شارپرێس:
وهزیرى کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی حكومهتى ههرێم ههواڵى خۆشى بۆ خاوهن پێداویستیه تایبهتهكان پێیهو ڕایدهگهیهنێت، "هەموو ئامادەکارییەکمان کردوەو لیستی خاوەن پێداوستییە تایبەتەکانمان ڕادەستی بەغدا کردوە، بۆ ئەوەی کار لەسەر زیادکردنی موچەکانیان بکرێتو کەمترین موچەیان ببێت بە250 هەزار دینار".
لهوبارهیهوه کوێستان محەممەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حكومهتى ههرێم قسهى بۆ میدیاى نزیك لهپارتى كردوهو وتویهتى، "بەغدا داوای لیستێکی لێکردوین کە دوای زیادکردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان جیاوازییەکە دەبێتە چەند بۆ ئەوەی تەرخانی دارایی بۆ بکرێت، ئەمەش دوای پەسەندکردنی بودجەی 2026 دەبێت".
وتوشیهتى، "ئەو خاوەن پێداوسیتییانەی کە ناویان تۆمارکراوەو موچەیان بۆ نەبەستراوە، بەڵێندراوە لەبودجەی ساڵی داهاتوو، کاری لەسەربکرێتو وەک ئەوانەی دیکەش موچەکەیان زیاد دەکات".
سەبارەت بەسڕینەوەی ناوی کەسانی ناشایستە لەلیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، كوێستان محهمهد ڕایگهیاندوه، "لەساڵی 2019 پاکسازیی لەلیستەکان دەستیپێکردوەو سەرجەم خاوەن پێداوسیتییە تایبەتەکان دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە، 18 هەزار ناو سڕاونەتەوە کە موچە وەردەگرنو خاوەن پێداویستی تایبەت نین".
سەروی 70 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت ئێستا 100 بۆ 150 هەزار موچەیانە، وەزارەتی کار لەڕێگەی هەماهەنگی نێوان هەولێرو بەغدا کار لەسەر ئەوەدەکات کە موچەکانیان زیادبکرێت، هاوکات ماوەی 12 ساڵە ناوی 13 هەزارو 200 خاوەن پێداویستی تایبەت کە لیژنەی تەندروستییان بینیوە ناویان ڕەوانەی بەغداکراوەو موچەیان بۆ نەبڕاوەتەوە.
