شارپرێس:
سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، پێدەچێت حەماس بیەوێت بارمتەكان بخاتە هێڵی پێشەوەی شەڕ، ئەگەر وابكات ئەوا دەرگاكانی دۆزەخی بەسەردا دەكەنەوە، دەشڵێت،" بارمتەكان وەك قەڵغان بەكاربهێنیت، دوچاری كێشەیەكی گەورە دەبنەوە".
دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەواندا ڕایگەیاند،" دەبینین سەبارەت بەهێرشە زەمینییە نوێیەكەی ئیسرائیل بۆسەر غەززە چی ڕودەدات. كەس بەدۆخی غەززە دڵخۆش نییە، پێئەچێ حەماس بیەوێت بارمتەكان بخاتە هێڵی پێشەوەی شەڕ، ئەوەش كارێكە كە سەدان ساڵە نەبیندراوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر حەماس بارمتەكان وەكو قەڵغانی مرۆیی بەكاربهێنێت، دەرگاكانی دۆزەخی بەسەردا دەكەنەوە.
لەبارەی جەنگی ئۆكرانیاو ڕوسیا، ترەمپ دانی بەو ڕاستیەدا نا، كە "پێموابوو كۆتایهێنان بەجەنگی ئۆكرانیاش ئاسانە، بەڵام وانەبوو، بەهۆی ڕقی نێوان سەرۆكی هەردوو وڵاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی ئۆكرانیا دەبێت رێككەوتن لەگەڵ ڕوسیا بكات".
ترەمپ سەبارەت بەزیادكردنی باجە گومرگییەكان، باسی لەوەكردو وتی،" بەهۆی باجە گومرگییە كاتییەكەوە، ترلیۆن دۆلارمان قازانج كرد، ئەگەر ئەو باجانە پەسەندبكرانایە، دەبوین بەدەوڵەمەنترین دەوڵەتی جیهان". لەكاتێكدا، دۆسیەی باجە گومرگییەكان لەبەردەم دادگای باڵادایە.