شارپرێس:
دوای دەستبەكاربونی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن، سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی، موچەخۆران چاویان لەوەیە بڕیاری وەلائی بۆ ناردنی پارەی موچەی مانگی پێنج دەربكرێت و یاساناسێكیش دەڵێت،" دەركردنی بڕیاری وەلائی ئەركی دادگایەكی دەستورییە نەك فیدراڵی".
بەپێی بەرنامەی دادگای فیدراڵی، ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە 2025-07-07، دادگا یەکەم دانیشتنی بە سەرۆکایەتی دادوەرە نوێیەکە دەکات.
زانا تۆفیق، مامۆستای زانكۆ و پسپۆری یاسا لە لێدوانێكدا بە شارپرێسی ڕاگەیاند،" لەعێراقدا هەموو بڕیارێك واریدە و دەكرێت ڕوبدات، چونكە بەداخەوە زۆربەی بابەتەكان لەرێگەی سیاسیەوە یەكلادەكرێنەوە".
ئەم یاساناسە وتیشی،" بەپێی كاركردنی پێشتری سەرۆكە نوێكەی دادگای فیدراڵی و بۆ سەركوتكردنی ئەو ناڕ|ەزاییانەش كەپێشتر لەبەرامبەر سەرۆك و دادگاكە دروست بون، پێدەچێت كاركردنی دادگای فیدراڵی و تێڕوانییان بۆ دۆسیەكان جیاوازتر بن، لەو ڕوانگەیەشەوە دەركردنی بڕیاری وەلائی ئاسان نەبێت".
هاوكات، پێشتر دادگای فیدراڵی ڕایگەیاندبوو لەزوترین كاتدا بڕیارێكی وەلائی بۆ ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەردەكات، بەڵام دواتر بەهۆی گرفتی ناو دادگاكەوە بڕیارەكە نەدرا.
ئەمە لەكاتێكدایە، لەلایەن ژمارەیەك لە موچەخۆرو فەرمانبەری هەرێمەوە بە سكاڵایەك داوا كرا دادگای فیدراڵی بڕیارێك بۆ ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەربكات.
ش.ح