شارپرێس:
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە دووپاتیکردەوە کە ئیسرائیل دیدگای خۆی سەبارەت بە "هێزە قبوڵنەکراوەکان" لە کەرتی غەززە بۆ زلهێزە نێودەوڵەتییەکان ڕوون کردووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا لەسەر ئەم هەڵوێستە لەگەڵ ئیسرائیلە.
ناتانیاهۆ لە کۆبونەوەی حکومەت ڕایگەیاند: ئێمە ئاسایشی خۆمان کۆنتڕۆڵ دەکەین، هەروەها بە ڕونی بۆ زلهێزە نێودەوڵەتییەکانمان ڕاگەیاندووە کە ئیسرائیل دیاری دەکات کە کام هێز لای ئێمە قبوڵ ناکرێت، ئێمە بەم شێوەیە مامەڵە دەکەین و بەردەوامیش دەبین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بێگومان ئەمە لەلایەن ئەمریکاوە قبوڵکراوە، وەک نوێنەرە باڵاکانی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا دەریانخستووە.
ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە "سیاسەتی ئەمنی ئیسرائیل لە دەستی خۆیدایە"، هەروەها "بە هێزی خۆی بەرگری لە خۆی دەکات و بەردەوام دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی چارەنوسی خۆی".
پێشتر نوسینگەی ناتانیاهۆ ڕەتکردنەوەی چونە ناوەوەی هێزەکانی تورکیای بۆ ناو غەززە ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.
پلانەکەی ترەمپ بریتی بوو لە بەشداریکردنی تورکیا لە هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.
ئ.ه
