شارپرێس:
وەزارەتی نەوتی عێراق جەخت لەسەر پێویستیی پابەندبونی حکومەتی هەرێم دەکاتەوە بەدەستورو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیو یاسا کارپێکراوەکان، لەوانەش یاسای بودجەی گشتیی کە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات بەڕادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لەکێڵگەکانییەوە بەوەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ هەناردەکردنو پڕکردنەوەی داهات بۆ خەزێنەی گشتیی.
بهگوێرهى ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوت، پێشتر بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، نامەو وەفدی فەرمی سەردانی حکومەتی هەرێمی کردوە، بەڵام بێسود بوه.
وەزارەتەکە جەخت لەسەر پێویستی دەستبەجێ دەستپێکردنی ڕادەستکردنی نەوت دەکاتەوە بەگوێرەی دەقی یاسای بودجەی هەموارکراو کە بەڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەرچوە، هەروەها پێویستە حکومەتی هەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە بەردەوامیی ڕادەستنەکردنی نەوت زیانێکی دارایی بەرچاو بەعێراق دەگەیەنێتو ناوبانگی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.
وەزارەتی نەوت ڕاشیگهیاندوه، "پابەندنەبونی حکومەتی هەرێم بەدەستورو یاساکە بوەتە هۆی ئەوەی دوجار زیان بەهەناردەکردنی نەوتی عێراقو خەزێنەی گشتیی بکەوێت، یەکەمیان وەرنەگرتنو هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لەهەرێمو سودمەندبون لەداهاتەکانی، زیانی دوەمیش ئەوەبوو کە وەزارەتی نەوت ناچاربوو بەرهەمهێنانی نەوت لەکێڵگەکان کەمبکاتەوە لەپێناو پابەندبون بەبڕیارەکانی ئۆپیک".
وەزارەتى نهوتى عێراق باسى لهوهشكردوه، چاودێری ئەو زانیاریانە دەکات کە ئاماژە بەبەردەوامی قاچاخی نەوت لەهەرێمەوە بۆ دەرەوەی عێراق دەکەنو وەزارەتی نەوت، حکومەتی هەرێم بەتەواوی لەڕوی یاساییەوە بەرپرسیار دەکات لەوبارەیەوەو مافی خۆیەتی بەردەوامبێت لەگرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنە یاساییەکان لەوبارەیهوە.
