسایەتى (شەمدین ساکیک) بەگەلەکۆمەیەک ئەم پرۆسەیەیان تێکدا، چونکە ئەوان بەرژەوەندییان لەسەر شەڕو توندوتیژی داڕشتبوو.
لەئەنجامدا تۆرگوت ئۆزال دەرمانخوارد کراو ئەشرەف بهتلیسی سەرۆک ئەرکانی سوپا و هەموو ئەو کادیرانەی دەوڵەت کە لایەنگری چارەسەری بون پاکتاوکرانو شەڕ جارێکی دی دەستیپێکردەوە.
"دۆغان گورەش"ی سەرۆک ئەرکانی نوێ چوە بەریتانیاو لەگەڕانەوەدا وتی کە "گڵۆپی سەوزیان بۆمان هەڵکردوە بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە"، ئهوهبوو ئەنفالێک لەباکور ڕویدا، چوار ههزارو 500 گوند خاپور کرانو چوار ملیۆن کەس ئاوارەو دەربەدەربون بۆ ئەوروپاو شارە گەورەکانی تورکیا، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ هەر کۆڵینەداو لەپێناو ئاشتیدا لەساڵی 1995دا بۆ جاری دوەم ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئەم ئاگربەستەش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تێکدراو شەڕ جارێکى دی دەستیپێکردەوە.
پاش ئەمە لەتورکیا حکومەتی "نەجمەدین ئەربەکان" هاتەسەر دەسەڵاتو لەنێوان ڕێبەر ئاپۆو کاربەدەستانی حکومەتەکەی ئەربەکاندا ئاڵۆگۆڕی نامە کراو کار هاتەسەر ئەوەی کە پەکەکە ئاگربەست ڕابگەیەنێتو حکومەتی ئەربەکانیش لەسەر ئەم بنەمایە گۆڕانکاریی یاساییو دیموکراتی بکات، بەڵام ئەو لایەنانەی ناو دەوڵەتی قوڵی تورکیا کە چارەسەرییان نەدەویست، ئینقلابیان بەسەر حکومەتەکەی ئەربەکاندا کرد.
لە28ى شوباتی 1997، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ڕێککەوتنی دۆڵمەباخچەی لە28ى شوباتى 2015و بانگەوازی ئاشتیو کۆمەڵگهی دیموکراتی لە27ى شوباتى 2025دا ڕاگەیاند، ئەمه وەک ڕێزو پێزانینێکە بۆ ئەو هەوڵدانانەی کە لەکاتی حکومەتەکی ئەربەکاندا بۆ ئاشتی ئەنجامدرانو هەروەها وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ کودەتاچییەکان.
لەساڵی 1998 ڕێبەر ئاپۆ لەڕۆژی جیهانی ئاشتیدا (یەکی ئەیلول) جارێکی دی ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام ئەم ئاگربەستەش بەپیلانگێڕی نێودەوڵەتی وەڵامدرایەوە، بۆ وەبیرهێنانەوەی دەتوانم ئاماژە بەدوو وتنی ئاپۆ لەوکاتەدا بکەم، ساڵێک بەرلەوەی بەبارمتە بگیردرێت، ئاپۆ زنجیره وتارێکی پێشکەشکرد لەژێر ناوی "لەموخاتەبێک دەگەڕێم"و تەنانەت وتی کە "پەکەکە ئیدی سەردەمی خۆی تەواوکردوەو من ئیستیقالە لەپەکەکە دەدەم"، ئەگەر ئاپۆ لەسەردەمی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیدا ڕوی کردە ئەورپا ئەمە ئەنجامی ئەم لێگەڕینەبوو، لێگەڕین لەموخاتەبێک، لەهێزێک کە بتوانرێت کێشەکەی لەگەڵدا چێرەسەربکرێت.
ئەگینا ئاپۆ دەیتوانی بێت بۆ شاخ، بەڵام بەوتەی خۆی ئەگەر هاتبا شاخ، کێشەی کورد تەنها دەکەوتە ڕەهەندی سەربازییو توندوتیژییەوهو لەمەدا قەتیس دەمایەوە، هەربۆیە نەهات بۆ چیاکانی کوردستان، واتە، چون بۆ ئەوروپاش پێداگریی ئاپوو بوو بۆ بەدیهێنانی چارەسەری سیاسیو دیموکراتی.
ڕێبەر ئاپۆ کێشەو ئێشو ئازاری گەلەکەی گرتەسەر شانو بردی بۆ لای ئەو هێزانەی کە دروستیانکردبوو، بۆ لای خاوەنەکانی پەیمانی لۆزان، بەڵام ئەوان جارێک بڕیاری جینۆسایدی کوردیان دابوو، هەربۆیە ئاپۆیان بەگەلەکۆمەیەک کە نمونەی لەمێژودا نییە، ڕفاندو ڕادەستی دەوڵەتی تورکیایان کرد، ئامانجیان ئەوەبوو شەڕی کوردو تورکو خوێنڕشتن بەردەوامبێت، بەڵام ئاپۆ لەبەرئەوەی بڕوای تەواوی بەچارەسەری سیاسیو دیموکراتی هەبوو، لەزیندانیش هەر لەسەر چارەسەری پێداگریکرد.
هەربۆیە بانگەوازی بۆ گەریلا کرد کە پاشەکشە بکەن لەباکوری کوردستانو داوایکرد گروپێکی گەریلا وەکو نیازپاکی بۆ ئاشتی بەچەکەکانیانەوە خۆیان ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا بکەن، هەروەها لەئەوروپاشەوە گروپێکی کادیری پەکەکە گەڕانەوە تورکیا، دەوڵەتی قوڵ یان دەوڵەتی سێبەر لەتورکیا لەبەرئەوەی کە چارەسەری نەدەویست ئەم گروپە هەڤاڵانەی خستە زیندانەوە، تەنانەت چەند هەڤاڵیک لەوانە لەزینداندا بەئەشکەنجەو نەخۆشی شەهیدبون.
ڕێبەر ئاپۆ ئەمجارە لەزیندانەوە لەگەل حکومەتەکەی "ئەجەویت" کەوتە گفتوگۆ بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ گۆڕانکارییو بەدیهێنانی ئاشتیو چارەسەری، ئهوهبوو له4ى نیسانى 2002دا پەکەکەی هەڵوەشاندەوەو لەجیاتی ئەو KADEK دامەزرێنرا، پاشان KADEKیش خۆی هەڵوەشاندەوەو بوو بە"کۆنگرەی گەل"، بەڵام دەوڵەت باخچەلی کە ئەوکاتە نوێنەرایەتی دەوڵەتی قوڵی دەکردو هاوبەشی حکومەتەکەی "بولەنت ئەجەویت" بوو، بۆ ئەوەی حکومەتەکەی ئەجەویت بڕوخێت، لەحکومەت کشایەوەو مەجبور هەڵبژاردن کراو بەمشێوەیە ڕێگەی لەبەردەم هاتنەسەر کاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغانو ئاکەپە کردەوەو تائێستاش بەنهێنیو بەئاشکرا پشتیوانو هاوپەیمانی حکومەتەکەی ئەردۆغانە، بەشەرتێک کە دژایەتی کورد بکاتو بەس.
کاتێک کە ئەردۆغان هاتەسەر دەسەڵات، هەموو ئەو ئامادەکارییە یاساییانەی کە بۆڵنت ئەجەویت بۆ چارەسەری کردبوی هەڵیوەشاندەوەو لەساڵی 2004دا جارێکى دی شەڕ دەستیپێکردەوە، هەربۆیە پەکەکەش بەناچارى شەڕی خۆپاراستنی کردو لە4ى نیسانی 2005دا جارێکی دی خۆی ڕێکخستەوە، واتە بۆ سێ ساڵ ڕێکخستنێک بەناو پەکەکەوه بونى نەبوو، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بزوتنەوەی ئاپۆیی ناچارکرد کە پەکەکە سەرلەنوێو لەسەر بەرنامەو پرۆگرامێکی نوێ دابمەزرێنێتەوە.
لەساڵی 2005، لەسەر ڕاسپاردەی ئاپۆو لەوەڵامێکدا بۆ وتەی ئەردۆغان کە وتبوی "کێشەیەک بەناوی کێشەی کورد هەیه"، پەکەکە جارێکى دی ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا هەر سوربوو لەسەر شەڕو ئۆپەراسیۆن، ئهوهبوو لەیەکی ئۆکتۆبەری ساڵی 2006 لەسەر ڕاسپاردەی ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە جارێکى دیكه ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام پاش چەند مانگێک ئەم هەوڵدانە بەدەرمانخواردکردنی ڕێبەر ئاپۆ لەزیندان، وەڵامدرایەوەو شەڕ هەر ڕانەوەستا.
هەربۆیە لەناو پەکەکەدا گروپێک هەڤاڵی فیدایی بۆ پاراستنی گیانی ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان لەژێر ناوی "هەڵۆکانی ئازادی کوردستان" ڕێکخستو دەستیان بەچالاکی گیانبازی کرد لەدژی ئارمانجە ستراتیژەکانی دەوڵەتی تورکیا، (دوو لەم هەڤاڵانە لەساڵی پار لەدژی گەورەترین ناوەندی پیشەسازیی سەربازیی تورکیا چالاکی گیانبازییان ئەنجامدا)، ئەم شەڕە بەردەوامبوو تاساڵی 2010 کە ڕێبەر ئاپۆ جارێکى دی ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا لە 2011 جارێکی دی دەستی بەهێرش کردەوە، شەڕی 2011و 2012 بۆ تورکیای سەلماند کە ناتوانێت پەکەکە شکست پێبهێنێت، هەربۆیە ڕۆیشتنە لای ڕێبەر ئاپۆو داوای ئاگربەستیان کرد، لەساڵی 2013، ڕێبەر ئاپۆش پەیامی مێژویی نەورۆزی 2013ی ڕاگەیاند، سوپای تورکیاو دەوڵەتی قوڵ ئەمجارە بەڕواڵەت پابەندی ئاگربەستەکە بون، بەڵام بەدوو شێوە لەدژی گەلی کورد کەوتنە هێرشەوە، یەکەمیان، داعشیان ڕێکخستو هێرشی ڕۆژئاواو باشورو باکوری کوردستانیان کرد، دوەم، لەساڵی 2014دا پلانێکی تۆکمەیان داڕشت بەناوی çöktürme planı یان "پلانی چۆک پێدادان، هێنانە سەر چۆک"و لە24ى تەمموزی ساڵی 2015 دەستیان بەفراوانترینو قورسترین هێرش کرد کە لەمێژوی ململانی نێوان پەکەکەو تورکیادا نمونەی نەبوە.
