شارپرێس:
رۆژی یەکشەممە لە پیرمام، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازی لە ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی روسیا لە عێراق کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا کە ماکسیم ڕۆبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە بارودۆخی سیاسیی و گۆڕانگاری و پێشهات و ئاڵنگارییەکان لە عێراق و ناوچەکە کرا.
لەکۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا لە بارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا و درێژەدان و بەردەوامی پێشخستنی ئەم رێککەوتنە بە گرنگ زانرا.
هاوکات لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و دەرئەنجام و هەنگاوەکانی دوای ئەم پڕۆسەیە و لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرا.
لای خۆیەوە بارزانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازاد و دیموکراسیدا، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێنە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فیدڕاڵی بەهێز لەسەر بنەمای دەستوری هەمیشەیی عێراق و بە بەشداری هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان.
ئ.ە