ڕاپۆرتە هەواڵى مانشێتى ڕۆژنامەکانى تورکیا بۆ 3 تشرینی دووەمی 2025

ڕاپۆرت

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 50 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕۆژنامە تورکییەکان بە تایبەتی بڵاوکراوەکانی وەک حورییەت، میللەت و یەنی شەفاک بە شێوەیەکی بەرفراوان، تیشکیان خستە سەر دوو پێشهاتی سەرەکی: دابەزینی هەڵاوسان، کە پاڵپشتی سیاسەتی بانکی ناوەندییە و واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری ئاو لەگەڵ عێراق.

یەکەم: هەواڵە ئابوورییەکان (ڕۆژنامەکانى ئاکشام و دونیا):
داتاکانی هەڵاوسان کە لەلایەن دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK) بڵاوکراونەتەوە، دیارترین بەشی ڕووماڵی ئابووری بووە، مانشێتەکانیش بە سەرکەوتنێک بۆ سیاسەتی ئابووری یان گڵۆپی سەوز بۆ بانکی ناوەندی وەسفیان کراوە:
‌أ.هەڵاوسان زیاتر لەچاوەڕوانکراو خاو دەبێتەوە: ڕێژەی ساڵانە (تشرینی یەکەم): هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 32.9% دابەزیوە، لە کاتێکدا لە مانگی ئەیلولدا 33.3% بووە.
‌ب.چاوەڕوانییەکان: تێکڕای پێشبینییەکانی ئەو شیکارانەی کە لەلایەن بڵاوکراوەکانی وەک بلومبێرگەوە ڕاپرسییان لەسەر کراوە، ئاماژەی بە ڕێژەیەکی جێگیر کردووە کە 33.2% بووە.
‌ج.شیکاری: ئەم دابەزینە کە زیاترە لەوەى چاوەڕوانى دەکرا، نیشاندەرێکی ئەرێنییە کە سیاسەتەکانی بەهێزکردنى دراو بە شێوەیەکی کاریگەر بەرهەمیان دەبێت، هەرچەندە هەڵاوسان بە بەرزی دەمێنێتەوە.
پشتیوانی بۆ بەردەوامی دابەزاندنی ڕێژەی سوود: ڕۆژنامەکان تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە دابەزینی هەڵاوسان پێگەی بانکی ناوەندی تورکیا بۆ بەردەوامیدان بەسووڕی بەردەستبوونى دراوی تورکیا بەهێزتر دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری دابەزاندنی زیاتری ڕێژەی سوود لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا.
شیکارییە ئابوورییەکان لە ڕۆژنامەکانی وەک (دونیا، ئیکۆنۆمی و پۆلیتیکا - DÜNYA EKONOMİ-POLİTİKA) ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم دابەزینە بوارێکی زیاتر دەدات بە بانکی ناوەندی بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەکردن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی پێوەرەکانی بەڕێوەبەرانی کڕینی تورکیا (PMI) بۆ 46.5 لە مانگی ئۆکتۆبەردا، کە ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوونی ئاستەنگەکانی خواست لە کەرتی بەرهەمهێناندا.
دەستپێشخەرییە بازرگانییە هەرێمییەکان: ڕۆژنامەکان ڕووماڵی دەستپێکردنی گروپی "B57+"یان لە ئەستەنبوڵ کرد بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی (OIC) کە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندامە.
دووەم: هەواڵە سیاسییەکانى ڕۆژنامەکانى (یەنى شەفەک و حورییەت HÜRRİYET و YENİ ŞAFAK) ئەنجامی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاو زاڵ بوو بەسەر مانشێتە سیاسییەکاندا:

میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی "مێژوویی" ئاو: ڕۆژنامەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە واژۆکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاو لەگەڵ عێراق نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخان دەکات لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا. میکانیزمی ڕێککەوتن لەسەرکراو ئەم وردەکاریانەی خوارەوەی لەخۆگرتبوو:
‌أ.پڕۆژەکانی ژێرخانی: تورکیا بەرپرسیارێتی سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی باشترکردنی کوالیتی ئاو و ڕاگرتنی پیسبوونی ڕووبارەکان و پەرەپێدانی شێواز و تەکنەلۆژیای ئاودێری هاوچەرخ لە عێراق دەگرێتە ئەستۆ.
‌ب.بەڕێوەبردنى ئاو: هاریکاریکردن لە بەڕێوەبردنى ئاو لە عێراق و عەقڵانی کردنی بەکارهێنانی.
‌ج.پاڵپشتکردنى دارایی: ئەم پڕۆژانە لەڕێگەی ئەکاونتێکەوە کە لە فرۆشتنی بڕێکی دیاریکراوی نەوتی خاوی عێراقەوە بە کۆمپانیاکانی تورکیا دامەزراوە، پشتیوانى دارایی بۆ دابیندەکرێت، بەمەش پرسی ئاو بە پرسی وزە دەبەسترێتەوە.
‌د.بەردانەوەى ئاو: ئاماژە بەوەدراوە کە لە چەند ڕۆژی دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە، یەک ملیار مەتر سێجا ئاو بۆ عێراق بەردەدرێتەوە.
فشارە ئەمنییەکان لەسەر عێراق و سوریا: ڕۆژنامەکان لێدوانی وەزیری دەرەوەی تورکیایان بڵاوکردەوە، کە بەڕاشکاوی داوای کشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە خاکی عێراق و سوریا دەکات و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێکخراوە هەڕەشەیەکی هاوبەش بۆ سەر ئاسایشی هەردوو وڵات دروست دەکات.
پاڵپشتیکردنی ڕۆڵی تورکمان: ڕۆژنامەکان بابەتیان تەرخان کرد بۆ ڕووماڵکردنی دیدارەکەی وەزیری تورکیا لەگەڵ سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، کە تیایدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە تورکمان نوێنەرایەتی "پردی پەیوەندی" نێوان ئەنقەرە و بەغدا دەکات.