لەیەککاتدا هێرشیانکردەسەر باشور، ڕۆژئاواو باکور، وێڕای ئەوەی کە پەکەکە لە 10ی ئۆکئۆبەری 2015و 10ی شوباتی 2023 دوو جاری دی ئاگربەستی تاکە لایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام بەکۆمەڵکوژی ئهنکهرا وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی 2015یان دایەوەو بەچەکی کیمیایی لەزاپو مەتینادا وڵامی ئاگربەستەکەی 2023یان دایەوە.
ئەم شەڕەو ئەم هێرشە کیمیاییانە تائێستاش بەردەوامن، هەروەها گۆشەگیرییەکی زۆر دژواریان خستەسەر ڕێبەر ئاپۆ لەئیمراڵی، بەشێوەیەک کە کەس هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە نەزانێت، 10 ساڵە بەبێ هیچ ناوبڕێک تورکیا هێرشدەکاتو ڕێبەر ئاپۆو پەکەکەش خۆڕاگریی دەکەن.
شارپرێس: چی بوو بەهۆکار کە ئاگربەستی 2025 ڕابگەیهنرێتو پەکەکە ئامادەی خۆهەڵوەشاندنەوە بێت؟
زاگرۆس هیوا: چەند هۆکارێك هەن لهوانه:
1ـ تورکیا لەڕێگهی جێبەجێکردنی çöktürme planıیەوە بەوەگەڕخستنی هەموو ئیمکانیاتی خۆی دەیەویست بەبێ هەبونی کورد تەمەنی 100 ساڵەی کۆمار پیرۆز بکاتو بەبێ کورد تێپەڕ ببێت بۆ 100 ساڵی دوەمی کۆمار، بەڵام خۆڕاگریی پەکەکەو گەلی کورد ئەم پلانەی شکست پێهێنا، ئێستا ئەردۆغان باسی تێچوی دوو ترلیۆن دۆلاری ئەم شەڕە دەکات کە لەڕاستیدا پێنج ترلیۆن دۆلارە، ناوێرێت دانی پێیابنێت.
2ـ لەجیهانو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر گەشەسەندنی چارەنوسساز هاتنە ئاراوە، سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەستیکردوە بەهەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت ـ نەتەوەکان، لەکەسایەتی سەدام حوسێنو بەشار ئەسەددا دەوڵەت نەتەوەی عەرەب هەڵوەشێنرایەوە، ئێستا سەرە هاتوەتهسەر دەوڵەت ـ نەتەوەی فارسو تورک، حەماسو حزبوڵڵا گورزی جەرگبڕیان بەرکەوتو نەخشەی سیاسیو سەربازیی هەرێمەکە گۆڕدرا.
واتە ئێستا لەسەردەمێکدا دەژین کە لەسەردەمی پەیمانی سایکس پیکۆو پەیمانی لۆزانی سەرەتاکانی سەدەی 20 دەچێت، شەڕی جیهانی سێهەم لەئارادایەو نەخشەی هەرێمەکە سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، تورکیا بەرهەمی هاوسەنگییەکانی شەڕی جیهانی یەکەمو سەدەی بیستەمە، بەڵام ئیدی هاوسەنگییەکانی شەڕی جیهانی یەکەمو سەدەی بیستەم کۆتاییان پێهات.
لەو سەردەمەدا، تورکیا وەک هاوسەنگییەک بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت دامەزرێنراو لەم پێناوەشدا هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێشکەشکرا لەلایەن ڕۆژئاواو پاشان لەلایەن ناتۆوە، دوەم، تورکیا وەک هێزێک بۆ پاراستنی ئیسرائیل لەبەرامبەر هێرشی دەوڵەتە عەرەبەکان ڕۆڵی پێدرا، بەڵام ئیدی نە سۆڤیەت ماوەو نە ئیسرائیلیش هەست بەمەترسی دەکات لەلایەن عەرەبەوە، ئەوەتا ئیسرائیل لەچوارچێوەی پەیمانی ئیبراهیمیدا لەگەڵ عەرەب ڕێکدەکەوێتو لەگەڵ ئەمریکا نەخشەی هەرێمەکە دادەڕێژێتەوە، سێیەم، شەڕە جیهانییەکان لەسەر ڕێڕەوی وزە دەردەکەون.
شەڕی جیهانی یەکەم لەسەر ڕێڕەوەی بەرلین ـ بەغدا بوو، شەڕی جیهانی سێهەمیش لەسەر ڕێڕەوی هیندستان ئەوروپایە، ئەم شەڕەی غەززەو لوبنانو سوریاو یەمەنو کێشەی ئەمریکاو ئێران بۆ دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەنە بۆ ئەو ڕێڕەوە.
تورکیا تائێستا لەدەرەوی ڕێڕەوی بازرگانی İMEC (هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەوروپا) هێڵدراوەتەوەو لەم چوارچێوەیەشدا نزیکە قوبرسی باکوری لەدەست دەربچێت.
تورکیا لەرزی ئەوەی لێنیشت کە لەناو ئەم هاوکێشە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیدی نەتوانێت وەک جاران لەدژی کوردو پەکەکە هاوکاریی لەئەمریکاو ئەورپاو دەوڵەتەکانی هەرێمەکەوە وەربگرێتو تەنانەت ترسی ئەوەی کەوتە دڵ کە هێزە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکان لەدژی تورکیا هاوکاری کوردو پەکەکە بکەن، پارادیمی 100 ساڵەی تورکیا ئیدی تێری ئەوەی نەکرد هەم بەرگەی شەڕی جیهانی سێهەم بگرێو هەم بەرگەی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد بگرێت، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە ئیدی ناتوانن بەردەوامی بەنکۆڵیکردن لەکورد بدەن، دەوڵەت باخچەلیو باڵێک لەناو دەوڵەتی قوڵ هەستیان بەم مەترسییە کرد، باسی کێشەیە "بەقا"یان کرد بۆ تورکیاو لەسەر ئەم بنەمایەش بانگەوازییان بۆ ڕێبەر ئاپۆ کردو لە23ى ئۆکتۆبەردا عومەر ئۆجەلانیان ناردە لای ڕێبەر ئاپۆ.
ئەم بانگەوازییە نیشانەی ئەوەنییە کە زیهنییەتو سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا گۆڕاوە، بەڵکو لێگەڕینو هەنگاوێکی تاکیتکییە بۆ ئەوەی کە ئەم قەیرانە ستراتیژییە تێپەڕ بکەن، ڕەنگە ئەگەر لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیلو ئەوروپا لەسەر بەرژەوەندییەکانیان ڕێکبکەون، لەبانگەوازیەکەیان پاشگەز ببنەوە، لەگەڵ ئەمریکاو ئەوروپاو بەریتانیاو ڕوسیاو ئیسرائیل لەپەیوەندیدان.
ئەگەر دەرچەیەیکی هیوا ببینین بۆ خۆ ڕزگارکردن لەو دۆخەی کە تێدانە، هەوڵدەدەن کە پشت لەم پرۆسەیە بکەن، بەڵام ئەمە زۆر زەحمەت دەبێت، هیچیەک لەمانە ناتوانن تورکیا ڕزگاربکەن، ئەو تورکیایەی کە پارادایمی دژە ـ کوردی خۆی نەگۆڕێت، یان لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتی دەکەوێتە شەڕەوە، یان ئەوەتا خۆی بەتەواوی ڕادەستی ئەو سیستەمە دەکات کە بەپێشەنگایەتی ئیسرائیل لەڕۆژهەڵاتی ناویندا دادەمەزرێت.
ئەگەر دەیەوێت نە شەڕ بکاتو نە تەسلیمیش بێت، تەنها ڕێگهیەکی لەبەردەمدا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ دایناوە: گۆڕانی پارادایم سەبارەت بەکێشەی کورد، کۆماری دیموکراتیو کۆمەڵگهی دیموکراتی.
ڕێبەر ئاپۆش بۆ بەئەنجامگەیاندنی لێگەڕینی 32 ساڵەی خۆی بۆ ئاشتیو چارەسەری دیموکراتی ئەمە هەلەی قۆستەوە، بەبانگەوازیکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەڵامی دەوڵەت باخچەلی دایەوە، چونکە بۆ جاری یەکەم موخاتەبێک دەرکەوتبوو بەناوی دەوڵەت باخچەلی، ڕەنگە هەنگاوەکەی دەوڵەت باخچەلی تاکتیکی بێت، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ کە زەمینە سیاسییەکەی لەبار بینی، بەهەنگاوێکی ستراتیژی وەڵامی ئەم بانگەوازییەی دەوڵەت باخچەلی دایەوە.
ناتوانین بەشێوەیەکی ئاشکرا بڵیین کە تورکیا بەتەواوی پارادایمێکی نوێى بۆ خۆی هەڵبژاردوە، بەڵام بۆ هەموو کەسێک ئاشکرایە کە پارادیمی کۆن، دۆخەکەی گەیاندە ئێستاو چەقبەستبونی ئافراند، دۆستی کورد هەیە لەناو تورکدا کە ئەم قەناعەتەیان هەیە، شەهید سڕی سورەیا ئۆندەر سیمبولی ئەم دۆستانەیە.
