شارپرێس:
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە تێیدا
وردەکارییەکانی پرۆتۆکۆڵی کۆبونەوەیەکی نهێنی ئاشکراکردوە، کە سەرکردە باڵاکانی بزوتنەوەی
حەماس لەنێویاندا یەحیا سنوار لە 2ی تشرینی یەکەمی 2023دا بەشداربون،
لەو ماوەیەدا پلانیان بۆ هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر تاوتوێ کردوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو بەڵگەنامانەی سوپای ئیسرائیل
پشتی پێبەستوە، لە تونێلێکی غەززەدا دۆزراونەتەوە و دەریدەخەن کە مەبەست لە هێرشەکە
بۆ شکستپێهێنانی دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و
سعودیە بوە، کە سنوار بە "پێشکەوتنێکی بەرچاو" وەسفیکردوە و پێوابوە
دەبێتە هۆی پشتگویخستنی دۆزی فەلەستین.
لە میانی دیدارەکەدا، سنوار هۆشداریی داوە کە سەرکەوتنی
ئەو دانوستانانە دەتوانێت هانی وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیسلامیی بدات بەهەمان
ئاراستەدا بڕۆن ، ئەمەش پاڵپشتیی سیاسی بۆ دۆزی فەڵەستین لاواز دەکات.
سنوار ئەم پێشهاتەی بە "قبوڵنەکراو" وەسف کردوە
و جەختی لەوە کردۆتەوە کە کاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە هاتوە، کە نزیکەی دو ساڵ
بوە پلانی بۆ دانراوە.
راپۆرتەکە ئاشکرایکردوە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس جەختی
لەوە کردۆتەوە کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە هێنانەدی "گۆڕانکاریی چۆنایەتی"
یان "گۆڕانکاری ستراتیژی"یە لە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بەشێوەیەک کە
خزمەتی دۆزی فەڵەستین بکات.
هەروەک لە ڕاپۆرتەکەدا
ئاماژە بەوە کراوە کە سنوار پێشبینی کردوە ئۆپەراسیۆنەکە پشتیوانی لەو هێزە
ناوچەییانەوە وەربگرێت کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەماهەنگییەکی
فراوانترە لە سنوری غەززە لەچوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەی ناوچەیی لەگەڵ ئیسرائیل.
