شارپرێس:
بەرگریی شارستانیی پارێزگای سەڵاحەدین ڕایگەیاند، ئاگر لەیەکەیەکی پاڵاوگەی بێجی کە بەپاڵاوگەی ڕۆن ناسراوە، کەوتوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەرگریی شارستانیی سەڵاحەددین ئاشكرایكردوه، ئاگرهکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کەوتوەتەوە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە زوو فریاى کەوتونو توانیویانە کۆنترۆڵى بکەنو ڕێگریی بکەن لەوەی زیان بەیەکەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی نێو کۆمەڵگەی نەوتی بێجی، بگەیەنێت.
هەروەها بەبێ ئاشکراکردنی بونی قوربانی مرۆییو قەبارەی زیانەکان، ئاماژەی بهوهداوە، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە لەلایەن تیمە شارەزاکان دەستیپێکردوە.
پاڵاوگەی بێجی بەگەورەترین پاڵاوگەی پیترۆکیمیایی عێراق هەژماردەکرێتو توانای بەرهەمهێنانی بە 310 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دیاریکراوەو لەئایاری 2014 لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوی داعش دەستی بەسەرداگیرا، دواتر لەساڵی 2015 لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە ڕزگارکرا، بەڵام دوای تێپەڕبونی 10 ساڵ بەسەر لەکارکەوتنی پاڵاوگەکە، دوای گەڕاندنەوەی بەشێک لەپارچەکانی پاڵاوگەکە، لەشوباتی 2024 توانرا جارێکی دیکە بەفەرمی بخرێتەوەکار.