لەناو دەسەڵاتدا، هەندێک کەس هەن کە دەڵێین "با بەشێوەیەک چارەسەری بکەین، با تۆزێک دان بەهەبونی کورددا بنێین"، لەجەهەپەو مەهەپەدا ئاماژەکانی گۆڕانکاریی لەپارادیمدا تاڕادەیەک بەرچاو دەکەون، بەڵام لەئاکەپەو ئەردۆغاندا ئەمانە کەمن، ئاکەپە هێشتا بەپارادیمی کۆن قسە دەکات، هێشتا نەیانوێراوە کە ناوێک لەپرۆسەکە بنێین.
ئەمەی هەنگاوەی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامیدا گۆڕانکارییەکی بنچینەییو ستراتیژییە، تاکتیکی نییە، گەڕانەوە بۆ دواوەی نییە، کۆتاییهاتنی قۆناغێکو دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە، نە تەسلیمبونەو نە ئاشبەتاڵ، بهڵكو سوربونە لەسەر ڕێپێوانی ئازادیی بەشێوازی نوێ.
پەکەکە ئەرکی مێژویی خۆی پێکهێناو گەلی کوردی لەو گۆڕەی کە بۆیان هەڵکەندبوو دەرهێناو وەک دینامیکترین هێزی دیموکراتی خستیەسەر شاشەی مێژوو، خەباتو تێکۆشانی پەکەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی لەسەر پەرەسەندنو دەسکەوتەکانی هەر چوار بەشی کوردستان داناو وزەیەکی مەزنی سیاسیو کۆمەڵایەتیو کلتوریی هێنایە ئاراوە.
ئیدی پەکەکە تەمەنی خۆی تەواوکردوەو ناوی خۆی بەتیپی زێڕین لەمێژودا تۆمارکردوە، کاتی ئەوەیه بەپشتبەستن بەنرخو پیرۆزییەکانی پەکەکە بەتەواوی ماڵئاوایی لەقۆناغی 47 ساڵە بکرێت، چونکە ئیدی سۆسیالیزمی ئارایی نەماوەو پێویستیو دەرفەت هەیە بۆ بونیادنانی سۆسیالیزمێکی نوێ کە ڕێبەر ئاپۆ وەک سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتی پێناسەی دەکاتو ئەمەش سۆسیالیزمی دەوڵەتو دەسەڵات نییە، بەڵکو سۆسیالیزمی کۆمەڵایەتییە، سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتیش بەدامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەو لەم پێناوەشدا دەستبردن بۆ چەکو توندوتیژی پێکنایەت، سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتی بەسیاسەتی دیموکراتی، ئازادیخوازانەو ئاشتییانە دێتە ئاراوە.
سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتی واز لەشێوازی تێکۆشانی چەکداریی دەهێنێت، چونکە سەرچاوەی تێکۆشانی چەکداریی ئەنجامی پارادایمی دەوڵەت-نەتەوە بوو، بەکردەوەش سەلمێنراوە کە دەوڵەت-نەتەوەش ئازادیو دیموکراسی لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت.
ئەگەر دەوڵەت بەدەم ئەم هەنگاوانەی پەکەکەوە بێت، قۆناغێکی نوێى تێکۆشان دەستپێدەکات، ئەم قۆناغە پێویستی بەڕەنجو ماندوبونو کارو خەباتێکی زیاتر هەیە.
ڕاگەیەندراوی کۆنگرەی 12ی پەکەکە، بەزمانی تورکی لە1080 وشە پێکدێتو بەزمانی کوردی شێوەزاری سۆرانیش ئەمە دەکاتە ههزارو 300 وشه، ئەم زیاتر لەهەزار وشەو دەستەواژەیە هەریەکەو ئاماژە بەخاڵێکی گرنگ دەکاتو ئەرکی قۆناغ دەستنیشاندەکات، هەر وشەیەکیش ئەرکێک دەخاتەسەر شانت کە پێکی بهێنی، بەڵام بەداخەوە، خەڵکانێک هەن کە دەستیان لەههزارو 78 وشەی دی بەرداوە، هیچ باسیناکەنو تەنها تەرکیز دەکەنەسەر دوو وشە کە ئەویش خۆهەڵوەشاندنەوەو چەک بەردانەو دایم ئەمە دەخەنه ڕۆژەڤەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو وشەو ڕِستەکان وەک یەک گرنگنو ڕِێنمایی قۆناغی داهاتون.
شارپرێس: ئێوە ئاماژەتان بەبانگەوازییەکەی دەوڵەت باخچەلی کرد؟ بۆ فاکتەری دەوڵەت باخچەلی هێندە گرنگ دەبینن؟
زاگرۆس هیوا: لەوکاتەوە کە پەکەکە دامەزرێنراو دەستی بەخەباتو تێکۆشان کردوە، چەندین حکومەتو سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیر هاتنەسەر دەسەڵات، لەدژی پەکەکە شەڕیان کردو ڕۆیشتن، یان بەهەڵبژاردن، یان لەبەر هەر هۆکارێکی دی، واتە، ئەمانە شەڕی خۆیانیان لە گەڵ پەکەکە نەبردەسەر، لەیەکێک لەوێستگەکاندا لەم قیتارە دابەزین، بەڵام هێزێک هەبوو کە هەر لەسەرەتاوە، لەشەڕی دژی پەکەکەو کورد لەمەیداندا بوو، ڕەنگە زۆر دیارنەبوبێ، بەڵام چ لەپەرلەمانو حکومەت بوبێت یان نا، هەمیشە زەختی لەدەسەڵات دەکردو هانی دهدان کە بەدژوارترین شێوە هێرشبکەنەسەر کوردو پەکەکە.
ئەم هێزەش، مەهەپەو دەوڵەت باخچەلییە، زۆرجار لەهاوکێشە بیرکارییەکاندا ژمارەیەکی نەگۆڕ (constant) هەیە، هەموو شتێک دەگۆڕدرێت، ئەو ژمارەیە ناگۆڕدرێت، مەهەپەو دەوڵەت باخچەلیش ژمارەی نەگۆڕی هاوکێشە سیاسیەکانی تورکیا بون، چ لەڕواڵەتداو چ شاراوە، کۆڵەکهی سەرەکی هەموو حکومەتەکان بون، هۆکاری سەرەکی بەشداریی مەهەپەو دەوڵەت باخچەلی ئەوەبوە کە لەوە بەتەواوی دڵنیابێت حکومەتو دەسەڵاته یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا لەڕێبازی نکۆڵیکردنو جینۆسایدی کورد لانەدەن، لەم بەشدارییو هاوپهیمانییەدا، دەوڵەت باخچەلی بەدوای بەرژەوەندیی تاکە کەسیو حزبی نەکەوتوە، بۆی گرنگ نەبوە، چەندە دەنگ دێنێت، چەند وەزیری بەردەکەوێت، ئەوەی لای ئەو گرنگ بوە ئەوەبوە کە دوژمنایەتی کورد بەردەوامبێت.
بۆ نمونە، تاکە هۆکارێک کە دەوڵەت باخچەلی لەپاش قۆناغی 2015 بوو بەهاوپەیمانی ئەردۆغانو پاشان هاوپەیمانی کۆماری لەگەڵ ئاکەپە دامەزراند ئەوەبوو، ئەردۆغان لەشەڕی دژی کورد بەردەوامبێت، باخچەلی بەبێ هیچ شەرتو مەرجێک کەوتە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەردۆغان، داوای تاکە پۆستێک یان تاکە وەزارەتێکی لەئەردۆغان نەکرد، تەنها داوای دوژمنایەتی گەلی کوردی لێکرد.
کەواتە، ئەوەی کە تائێستا بەدرێژایی 50 ساڵ، بەردەوام لەدژی گەلی کوردو پەکەکە لەناو شەڕدا بوەو چۆنایەتیو چەندایەتیو گەوهەرو هەموو زۆرو زەحمەتییەکانی ئەم شەڕە دەزانێت، مەهەپەو دەوڵەت باخچەلی بوە، پێشتر هەر هەنگاوێک کە لەلایەن حکومەتەکانەوە بۆ ئاشتی دەنرا، دەوڵەت باخچەلی تێکیدەدا، بەڵام ساڵی 2024 گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی ڕویداو ئەوکەسەی کە تاسەر ئێسقان دژی کورد بوو، باسی ئاشتیو برایەتی کوردو تورکی کرد.
شارپرێس: هۆکارى ئهمه چى بوو بهبڕواى ئێوه؟
زاگرۆس هیوا: دەوڵەت باخچەلی ئەو ڕاستییەی بینی کە هەبونی تورکو دەوڵەتی تورکیا لەمەترسیدایە، تورکیا ئەو قورساییەی پێشوی نەماوە، لەناوخۆو دەرەوە توشی قەیران بوە، ئەو هەموو سەرمایە ئابوری، سیاسیو دیپلۆماسییەی کە لەدژی کورد بەکاریانهێنا، ئەنجامێکی ئەووتۆی نەبوەو ئەگەر لەگەڵ کورد ئاشتی نەکات، تورکیا ڕەنگە بەرەو هەڵوەشانەوە بچێت، دەوڵەت باخچەلی ڕەنگە تاڕادەیەکی کەم خەمی دەسەڵاتو پارەو شتی وای هەبێت، بەڵام بەر لەهەموو ئەم شتانە خەمی سەرەکی ئەو تورکو تورکیایە.
ئەوکەسەی کە لەپێناو تورکچێتیو پاراستنی دەوڵەتی تورکیا 50 ساڵی بەردەوام دوژمنایەتی ئاپۆی دەکرد، ئەمجارە دەستی ئاشتی بۆ ئاپۆ درێژکرد، واتە لەکۆتاییدا ئەو موخاتەبەی کە ڕێبەر ئاپۆ ئەمە 32 ساڵە لێیدەگەڕا، بەدەرکەوت، ئەوکەسە داوای ئاشتی کرد کە لایەنی سەرەکی شەڕەکە بوو، ئەویش دەوڵەت باخچەلی بوو، ئاشتی لەگەڵ ئەوکەسە دەکرێت کە شەڕت لەگەڵ دەکات، نەک کەسی دوەمو سێهەم.
