شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی
بنکەی پۆلیسی عەربەت ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد کە بەچەکوش هێرشیکردە سەر هاوڵاتییەک
و برینداریکرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی
لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" دوای ئەوەی ئەمڕۆ ڕێکەوتی 18ى 5ى 2025 لەگەڕەکی
سەرچناری شاری سلێمانی تۆمەتبارێک بەچەکوش هێرشیکردە سەر هاوڵاتییەک و برینداریکرد،
دواتر تۆمەتبار بۆ شوێنێکی نادیار هەڵات ".
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس
گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکەو لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دەستیپێکرد،
دەرکەوت تۆمەتبار بەرەو ناحیەی عەربەت هەڵاتوە.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشیخستەڕوو، دوای دەستنیشانکردنی
شوێنی تۆمەتبارو وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی
عەربەتەوە تۆمەتبار دەستگیربکرێت.
لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" لەئێستادا
تۆمەتبار (ت، س، ع) لەدایکبووی 1977 بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە
".