داوای ئازادكردنی دەستبەجێی دەمیرتاش دەكرێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 478 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەم پارتی داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات و دەڵیت،" بەهێشتنەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەزینداندا، ناتوانرێت هیچ متمانەیەک بۆ کۆمەڵگا دروست بکرێت".


پاش سەردانێکی جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری ئامەدی سەر بەدەم پارتی، بۆ لای سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە، لەزیندانی ئەدیرنە، چاندار ڕایگەیاند،" ئەگەر بەڕاستی پرۆسەیەکی ئاشتی لەتورکیا دەستیپێکردبێت، پێویستە دەمیرتاش ئازاد بکرێت".

هەروەها پەرلەمانتارەكەی دەم پارتی وتی، "سەڵاحەددن دەمیرتاش چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە، کە لە 8ی تەموزی 2025 دەرچوە. ماوەی تانەلێدانی تورکیا خەریکە کۆتایی دێت و ئەگەر تورکیا ناڕەزایی دەرنەبڕێت، دەمیرتاش دەستبەجێ ئازاد دەکرێت".

چاندار ئاماژەی بەوەدا "دۆخی ئێستا نیشانەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەرەو ئاشتی هەنگاو نانێت؛ چونکە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بێت، پێویستە متمانەو پشتیوانی کۆمەڵگا بەدەستبهێنرێت، بەڵام بەهێشتنەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەزینداندا، ناتوانرێت هیچ متمانەیەک لەم پرۆسەیەدا بۆ کۆمەڵگا دروست بکرێت".

پێشتر، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارێكی سەبارەت بەئازادکردنی دەمیرتاش دوپاتکردبوەوەو ماوەی سێ مانگی بۆ تورکیا دیاریکردبوو بۆ تانەلێدان.