شارپرێس: سەرکردایەتی پەکەکە لەڕواڵەتدا بەدەمەوهاتنێکی بێ دودڵی بۆ پەیامەکانی ئۆجەلان هەبوو، لەپشت پەردەو لەناوخۆدا هیچ دژایەتییو نەیارییەک بۆ بڕیارەکانی کۆنگرەو پێشنیازەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەبوو؟ یان هەموو وەک یەک پێشوازیتان لێکرد؟
زاگرۆس هیوا: ڕێبەر ئاپۆ ئەمە 32 ساڵە پەکەکەو گەل بۆ قۆناغێکی وەها پەروەردەو ئامادە دەکات، بنەما هزرییو کردارییەکانی دادەڕێژێت، هەموو کادیرانى پەکەکە بڕوای تەوایان بەئاپۆ هەیە، چونکە پەکەکە بزوتنەوەیەکە کە ئاپۆ دایمەزراندوەو هەرکەسێک بەرلەوەی کە بەشداریی پەکەکە ببێت، سەرەتا بەشداریی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت، پابەندی خۆڕاگرییو شێوازی ژیانو بیرو هزری ئەوە، ئیرادەو بڕیاری ڕێبەر ئاپۆ یەکلاکەرەوەیەو هەموو کەسێک پێوهى پابەندە.
ڕەنگە لەحزبو ڕێکخراوەکانی دیكهدا ئەم شتە نەبێتو ئەندامو کادیران لەسە بنەمای بەرژەوەندییو شێوازی بیرو هزری خۆیان بەشداریی بکەن، بەڵام لەپەکەکەدا وانییە، هەموو ئەندامان، لەسەروی هەموشیانەوە ڕێبەر ئاپۆ، هیچ کەسێک بەرژەوەندی تاکەکەسیو ژیانی تاکەکەسی نییە، هەموو کەس هەموو ژیانی خۆی بۆ دۆزەکەی تەرخاندەکات، ڕێبەر ئاپۆ، شێوازێکی نوێى ژیانی لەناو پەکەکەدا پیادەکردوە، پێ دەڵێین ژیانی کۆمیناڵ، ئازادو دیموکراتی.
بەدرێژایی مێژوی پەکەکە سەبارەت بەجێبەجێکردنی پەیامو ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ کێشە هەبوە، بەڵام ئەم کێشە ئەوە نەبوە کە ئەندامو کادیران ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆیان لا پەسەند نەبێت، بەپێچەوانەوە، بەگیانو دڵ پەسەندیانکردوەو لەو پێناوەشدا لەهیچ گیانبازییەک سڵیان نەکردوهتەوە.
لەمەدا هیچ کێشەیەک نییە، ئەو کێشانەی کە ڕویانداوەو ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام ڕەخنەی دەکات ئەوەیە، کادیران لەکاتی خۆیداو وەک پێویست لەڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ تێنەگەیشتون، دەرونیان نەکردوهتەوە، هەرسیان نەکردوەو هەربۆیەش وەکو پێویست نەیانتوانیوە لەکرداردا پێکی بهێننو ئەو سەرکەوتنەی کە سزاواری بون بەدەستی بهێنن.
ئەم بابەتە بۆ قۆناغی نوێش ڕاستە، ئەم قۆناغە کاتێک دەگات بەسەرکەوتن کە کادیرو گەل لەڕێبەر ئاپۆ تێبگەن، ڕێنماییەکانی ئەو دەرونی بکەنەوەو کەسایەتی خۆیان بەگوێرەی ئەم ڕێنوێنیانە دابڕێژنەوەو ئەم لەکردەوەدا پێکبێنن.
شارپرێس: ئێستا بەفەرمیو بەبڕیاری کۆنگرەی 12، پارتی کرێکاران هەڵوەشاوەتەوەو هەموان چاوەڕێی کاردانەوەکانی تورکیا دەکەن ئاخۆ چ هەنگاوێک دەنێت بۆ پرۆسەی ئاشتی؟ بەڵام ئەگەر تورکیا بێ هەنگاوی نوێو بێ کاردانەوە مایەوە، ئێوە چی تر دەکەنو هەنگاوی داهاتوتان چی دەبێت؟ تەنها خۆتان هەڵوەشاندوهتەوە یان هەنگاوی دوای ئەمەشتان دیاریکردوە؟
زاگرۆس هیوا: ئەگەرێکی زۆر لاوازە کە ڕێبەر ئاپۆو پەکەکە لەو هەنگاوەی کە ناویانە پاشگەز ببنەوە، ئەوان پێداگریی دەکەن لەسەر گۆڕانکاریی، ڕێبەر ئاپۆ نایەوێت تەنها لەبەرئەوەی کە تورکیا هەنگاو بەرەو پێشەوە نانێت، گۆڕانکاریی لەخۆییو لەپەکەکەدا نەکات، ڕەنگە تورکیا 100 ساڵی دیش نەگۆڕایه، ئایا ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە کوردو پەکەکە خۆیان نەگۆڕن؟ کوردو پەکەکە بۆ دەبێ هەر چاوەڕوانی نەیارەکەیان بن بۆ گۆڕانکاریی؟ پێویستە ئێمە چێوەڕوانی ئەوە نەبین کە دوژمنو نەیارەکان ببنە هۆی گۆڕانکاریی لەئێمەدا، پێویستە ئێمە وابکەین کە نەیارەکانمان خۆیان بگۆڕن، چونکە ئێمە سۆسیالیستین، ئەگەر خۆمان نەگۆڕین، توشی گەندەڵیو پوکانەوەو ڕزان دەبین.
لێرەدا ئاپۆ دەستپێشخەری گۆڕانکاریی دەکاتو بەگۆڕانکاریی لەپارادیمو ستراتیژی خۆیدا، لایەنی بەرامبەر هاندەداتو دەیەوێت ناچاری بکات کە ئەویش گۆڕانکاریی لەخۆیدا بکات، ئەوەی ئاپۆ دەستیپێکردوە، تەنها پرۆسەیەک نییە، بەڵکو سەردەمێکی نوێیە کە چەندین پرۆسە دەتوانن لەناویدا جێگەیان بێتەوە، پرۆسەی ئاشتی هێشتا دەستیپێنەکردوە، چونکە بەدەر لەچەند ئاماژەیەک، تائێستا دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی کرداری نەناوە.
ئەوەی تائێستا کراوهو ئەو هەنگاوانەی نراون تەنها دیباجەیەکە، دەروازەیەکە، دەستپێکێکە، تێکۆشانی مەزنو خەباتی سۆسیالیستیو شۆڕشگێڕیی لەمەوبەدوا دەستپێدەکات، ڕاستە، ڕێبەر ئاپۆو پەکەکە ئەمەیان وەک ئارمانجی خۆیان دیاریکردوە، بەڵام هەموو کەسو لایەنێک ئارمانجێکی وەهای نییە کە کۆمەڵگهی دیمۆکراتی دابمەزرێنێت.، ئەمە تەنها ئارمانجی ئەو کەسانەیە کە بەشداریی تێکۆشانو ڕێپێوانی ئاپۆ بون، کەسی دی ئارمانجو بەرژەوەندیی جیاوازی هەیە.
ئارمانجی دەسەڵات جیاوازە، ئۆپۆزسیۆن ئارمانجی خۆی هەیە، هێشتا دیارنییە کە دەوڵەت پارادایمی خۆی دەگۆڕێت یان نا، هەندێک کەس لەناو دەوڵەتو حکومەتدا تەنها ئارمانجێکیان لەم پرۆسەیە هەیە، دەڵێین با گەریلا پاکتاوبێتو کۆتایی بەم ئیشە بێت، تەواوو بڕاوەیە، تێگەیشتنەکەیان ئەوەیە، نیازی چارەسەرییان نییە.
تائێستا هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە، نە نوسراو، نە زارەکی، هیچ شتێک مسۆگەر نەبوە ئەوەی مسۆگەرە ئەوەیە کە لەمەو بەدوا تێکۆشانێکی نوێ دەستپێدەکات، هەربۆیە پێویستە مرۆڤ پەلە نەکات، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی نەنا، پێویست ناکات کوردیش دەستەوەستان دابنیشێت، پێویستە لەسەر بنەمای پارادایمی نوێ تێکۆشان بکات، تێکۆشانێک کە دەوڵەتی تورکیا ناچاری هەنگاوی چارەسەریی بکات، ڕەنگە پرۆسەکە ڕاوەستێت، بەڵام تێکۆشان بۆ سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتی ڕاناوەستێت.
دوای ئەم قۆناغە، پێویستی بەشێوازێکی نوێ بۆ تێکۆشان هەیە، پێویستی بەدامەزراوەی یاسایی هەیە، هەندێک دامەزراوە لەتورکیاو باکوری کوردستان هەن، ئەمانە دەتوانن بەهێزتر بکرێن، پێویست دەکات کە دامەزراوەو ڕێکخستنی گونجاو دابمەزرێن بۆ ئەوەی کە پێشەنگایەتی بۆ ئەرکەکانی تێکۆشانی قۆناغی نوێ بکەن.
شارپرێس: چاوەڕێدەکەن تورکیا هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ هەمواری دەستورو کۆتاییهێنان بەدەستەواژەی تیرۆریست بەرامبەر خەباتکارانی ئێوەو ئازادکردنی گیراوانی سیاسی بەزویی؟
زاگرۆس هیوا: تورکیا هێشتا زمانی سەردەمی پێشوو بەکاردەهێنێت، ئاپۆو پەکەکە ناوی ئەم سەردەمەیان ناوە "ئاشتیو کۆمەڵگهی دیموکراتی"، دەوڵەتی تورکیا هێشتا وەک "تورکیای بێ تیرۆر" پێناسەی دەکات، واتە لەچەمکو تێگەیشتندا هێشتا ڕێککەوتنێک نەکراوە، گەرچی ئەگەر بەگوێرەی واقیع خوێندنەوەی بۆ بکەین ڕەنگە "تورکیای بێ تیرۆر"یش دەستەواژەیەکی ڕاستو لەجێ خۆیدابێت، دەتوانین وەک "تورکیای نا تیرۆر" بیخوێنینەوە، لەو واتایەدا کە ئەو هێزەی کە تائێستا "تیرۆری دەوڵەتی" (state terror) لەدژی کورد بەکارهێناوە، دەوڵەتی تورکیایەو لەمەوبەدوا پێویستە ئێدی تیرۆری دەوڵەتی لەدژی کورد ڕاوەستێنێت.
