شارپرێس:
یەکێتی مامۆستایانی کورد لە شارۆچکەی هەرسین لەسنوری پارێزگای کرماشان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا پاڵپشتی بۆ دوو ژنە مامۆستای کورد لەشاری جوانڕۆ ڕاگەیاند، کە لەسەر سروودی "ڕێی خەباتمان" دورخراونەتەوە.
دوو مامۆستای کورد لە خوێندنگەی سەرەتایی فێردەوسی کچان لە شاری جوانڕۆ بەهۆی وتنی  چەند سروودێک لەوانە "ڕێی خەباتمان" لەپیشەکانیان دورخرانەوە.
یەکێتی مامۆستایانی کورد لە هەرسین دەڵێت، "سزادانی هەردوو مامۆستاکە نامرۆڤانە و پێچەوانەی ڕۆحی ئازادی و ئەرکی کەلتوورییە، هونەر و هۆشیاری، دەنگی ئاشتی تەنانەت لەژێر گەمارۆی ئاگردا بێدەنگ نابێت".
دەشڵێت، سروودی ڕێی خەباتمان بەرهەمێکە بۆ ئیدانەکردنی کیمیابارانی هەڵەبجە کە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و هاوشێوەی هۆلۆکۆستە، ئەم سروودە لەلایەن کچانی قوتابخانەی فێردەوسی جوانڕۆ وتراوە بۆ ڕێزلێنان لە یادی قوربانیانی هەڵەبجە و هەموو کوژراوانی جەنگەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
لەڕاگەیەندراوەکەی یەکێتی مامۆستایانی کورددا هاتووە، هونەر ڕێنیشاندەر و ڕەنگدانەوەی خۆڕاگریی و هاوخەباتی خەڵکی چەوساوەیە، هونەر چەکێکە لە تێکۆشان دژی ئەو نایەکسانییانەی کە بەسەر جیهاندا زاڵ بووە.
ئ.ه     
        
             
            
          
			
				