کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی کۆمۆنیست لەبارەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران هۆشداری دەدەن

کوردستان

04/06/2025‌ 676 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
هەردوو سەرکردایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) کۆبوونەوەو لەبارەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران هۆشداریان دا.


لەڕاگەیەندراوێکدا هاتووە، "لەم کۆبوونەوەدا بە تێروتەسەل باسی هەستیاربوونی بارودۆخی سیاسی ئێران و کوردستان کرا. هەڵسەنگاندنی هەردوولا لەسەر ئەم بابەتە لە یەکتر نزیک بوو. هەردوولا لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە ئەم بارودۆخە ئەرکی تایبەتی دەخاتە سەر شانی ئەو هێزانەی کە لە بزووتنەوەی کوردستاندا چالاکن. پێویستی بە کردارێکی خێرا و بەرپرسیارانە هەیە بۆ ئەوەی لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگیرێ و مەترسیەکان بڕەوێنێتەوە."

داواش دەکەن "هەر دانوستانێک لەگەڵ حکومەتی ناوەندی وەکوو پرسێکی نەتەوەیی کە هەموو لایەنەکان ڕاستەوخۆ تێیدا بەشدار بن بکرێت، نەک ڕێککەوتنی تاکلایەنە."
  
دەشڵێن، ئەو هاوکارییانەی کە تا ئێستا بەڕێوە چوون بەردەوام بن. دانیشتن و گفتووگۆی دوولایەنە بەردەوام بێت لە پێناوی کار بۆ پێکهێنانی چەتری هاوکاری لە کوردستان بە شێوەیەک کە هیچ لایەنێک کەم یا زۆر چالاک بێت، پەراوێز نەخرێت.
ئ.ه