هەموارکردنی دەستور ڕەنگە پرۆسەیەکی درێژخایەن بێت، بەڵام وەک هەنگاوی سەرەتایی دەتوانن لەیاساکاندا گۆڕانکاریی بکەن، پاشان ئەم گۆڕانکارییە یاساییانە ڕەنگدانەوەیان هەبێت لەداڕشتنەوەی دەستوردا، ئەمە تەنها چاوەڕوانی ئێمە نییە، چاوەڕوانی هەموو ئەوکەسانەیە کە چارەسەرییان دەوێت، ئێستا تۆپەکە لەزەمینی دەوڵەتی تورکیادایە.
شارپرێس: هیچ لایەنێکی سێیەم ڕۆڵی هەیە لەگفتۆگۆکانی پێڤاژۆی ئاشتیدا، یان دەستپێشخەرییەکان؟ دوو لایەنن، لەنێوان ئێوەو دەوڵەتی تورکیادا؟ تاچەند کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا لەپرۆسەی ئاشتی ئاگادارەو قسەی هەیە؟
زاگرۆس هیوا: پرۆسەکە تائێستا دوو لایەنەیە، لایەنی سێیەم هێشتا داخڵ نەبوە، زۆر کەسو لایەن ئێستا باسی لایەنی سێیەم دەکەن، لەپرۆسەی 2009 تا 2015دا لایەنی سێیەم هەبوو کە پێیدەڵێین پرۆسەی ئۆسلۆ، لەپرۆسەی ئۆسلۆدا سەرەتا دەوڵەتی تورکیاو پەکەکە بەنێوەندگیریی لایەنی سێیەم، بەنێوەندگیریی کەسایەتىو لایەنەکانی باشوری کوردستان گفتوگۆیان کرد، پەکەکە وتی کە ئەمە تەنها سەرەتایەک بوو بۆ پرۆسەکەو دانوستانکاری سەرەکی ئێمە ڕێبەر ئاپۆیەو پێویستە بچن لەگەڵ ئەو دابنیشن، دەوڵەتیش چوو لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دانیشتو قۆناغی 2013 بۆ 2015 هاتە ئاراوە.
بەڵام ئەمجارە جیاوازە، ئەمجارە گفتوگۆ ڕاستەوخۆ لەئیمراڵییەوە دەستیپێکرد، کەس نەکەوتە ناوبەین، ڕەنگە هەندێک کەس، لایەنو هێز بیانەوێت نێوەندگیریی بکەن ئەمەش ئەرێنییە، هەرکەسێک قسەیەکی خێری تیا بکات، باشە، بەڵام ئەم نێوەندگیرییە تائێستا ڕوینەداوە، نە لەلایەن هیزەکانی باشوری کوردستانەوەو نە لەلایەن هێزە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکانەوە.
لەئەگەری بەرەو پێشەوەچونی پرۆسەکەدا ڕەنگە ئەوانیش بەشداربن، بهڵام هێشتا دیارنییە، هاتنە ناوەوەی لایەنی سێیەم پێویستە لەسەر ڕەزامەندی هەردوو لایەنە سەرەکییەکە بێت.
ئێستا لەباشوردا زۆر هەواڵو دەنگوباس هەیە کە بەریتانیا سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە دەکات، فەرەنسا لەسەر خەتە، نازانم، نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر خەتە، ئەمریکا وایکرد، فەرەنسا فڵانی کرد، دەتوانم بڵێم ئەم هەواڵانە بەرلەوەی کە ڕاستییەکیان هەبێت تەنها هیواو تەمەننان، تەنها لەنیازپاکی مرۆڤەکانەوە سەرچاوە دەگرن، زۆرکەس هیوای بەپرۆسەکەی هەیەو حەزدەکات سەرکەوێت، هەربۆیە ئارەزوو دەکات ئەم هێزو ئەو هێز بەشداربن بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەربگرێت، ئەمجۆرە سەرنجو شرۆڤانە زۆربەیان لەدڵسۆزیی بۆ پرۆسەکەو بۆ ئەوەی ڕای گشتیی دروستبکەنو هانی لایەنەکان بدەن، بۆ ئەوەی خەڵک دڵخۆشو دڵ بەهیوا بکەن، دەنوسرێنو دەوترێن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع شتێکی وەها نییە.
ڕاستە، لەئەمریکاوە تا چین، هەموو کەسێک بەدەم بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆوە هات کە ئەمە زۆر گرنگو مێژوویی بوو، جێگهی ڕێزو بایەخن، بەڵام لەکردەوەدا هێشتا شتێک بەناوی نێوەندگیریی نییە، ئەوەی کە تائێستا هەبوە ئەوەیە کە وهفدى دەم پارتی هاتوە لەباشور لایەنەکانی لەناوەڕۆکی پرۆسەکە ئاگادارکردوهتەوە، ئەوانیش هەمویان پشتیوانی خۆیانیان دەربڕیوەو بەڵێنی هەموو هاوکارییەکیانداوە.
هەروەها بۆ هاتوچونى وەفدەکانو ئاڵۆگۆڕی پەیامەکان لایەنەکانی باشوری کوردستان هاوکارییان کردوە، ئاستەنگییەکی ئەووتۆیان دروستنەکردوە، ئەمەش جێگهی دەستخۆشیو دڵخۆشییە.
تایبەتمەندی ئەم پرۆسە نوێیە ئەوەیە کە ئەرک دەخاتەسەر شانی لایەنەکانی باشوری کوردستان نە وەک نێوەندگیرو لایەنی سێیەم، بەڵکو وەک لایەنی سەرەکی بەشداریی پرۆسەکە ببن، چونکە ئیدی پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە و بەهەڵوەشاندنەوەی خۆی ئەو دۆخەشی هەڵوەشاندەوە کە هەر کەسێک داوای مافی گەلی کورد لەباکوری کوردستان بکات بەلایەنگری پەکەکە تۆمەتبار بکرێت.
هەربۆیە ئێستا ڕێگه لەبەردەم هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کراوەتەوە کە خاوەن لەپرۆسەکە دەرکەونو بۆ بەرقەراربونی ئاشتی داوای هەنگاونان لەدەوڵەتی تورکیا بکەن، سەرۆکی حزبەکانی باشوری کوردستان دەتوانن هەم لەچاوپێکەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیاداو هەم وەک هەڵوێستی ڕاستەقینەی سیاسی خۆیان بەبێ ترسو دڵەڕاوکێ داوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بکەن، داوای گۆڕانکاریی لەدەستورو یاسای تورکیادا بکەن، داوای ئازادی گیراوانی سیاسی کورد بکەن لەباکور.
ئێستا زیاتر لە200 گیراوی سیاسی کورد هەن کە 30 ساڵی تەمەنیان لەزینداندا بەسەربردوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئازادیان ناکات، دەتوانن بانگەوازی بۆ ئازادکردنی ئەمانە بکەن.
هەروەها، پێشتر ڕەنگە ئەگەر کەسێک داوای کۆتاییهێنانی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیای بۆسەر باشوری کوردستان بکردایە بەهاوکارییو پشتیوانی پەکەکە تۆمەتباردەکرا، بەڵام ئێستا کە پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەو کۆتاییهێنان بەخەباتی چەکداریداوە، هێزو لایەنه سیاسییەکانی باشوری کوردستان ئیدی هیچ ئاستەنگییەکیان لەبەردەمدا نەماوە کە داوای پاشەکشەکردنی هێزەکانی سوپای تورکیا لەسەر خاکی باشور نەکەن، داوای هەڵگرتنی بنکەو بارەگای سیخوڕی دەڵەتی تورکیا لەشاخو شارەکانی باشوری کوردستاندا نەکەن، پاشەکشێکردنی سوپای تورکیا لەسەر خاکی باشوری کوردستان لەبەرژەوەندیی هەموو گەلو هێزو لایەنی نەتەوەییو نیشتمانپەروەرە، بەکورتی، ئەم هەنگاوەی پەکەکەو ڕێبەر ئاپۆ، دەستی هەموو کەسو لایەنی بەهێزکردوە، دەرفەتێکی زۆر مەزنی بۆ هەموو هێزو لایەنێک ڕەخساندوە کە گوتاری سیاسی خۆی بەهێزتر بکاتو سیاسەتی نەتەوەییو نیشتمانپەروەری زیاتر پەرە پێبدات.
ئەمەش هەمان بەشداریی ڕاستەقینەیە لەپرۆسەکەدا، بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە زەمینەیەکی زۆر لەباری ڕەخساندوە بۆسەرلەنوێ داڕشتنەوەی گوتاری سیاسی لەباشوری کوردستان، چ دەسەڵات، چ ئۆپۆزسیۆن.
شارپرێس: باس لەچۆڵکردنی قەندیل دەکرێت لێرەو لەوێ، ئایا ئێوە هیچ پیلانێکتان هەیە قەندیل چۆڵبکەن؟ ئەگەر پلانتان هەیە چۆڵی بکەن، چی دەکەنو ڕوو دەکەنە کوێ؟ تورکیا یان وڵاتی سێیەم؟
زاگرۆس هیوا: تائێستا باسی شتێک نەکراوە بەناوی چۆڵکردنی قەندیل، چۆنکە پرۆسەکە هێشتا هەر تاکلایەنەیەو لایەنی کوردو پەکەکە سێ هەنگاوی بەرەو پێشەوە ناو بۆ سەلماندنی نیازپاکی خۆی، بەڵام لایەنی بەرامبەر تائێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی یاساییو دەستورییو سیاسی نەناوە، هەربۆیە ناتوانین بڵێین کە دانوستان دەستیپێکردوەو ڕێککەوتن کراوە.
