یابان جۆره‌ ئاوێك بەرهەمده‌هێنێت چەوریی ورگ ده‌توێنێته‌وه‌

هەمەڕەنگ

02/11/2025‌ 1030 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای خواردنەوە ژاپۆنی "سەنتۆری" جۆرێکی نوێی ئاوی خواردنەوەی ناساندووە کە دەوترێت یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی چەوریی ورگ، ئەمەش هەنگاوێک بووە کە سەرنجی بەکاربەران و توێژەرانی ڕاکێشاوە.


بەرهەمە نوێیەکە، کە ناوی "ئاوی تایبەت"ە، وەک ئاوی کانزایی ئاسایی دەردەکەوێت، بەڵام لە ژاپۆن بە فەرمی لە پۆلی "خۆراکی وەزیفی" پۆلێن کراوە، کە ئەو بەرهەمانەن بە شێوەیەکی یاسایی ڕێگەپێدراون بۆ بڵاوکردنەوەی سوودە تەندروستییە سەلمێنراوەکانیان.

بەپێی ماڵپەڕی "ئۆدیتی سەنتراڵ"، ئەم داهێنانە لە پلەی یەکەمدا  بۆ کارمەندانی نووسینگە و ئەو کەسانەیە کە لە ستایلێکی ژیانی ناڕێکدا دەژین و چەوری ناوپۆشیان کۆدەبێتەوە.

"ئاوی تایبەت" پشت بە ترشی HMPA دەبەستێت، کە پێکهاتەیەکی سروشتییە و لە برنجی خومرە کراوەوە وەرگیراوە، و تاقیکردنەوە کلینیکییەکان سەلماندوویانە کە رۆڵی هەبووە لە باشترکردنی دابەشبوونی چەوری لە ناوچەی سکدا لەو کەسانەی کە ئاستی BMIیان بەرزە.

سەرەڕای تایبەتمەندییە ناوازەکانی، بەرهەمەکە هەمان شێوە و تامی ئاوی ئاسایی هەیە ڕوون و بێ ڕەنگ و بێ تام، بێ شەکر و کافایین و کالۆرییە .

بوتڵێکی 600 مل بە نرخی 150 یەن (نزیکەی یەک دۆلار) دەفرۆشرێت، ئەمەش وای دەکات لەبەردەستی زۆربەی خەڵکدا بێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی