ئەردۆغان.. ئاماژەکانى ئاوابونى سەرکردەیەکی پۆپۆلیستی

ڕاپۆرت

03/06/2025‌ 3336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ بەختیار ئەحمەد:

پێشەکی
گۆڕەپانی سیاسی تورکیا شایەتحاڵی ساتێکی گرنگە، کە خۆى لە داکشانى خۆری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەبینێتەوە کە لەمێژە نوێنەرایەتی کەسایەتییەکی پاوانخوازی ناوازەى پۆپۆلیستى دەکات لەمێژووی هاوچەرخی تورکیادا، لەکاتێکدا ئەردۆغان خۆی وەک ڕزگارکەرێک نیشاندەدات، بەڵام ئاماژەکان دەڵێن کە ڕێڕەوی کارى سیاسی ئەردۆغان بەهۆی بڕیارو سیاسەتەکانی، بەتایبەتی لەمامەڵەکانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، پرسی ئابوریى‌و هەوڵەکانی بۆ دوبارە داڕشتنەوەی دەستور، گەیشتوەتە خاڵی وەرچەرخانێکی مەترسیدار، ئەم نوسینە بەدواداچون بۆ ئەو هۆکارە سیاسی‌و ئابووری‌و دامەزراوەییانە دەکات کە ئاماژەن بۆ سەرەتای کۆتایی ئەردۆغان.

یەکەم: گواستنەوە بۆ پاوانخوازيى:
ئەردۆغان لەساڵی 2003وە وێنەى خۆی وەک چاکسازیخوازێک جێگیردەکات  ئەزمونەکەى چاویلێدەکرێت لەلایەن وڵاتانى ناوچەکە. بەڵام لەدوای کودەتا شکستخواردوەکەی ساڵی 2016وە سیستمی سیاسی دەگۆڕێت‌و کار زیاتر لەسەر چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی‌و پەراوێزخستنی ئۆپۆزسیۆن دەکات‌و هەژمونى زیاتر دەکات بەسەر دەسەڵاتی دادوەریی، سەربازیی‌و میدیا. ئەم ستراتیژە ڕێگەى پاوانخوازى بۆ ئاوەڵاکرد، بەڵام لەڕێگەی وەرینی متمانەی گشتی و قووڵبوونەوەی گۆشەگیریی سیاسییەوە، تۆوی ئابوونیشی چاند.

دوەم: دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو ـ وەرچەرخانێکی سیاسی:
دەستگیرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو لەمانگی ئازاری 2025 وەرچەرخانێکى سیاسی گرنگ بوو. ئەوکەسەى دووجار لەئه‌ستەنبوڵ لەکاندیدی ئەردۆغانی بردەوە، بوو بەسیمبولی ئۆپۆزسیۆنێکى دیموکراسی. کاردانەوەی جەماوەریش بۆ دەستگیرکردنی بێوێنە بوو، تەنها لەئەستەنبوڵ زیاتر لەملیۆنێک خۆپیشاندەر هاتنە سەر شەقامەکان، ئەمەش جددیترین ئاڵنگارى گشتی بۆ ئەردۆغان دروستکرد لەدوای ناڕەزایەتییەکانی پارکی گێزی (2013).

سێیەم: قەیرانە ئابورییەکان:
تورکیا ساڵانێکە بەدەست قەیرانێکی سەختی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، بەڵام ڕێوشوێنەکانی ئەم دواییە بەتایبەت دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو دۆخەکەی خراپتر کرد. لیرەی تورکی لە ماوەی دوو هەفتەدا 18%ی بەهای خۆی لەدەست دا، هاوکات ڕێژەی بێکاری بەرزبۆوە بۆ زیاتر لە 14%. ئەم هەلومەرجانە بنکە کۆمەڵایەتییە تەقلیدییەکەی ئەردۆغانی بە تایبەت لە نێو چینی ناوەڕاستی کۆنەپارێزى بەرەو پوکانەوە برد.

چوارەم: دەستوری نوێ، مانۆڕ یان دروستکردنى دابڕان لەگەڵ ڕابردوو؟
ئەردۆغان هەوڵدەدات سوود لەم ساتەوەختە وەربگرێت بۆ داڕشتنەوەى دەستوورێکی نوێ کە کۆتایی بەو شتە بهێنێت کە ناوی دەنێت دەستووری کودەتا. بەڵام ئەم هەنگاوە شمشێرێکی دوو لێوارە، لە کاتێکدا وەک چاکسازییەک دەخرێتەڕوو، نەیارانی بە دواهەمین هەوڵی دەزانن بۆ دەستەبەرکردنی مانەوەیەکى بەردەوام لەدەسەڵاتدا، ئەمە لە کاتێکدایە کە تێپەڕاندنی دەستوور پێویستی بە 400 دەنگی پەرلەمانی هەیە، کە هاوپەیمانیەکەی تەنها خاوەنى 321 کورسییە، هەر بۆیە دەکرێت بوترێت کە نزیک بوونەوەى لە کورد لە باکور مانۆڕێکى سیاسی بێت تا هەنگاوێکى کردەیی بۆ فەراهەم کردنى دەنگى پێویست.

پێنجەم: شەپۆلی پێنجەم دژە گەندەڵی:
لەمانگی ئایاری 2025 حکومەتی تورکیا هەڵمەتێکی نوێی دەستگیرکردنی ئەنجامدا، کە لەنێویاندا سەرۆک شارەوانییەکانی ئۆپۆزسیۆن بونیان هەبوو، ئەم هەوڵە ئۆپۆزسیۆن بۆ بەشەیتانکردنیان لەپێش هەڵبژاردنەکانی داهاتودا لێکى دایەوە، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنانە توڕەیی گشتیی لێکەوتەوەو ئۆپۆزسیۆنی لەدەوری پرسی دادپەروەری یەکخستەوە، لەکاتێکی هەستیاری سیاسیدا.

شەشەم: ئۆپۆزسیۆن‌و دوبارە پێگەیشتنەوە:
ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) سوودی لە هەڵەکانی ئەردۆغان وەرگرتووە و گوتارێکی یەکگرتووی گرتۆتەبەر کە تیشکی خستۆتە سەر ئازادیی و دادپەروەری و دامەزراوە مەدەنییەکان. ئیمامئۆغڵو، لە زیندان، بووەتە هێمای یەکێتی نەتەوەیی، هاوکات هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کار بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمانی نوێی هەڵبژاردن دەکەن کە دەتوانێت بە شێوەیەکی دیموکراسی ئەردۆغان لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.

دەرەنجام
ڕەنگە کۆتایی ئەردۆغان دەستبەجێ یان بە شێوەیەکى دراماتیک نەبێت، بەڵام بەڕونی لەبڕیارەکان، سیاسەتى سەرکوتگەرانە، سیاسەتە ئابورییەکان و هەوڵەکانی بۆ دوبارە داڕشتنەوەى دەستوردا بەدیدەکرێت. لەناو داکشانى شەرعیەتی جەماوەری و پەرەسەندنی ناڕەزایی ناوخۆییدا، وا دیارە ئەو سەرکردەیەی کە بەوردی ئەندازیاری سەرکەوتنى خۆی کرد، لەئێستادا بەسیاسەتەکانى ئەندازیاریی کەوتنی خۆی دەکات.