هێشتا لەقۆناغی گفتوگۆدایە، ئەوانەی تائێستا نراون هەنگاوەکانی پێش پرۆسەن، پرۆسەکە هێشتا دەستیپێنەکردوە، ههركات دانوستان کرا، هەموو بابەتەکان گفتوگۆیان لەسەردەکرێت، ئەو شتانەی کە ئێوە باسی لێوە دەکەن، ڕەنگە هەر نەبنە بابەتی گفتوگۆش، ڕەنگە پرۆسەکە بەئاراستەیەکدا بڕوات کە زۆر کەس چاوەڕوانی ناکا، وەکو چۆن تائێستا وا بوە.
کێشەی کورد لەدونیادا شتێکی تاقانەیە، هیچ کێشەیەک لەدونیادا لەم کێشەیە ناچێت، چوار دوژمنی لەدژبێت، نکۆڵی لێبکەن، سیستەمی نێودەوڵەتی هاوکاری دوژمنەکانت بێت، دوژمنەکانی کوردیش لەدوژمنی ئاسایی ناچن، هەربۆیەش ئەو حزبەش کە بۆ خاوەن دەرکەوتن لەم کێشەیەو چارەسەرکردنی دێتە گۆڕەپان تاقانەیە، لەدونیادا هیچ حزبێک هاوشێوەی پەکەکە نییە، نە لەشێوازی ژیانداو نە لەشێوازی تێکۆشاندا، پەکەکە حزبێکی تاقانەی سەردەمی خۆی بوو، ڕێبەر ئاپۆش ڕێبەری تاقانەی گەلێکی تاقانەیە.
ڕێبەر نییە لەدونیادا وەک ئەو ژیابێت، وەک ئەو تێکۆشانی کردبێت، 27 ساڵە لەتابوتێک بەناوی ئیمراڵیدا خۆڕاگری دەکات، دەوڵەتی تورکیا بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە دیراسەی هەموو نمونە هاوشێوەکانی کرد لەدونیاو هەمویانی لەسەر پەکەکە تاقیکردەوە، سەرینەگرت، نمونەی پڵنگەکانی تامیلو سریلانکای تاقیکردەوە، سەرینەگرت، نمونەی پاکتاوکردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستینیو فەتحو حەماسی تاقیکردەوە، سەرکەوتوو نەبوو، ویستی وەک چۆن گیڤارا شەهیدکرا ڕێبەر ئاپۆش شەهیدبکات، تەنانەت لەهەمان بەرواردا، بهڵام سەرکەوتوو نەبوو، هیچ شێوازێک لەدونیادا نەما کە دەوڵەتی تورکیا بۆ پاکتاوکردنی پەکەکەو ڕێبەر ئاپۆ تاقینەکردبێتەوە، بەڵام سەرکەوتونەبون.
لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە مێژوییە ئەو شێوازو تاکیتکو ستراتیژانەی کە بۆ چارەسەری پرسی کوردیش دێنە ئاراوە ناچار تاقانەبن، ڕەنگە لەدونیادا زۆر شێوازی چارەسەری هەبن، وەک İRA لەئیرلەندای باکور، وەک ETA لەئیسپانیا، وەک ANCو ماندێلا لەئەفریقیای باشور، وەک FARK لەکۆڵۆمبیا، شێوازی چەکدانانیان هەبوە، شێوازی دانوستانیان هەبوە، پەکەکە دیراسەی لەسەر هەموو ئەمانە کردوە، بەڵام تایبەتمەندی کێشەی کورد جۆرێکە کە مرۆڤ ناتوانێت ئەو شێوازانەی چارەسەری کە باسمانکردەوە بۆ کێشەی کورد لاسایی بکاتەوە، ئەوان چۆن چەکیان داناوە، کورد ناتوانێت بەو شێوەیە چەک دابنێت، پێشەنگو شۆڕشگێڕی کورد بۆ بڕۆن بۆ وڵاتی سێیەم؟ مەگەر چ تاوانێکیان کردوە، جگە لەتێکۆشان بۆ ئازادی گەلەکەیان؟ تائێستا لەسەر ئەم ئاوو خاکە بون، لەمەودواش دەتوانن لەسەر خاکی بابو باپیرانی خۆیان بژینو تێکۆشان بکەن.
پێویستە هەموارکردنی یاسایی بکرێت بۆ ئەوەی هەڤاڵانی پێشەنگی پەکەکە بەشداریی سیاسەتی دیموکراتی ببن، پێویستیە کەس بیر لەناردنی هەڤاڵانی ئێمە بۆ وڵاتی سێیەم نەکاتەوە، مەگەر دەیانەوێت ناوی ئاشتی لەم پرۆسەیە بنێن یان کۆچی زۆرەملێ؟ ڕۆیشتن بۆ وڵاتی سێیەم.
سەبارەت بەقەندیلیش، هەمووکەس دەزانێت کە قەندیل لەبەرەنگاربونەوەی داعشو پاراستنی گەلەکەمان لەجینۆساید چ دەورێکی بینی، لەمەخمورەوه بگرە تا شەنگالو کۆبانێ، داعش مەترسییەکە کە هێشتا تەواو نەبوە، ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش هێشتا لەهەرێمەکەیە، لەمدواییانەدا تورکیاو ئوردونو عێراقو سوریا بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش هاوپەیمانییەکیان مۆرکرد، کەواتە، مەترسی داعش جددییەو ئەگەر سەرهەڵدانەوەی هەیە.
ئایا ئێمە وەک کورد لەئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش یان هێزی هاوشێوە دا دەتوانین تەنها پشت بەو هاوپەیمانێتی نێوان سوریاو عێراقو تورکیا ببەستین؟ چ گەرەنتییەک هەیە کە ئەم هاوپەیمانییانەی لەدژی داعش هەروا بەتۆکمەیی بمێننەوەو کەلێنیان تێنەکەوێت؟ ڕۆژهەڵاتی ناوین هێشتا سەقامگیرنەبوەو مەترسی جینۆسایدی هاوشێوەی شەنگال هەمیشە هەیە لەسەر کورد، قەندیلو گەریلا گەرەنتی پاراستنی هەبونو ئازادی کوردن.
شارپرێس: پرۆسەی چەکدانان جێبەجێدەکەن وەک ئەوەی باسدەکرێت؟ یان خەباتی چەکداریتان بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا ڕاگرتوەو چەکەکانتان هەر پێ دەمێنێت؟
زاگرۆس هیوا: پەکەکە کاتێک کە دامەزرێنرا بڕیاری خەباتی چەکداریی لەدژی دەوڵەتی تورکیا وەرگرتو پێویستی بڕیارەکەشی جێبەجێکرد، 41 ساڵ شەڕی کرد، یارو نەیار، هەموو کەسێکیش دەزانێت چۆن شەڕیکرد. واتە، ئەو بڕیارەی کە دەیگرێت، جێبەجێیدەکات، ئێستاش پەکەکە لەسەر بانگەوازی ئاپۆ بڕیارێکی ستراتیژی وەرگرتوە کە خۆی هەڵبوەشێنێتەوەو کۆتایی بەشێوازی شەڕی چەکداریی لەدژی دەوڵەتی تورکیا بهێنێت.
لەم بڕیارەی خۆیدا ڕژدەو جێبەجێشی دەکات، بەڵام ڕاگرتنی تێکۆشانی چەکداریی بهواتای ئەوە نایهت کە چەک ڕادەستدەکاتو تەسلیم دەبێتو دەچێتە ماڵەوە پاڵ دەداتەوە، بەپێچەوانەوە، قۆناغێکی دژوارتری تێکۆشان دەستپێدەکات، زۆرکەس باس لەوەدەکەن کە تێکۆشان لەپێناو ئاشتی لەشەڕ ئاڵۆزترو دژوارترە، پەکەکە خۆی بۆ قۆناغێکی وەها ئامادە دەکات، ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتی مێژویی ئەم قۆناغەی گرتوەته ئەستۆ، پەکەکە تائێستا بەرپرسیارێتی شەڕی گرتبوە ئەستۆو ئەمەی جێبەجێدەکرد، بەڵام قۆناغی ئاشتی جیاوازەو ڕێبەر ئاپۆ دەستپێشخەری بۆ کردوەو پێویستە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوە ببردرێت.
پەکەکە بەڕێوەبەرایەتی شەڕ بوو، بەڵام ڕێبەرایەتیو بەڕێوەبەرایەتی ئاشتی مەگەر ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت جێبەجێیان بکات، ئاراستەی بکاتو بەڕێوەی ببات، تاکە هێزێک کە وایکرد ئەم بڕیارانە وەربگرین ڕێبەر ئاپۆ بوو، تاکە هێزێکیش کە بیخاتە بواری کردارییەوەش هەر ڕێبەر ئاپۆیە، هەربۆیە بۆ ئەوەی کە پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بڕوات، پێویستە هەلومەرجی ڕێبەر ئاپۆ لەباربێت، واتا دەرفەتی کاری ئازادانەی هەبێت کە لەکەشێکی تەندروستو پارێزراودا ئەم قۆناغە ڕێبەرایەتی بکات، هەر گەریلایەک لەپێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا چەکی كردوهته شان، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێتو نەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی قۆناغی ئاشتی بکات، کەس ناتوانێت گەریلا قەناعەت پێبکات.
شارپرێس: هیچ مەترسیو ئەگەرێک هەیە بۆ دوبارەبونەوەی ساڵی 2015 ههیه؟ کاتێک ئێوە نیازپاکی خۆتان ڕاگەیاندو پرۆسەی ئاشتی سەرینەگرت؟ ئەگەر ئەوە ڕویدا پەکەکە لەبڕیاری کۆنگرەی 12 پەشیمان دەبێتەوە؟
زاگرۆس هیوا: مسۆگەر مەترسی هەیە، زۆر هێزو لایەن هەن، هەم لەناوخۆی تورکیاو هەم لەدەرەوەی تورکیاش کە نایانەوێت پرۆسەیەکی وەها دەستپێبکات، لەوکاتەوە کە ئاگربەست ڕاگەیهنراوە، زۆر هەوڵدان هەبوە کە ئەم ئاگربەستە سەرنەگرێت، هەر لەسەرەتاوە لەدژی بون، ویستیان تێکی بدەن، بەڵام بەپشودرێژییو پێداگرییەوە تا ئەمڕۆ هاتوە.
بەر لە32 ساڵ کاتێک ڕێبەر ئاپۆ دەستی بەهەوڵدانێکی لەمشێوەیە کرد تۆرگوت ئۆزالی سەرۆک کۆماری تورکیا لەناوبرا، ئەمساڵیش شەهید سڕی سورەیا ئۆندەر بەشێوەیەکی زۆر گوماناوی گیانی لەدەستدا، زۆر سەرنجڕاکێشە کە لەهەمان مانگو هەمان ڕۆژدا گیانیان لەدەستدا، سڕی لە16ى نیسانو ئۆزالیش لە17ى نیسان.
ڕێبەر ئاپۆ لەهەموو چاوپێکەوتنەکاندا هۆشداریدەدا بەسڕی سورەیا کە "ئاگاداری خۆت بە، ڕەنگە تیرۆرت بکەن، وریا بە"، هۆشدارییەکی وەها دەداتە هەموو کەسێک، لەکاتی خۆیدا هۆشداریدابوە تورگوت ئۆزالیش، هەربۆیە هەموو کاتێک مەترسی ئەوە هەیە نەیارانی ئاشتی ئەم قۆناغە تێکبدەن، هەروەکو چۆن قۆناغی 2013یان تێکدا.
پەکەکە بڕیارێکی هەڵەی نەداوە کە لەئەگەرێکی وەهادا لێی پەشیمان ببێتەوە، ئەگەریشی زۆر کەمە کە بگەڕێینەوە قۆناغی پێشوو، پەکەکە لەهەموو ئەگەرێکدا تێکۆشان بۆ سەرکەوتنی قۆناغی نوێ دەکات کە تاکە گەرەنتی سەرکەوتنیش تێگەیشتنە لەڕێبەر ئاپۆو جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانییەتی لەکردەوەدا.
پەکەکە خۆی هەڵوشاندەوەو کۆتایی بەخەباتی چەکداری هێنا، بەڵام ئەمە تەنها بڕیاری پەکەکەیە، بڕیاری هەموو کەسێک نییە، لایەنەکانی دی بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە، ڕەنگە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هەندێک هێزو لایەن بیانەوێت هێرشبکەن، ئەوکاتە تێکۆشانی بزوتنەوەی ئاپۆچیو ئەو شێوازە نوێیانەی ڕێکخستن بۆ پاراستنی خۆی تەگبیرو ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر.
تێپەڕبون لەزەمینی توندوتیژی بۆ زەمینی سیاسیو یاسایی، تەنها بەهەوڵدانی یەکلایەنەی ئێمە پێک نایەت، پێویسته لایەنی بەرامبەریش وەها بکات، بەڵام ئەگەر هێرشی بەئامانجی پاکتاوکردن ڕوو بدات، بزوتنەوەکەمان لەپێناو پاراستنی نرخو بەهاکانی دەست بەخۆڕاگریی دەکات، بەهێزتر لەجاران، یاساییەکی گەردونی هەیە کە هەموو هەبونێک بۆ پاراستنی خۆی، پەلەقاژەیەک هەر دەکا.
شارپرێس: ئەم بڕیارەی پەکەکە بۆچى مشتومڕێکی زۆرى لەناو ڕای گشتیدا لێكهوتهوه، زۆر کەسو لایەن لەسەری دەنوسنو قسە دەکەن، تهنانهت هەندێک کەس پێیانوایە، ئۆجەلان ئەوە بۆ 27 ساڵ دەچێت لەزینداندایە، لەهەموو ئامرازەکانی پەیوەندی دابڕاوە، ئاگای لەدونیا نییە، هەربۆیە ناتوانێت بڕیارێکی تەندروست لەمبارەیەوە بدات، هەندێکیش دهڵێن، ڕەنگە ئۆجەلان لەژێر کاریگەرییو زەختی دەوڵەتی تورکیادا مەجبور کرابێت بانگەوازی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات، هەندێکیش پێیانوایه، چەکدانان هەڵەیەو پێویستە پەکەکە شەڕ لەدژی تورکیا ڕانەگرێت، وەڵامی ئێوە چییە؟
زاگرۆس هیوا: دەمەوێت ئەم پرسیارە بەپرسیارێک وەڵامبدەمەوە، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئاگای لەدونیا نییە، ئەی بۆ هەموو دونیا باسی ئەو دەکات؟ ئەی بۆ ئەمە دوو مانگە هەموو ئاژانسو سایتو تەلەفزیۆنو ڕادیۆ لانی کەم هەواڵێکیان لەبارەی ئەوەوە بڵاوکردوهتەوە؟ ئەگەر کەسێک ئاگای لەدونیا نەبێت، ئایا دونیا باسی ئەوکەسە دەکات؟ ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئاگای لەدونیا نییە، ئەی بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر بانگەوازییەکەی ئەو لێدوان دەدات؟ ئەی بۆ لەئەمریکاوە تا چین، هەموو کەس لەسەر قسەکانی ئەو هەڵوێست دەردەبڕێت؟ چەند کەس ماوە لەدونیادا لەم دوو مانگەی دواییدا ناوی ئۆجەلانو پەکەکەی بەرگوێ نەکەوتبێ؟ با ئەوە بڵێم، ڕێبەر ئاپۆ تەنها خەمی کورد نا، بەڵکو خەمی هەموو دونیای هەڵگرتوە لەسەرشان، خەمی هەموو مرۆڤایەتی هەڵگرتوە، دۆزی ئەو، خەمی ئەو، خەمی هەموانە، خەمی گەردونو هەبونە، لەبەر خەمی ئەم دونیایە کەوتوهتە زیندان.
هەربۆیە هەر هەنگاوێکی ئەو، سەرنجی هەموو دونیا ڕادەکێشێت، کەسایەتی ئەو پەیوەندییەکی وەهای لەگەڵ هەموو دونیا هەیە، هێزە سەردەستەکانی هەموو دونیا گەلەکۆمەیان لێکرد کە یان بیکوژن یان بیگرن، ئەوانەی کە لەم دونیایهدا خاوەن وبژدانو هەستی ئازادیخوازیین، لێی بەخاوەن دەردەکەونو ئێستا داوای ئازادی دەکەن، واتە لەئاستی هەموو دونیادا هەم دۆستی هەیە هەم نەیار، زۆر ڕۆشنبیری هەرە ناوداری دونیا، لەچۆمسکییەوە بگرە تا ژیژەکو ئانتۆنیۆ نێگریو بادیۆو هتد... باسی بیرو هزری ئاپۆ دەکەن، ئەمجا چۆن دەبێت کەسێکی وەها ئاگای لەدونیا نەبێت؟
لەلایەکی دیکەوە، وتنی ئەوەی کە ئاپۆ لەزیندانەو ئاگای لەدونیا نییە، سوکایەتیه بەگەلی کورد لەباکوری کوردستان، ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەوەی لەبیرو هزری ڕێبەر ئاپۆ دەکات خاوەنی زیاتر لەشهش ملیۆن دەنگەو سەردەمانێک 83 پەرلەمانتاری هەبوو، ئاخۆ ئەم شەش ملیۆن کەسە هەروا لەڕوی بێئاگاییەوە دەنگیان بەهزری ڕێبەر ئاپۆ داوە؟ لەڕۆژئاوای کوردستان 12 هەزار شەڕڤان لەدوا هەناسەیاندا بەدروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" شەهیدبون، ئایا ئەم هەموو شەهیدو دوو هێندە بریندارە هەموو لەڕوی بێئاگاییەوە پابەندی ئاپۆنو خۆیان فیدا دەکەن، لەڕۆژهەڵاتو باشوری کوردستانو ئەوروپاش بەهەمانشێوە، ئەی باشە مادام تۆ لەدەرەوهیتو ئازادیتو ئاگات لەدونیا هەیە، بۆ دوو کەست ئاگا نەکردەوە کە لەدوات کەون؟
هەروەها ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ لەژێر زەختی دەوڵەتی تورکیادا ئەم بڕیارەیداوە، ئەی بۆ هەر لەسەرەتاوە ئەم بڕیارەی نەداو 27 ساڵ زیندانی تەحەمول کرد؟ ئەی بۆ بەرلەوەی بەگەلەکۆمەی نێونەتەوەیی بەبارمتە بگیردرێت هەوڵدانی بۆ ئاشتی دەکردو پەیتا پەیتا ئاگربەستی ڕادەگەیاند؟ سەیری دیمانەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنوس "محەمەد عەلی بیراند" بکەن لەساڵانی 1988و 1992دا، ئاپۆ ئەوکاتەش هەمان شت دەڵێت کە ئەمڕۆ دەیڵێیت.
ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی کە چارەسەری بخولقێنێت، زۆر داهێنان دەکاتو ڕێگهی خولقکارانە دەگرێتەبەر، لەسیاسەتدا نەرمی دەنوێنێت، بەڵام لەبابەتی ئایدیۆلۆژی کە گرێدراوی هەبونو ئازادی گەلی کوردو گەلانی جیهانەوە بێت، بچوکترین پاشەکشەی نەکردوە، تەنانەت هەڵوێستەکانی قوڵترو زوڵاڵتر کردوە، ڕیبەر ئاپۆ ئەوەندەی لەسەر هەبونو ئازادی گەلی کورد پێداگریی دەکات ئەوەندەش لەسەر سۆسیالیزم سورە، لەم بوارەدا بچوکترین پاشەکشەیەک لەهەڵوێستی ئاپۆدا نییە، ئەوەی هەیە قۆناغێکی نوێیە لەماراسۆنی ڕێبەر ئاپۆ بەرەو ئازادی.
هەندێک کەسو لایەن هەن کە دوژمنی سوێندخواردوی ئاپۆو پەکەکەن، ڕێبەر ئاپۆو پەکەکە هەر هەنگاوێک هەڵبگرنو هەر قسەیەک بکهن، ئەمانە لەدژی دەوەستنەوە، ئەگەر شەڕ بکات، دەڵێن بۆ شەڕدەکەی، خۆ ئیدی باوی خەباتی چەکداری نەماوە، ئەگەر ئاشتی بکات دەڵێین، ئەوەتا، ئاشبەتاڵی کردو تەسلیم بوو، کێشەی ئەمانە ئەوەنییە کە ڕەخنەیان لەئاپۆو پەکەکە هەیە، کێشەکە ئەوەیە کە ئەمانە لەدژی هەبونی ئاپۆو پەکەکەن، ئەمانە چونکە دیارنو ڕای گشتیش زۆربەیان دەناسێت، لێرەدا باسیان ناکەمو پێویستیش بەوەڵامدانەوەیان نییە.
ههندێ كهسیش هەن لەڕوی نائاگاییەوە، هەڵوێست وەردەگرن، نە کتێبێکی ڕێبەر ئاپۆیان خوێندوهتەوەو نە وتارێکیان گوێ لێبوە، لەفەیسبوکو ئینستگرام چ نوسرابێت، ئەوە بەبنەما وەردەگرن، زاتەن، چاپەمەنی بیستراوو بینراوو نوسراو پڕە لەوتارو ڤیدیۆی دژ بەڕێبەر ئاپۆو پەکەکە، تەنانەت ناوەکەشیان قەدەغەیەو سانسۆری دەکەن، کەم کەس ئەو بوێریەی تێدا هەیە کە ڕێبەر ئاپۆو پەکەکە وەک خۆی بۆ ڕای گشتیی بگێڕێتەوە، کەسانێک کە لەدورەوە پەکەکەو ڕێبەر ئاپۆ دەناسنو دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەمجۆره مێگا میدیاو چاپەمەنییە، ناتوانن بەباشی لەدۆخەکە تێبگەنو هەڵوێستی واقیعی وەربگرن.
هەندێک کەسو لایەنیش هەن لەڕوی دڵسۆزییەوە ههندێك شت دەڵێن، ڕەخنەکەیان لەڕوی دڵسۆزییەوەیە، ئەمانە ڕێبەر ئاپۆو پەکەکەیان خۆشدەوێتو هیوای خۆیان لەسەر ئەم تەڤگەرە هەڵچنییوەو بڕوایان پێى هەیە، میدیای نەیاریش تۆزێک کاریگەرییان لەسەر دادەنێت، هەربۆیە لەجیاتی ئەوەی کە عەقڵو مەنتق بەسەریاندا زاڵبێت، زیاتر لەڕوی سۆزو هەستو عاتیفەوە هەڵسوکەوت دەکەن، با ئەم براو خۆشکانە دڵنیابن، ڕێبەر ئاپۆ هەر لەسەرەتاو لەوکاتەوە کە بەپێنج کەسەوە دەستیپێکرد، تائێستای، هیچ هەنگاوێکی نەناوە کە لەزەرەری کورددا شکابێتەوە، ڕەنگە لەسەرەتادا تێگەیشتن لەبڕیارەکانی ئاپۆ تۆزێک زەحمەت بوبێت، بەڵام بەتێپەڕبونی کات ئەو ڕاستییە دەرکەوتوە کە ئەم هەنگاوانە چەند ستراتژیکو بەسودبون، هەربۆیە دڵنیابن کە ئەم هەنگاوهی ڕێبەر ئاپۆ لەقازانجی گەلی کورددایە، لەقازانجی هەموو گەلاندایە، لەقازانجی هەموو مرۆڤایەتیدایە.
تایبەتمەندییەکی ڕێبەر ئاپۆ هەیە، هەربۆیەش پێ دەڵێین ڕێبەر، ئەوهەمیشە مەترسیدارترین هەنگاوەکانی ناوە، هەنگاوگەلێک کە عەقڵی مامناوەند زوبەزوو لێی تێناگاتو پەسەندی ناکات، کاتێک کە لەساڵی 1972و 1975 بڕیار دەدات لەئهنکاراوە بێت بۆ کوردستان بۆ پەرەدان بەخەبات، خەڵکانێکی دەوروبەری دەڵێن "بەم فکرەوە بڕۆن بۆ کوردستان، یەک ڕۆژ ناتوانن لەسەر پێ بمێنن" بەڵام ڕێبەر ئاپۆو بزوتنەوەکەی لەسەر پێ مانەوەو ئەوانەش کە دەیانوت مەڕۆ، هەمویان توانەوە، کاتێکیش ئاپۆ دەستی بەخەباتی چەکداریی کرد، دەیانوت، "ئەمە خۆکوژییە، کورد لەناودەبات"، بەڵام ئەم قەڵەمبازهی 15ى ئاب، کوردی زیندوکردەوە.
کاتێک کە ڕێبەر ئاپۆ ڕفێنراوو بەدیلی کەوتە ئیمراڵی، زۆرکەس بەپەکەکەی دەوت، "ئاپۆ ئیدی تەواوبوو، ڕێبەرێکی دی بۆ خۆتان هەڵبژێرن، مەگەر شێت بون! وازبێنن لەئاپۆ، دەستی لێهەڵگرن، تازە لەئیمراڵیەوە کەس ناتوانێت هیچ کارێک بکات"، ئەم تێڕوانینی زۆر کەس بوو کە سەرکردەو سیاسەتمەداربونو زۆر متمانەیان بەعەقڵی خۆیان هەبوو، بەڵام وەک دەبینن ڕاست دەرنەچوو، ئێستا هەموو دونیا باسی پەکەکەو ئاپۆ دەکات.
بۆ ئەوانەش کە دەڵێین پێویستە خەباتی چەکداریی بەردەوام بکات دەڵێم کە پەکەکە 41 ساڵە خەباتی چەکداریی دەکات، ئێستاش لەلوتکەی هێزی خۆیدایەو ئەو تواناکارییەی تێدا هەیە کە 40 ساڵی دیش خەباتی چەکداریی بکاتو درێژە بەشەڕ بدات، کەس نییە شکو گومانی لەم تواناکارییەی پەکەکە هەبێت، لەم بوارەدا پەکەکە خۆی سەلماندوە، دۆستو دوژمن باش دەیناسن، بەڵام ئاپۆو پەکەکە ئێستا ستراتیژی خەباتی خۆیان دەگۆڕن، پێیانوایە کە سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردوەو گەلی کورد ئێدی بەخەباتی یاساییو سیاسەتی دیموکراتی دەتوانێت مافەکانی خۆی دەستەبەربکات.
ئەگەر کەسانێک پێیانوایە کە ئەمە هەڵەیەو پێویستە خەباتی چەکدارییو شەڕ بەردەوام بکات، با بفەرمون، خۆ ئۆپەراسیۆنی تورکیا هێشتا هەر بەردەوامەو شەڕ هەیە، وەرن بەشداریی شەڕ ببن، ئەگەریش بەئێمە قایل نیینو دەڵێن ئیلا ئێمە خۆمان شەڕدەکەین، کەس رێگەی لێیان نەگرتوە، کەس دەستو پێیانی گرێنەداوە، ئەوەتا زیاتر لە40 ملیۆن گەلی کورد هەیە، با 40 کەس لەناو ئەم 40 ملیۆن کوردە کۆبکەنەوەو بۆ ماوەی 40 ڕۆژ لەدژی تورکیا شەڕبکەن.
هەر کەسو لایەنێک کە لەم شەڕەدا بەشێوەیەک لەشێوەکان بەشدارو هاوکارو پشتیوانی پەکەکە بوبێت، لەم پێناوەدا قوربانیدابێت، بێ دوو دڵی پشتیوانیی لەم هەنگاوەی ئاپۆو پەکەکە دەکات بۆ ئاشتیو کۆمەڵگهی دیموکراتی، هەر ئەوانیشن کە دەتوانن لەم سەردەمە نوێیەداو لەگریمانەی پرۆسەی ئاشتیدا ڕۆڵ بگێڕن، بەڵام کەسو لایەن هەن بەدرێژایی ئەم شەڕە پێیەکیان لەماڵی خۆیاندا بوەو پێیەکیان لەتورکیا، بۆ ئەوەی کە ڤیزای سیاحی تورکیایان کانسێل نەبێتەوەو کەناراوەکانی ئیزمیرو ئانتاڵیاو ئەسەمۆڵیان لێ قەدەغە نەکرێتو لەبەرامبەر ئەو هەموو کوشتو کوشتارو داگیرکارییەی تورکیا فزەیان لێوە نەهاتوە، تەنانەت نەیانوێراوە وێنەیەکی گەریلا لە سەر فەیسبوک لایک بکەن، ئێستا خۆیان لێ بوە بەگیڤاراو کاسترۆو مائۆ، بونەتە قارەمانی شەڕی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ داوای بەردەوامیدان بەشەڕ دەکەن.
کەسێک یان لایەنێک شەڕی نەکردبێت، نە لەشەڕ تێدەگاتو نە لەئاشتیش، نە زۆری زەحمەتی شەڕ دەزانێت نە زۆرو زەحمەتی ئاشتیش، ئەوانە تەنها بەرژەوەندیی خۆیانیان بۆ گرنگەو بەس.
ئەو کەسو لایەنانەی کە ئاماژەمان پێدا نوێنەرایەتی زۆرینەی کۆمەڵگهی کوردستان بەتایبەت باشوری کوردستان ناکەن، هەر لەکاتی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆوە تا بەستنی کۆنگرەی 12ش زۆر هەڵوێستی هێژاو بەنرخ لەلایەن ڕۆشنبیرانو چالاکوانانو کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانو هەموو چینو توێژەکانی کۆمەڵگاوە نیشاندران، زۆربەی گوتارو شیکردنەوەو چاوپێکەوتنە میدیاییەکانو پۆستو وتارەکانی ناو تۆڕە دیجیتاڵییەکان لەمبارەیەوە زۆر بەنرخ بونو نیشانەی تێگەیشتنێکی قوڵ لەپارادایمی ڕێبەر ئاپۆو تێکۆشانی پەکەکە بون، ئەمانە هەموو سەرچاوەی ورەو هێزن بۆ ئەم سەردەم نوێیەو هیوا بەسەرکەوتنی پرۆسەکە زیاتر دەکەن.
