وەزارەتی ناوخۆی سوریا: ژنانی ناوچە کەناراوییەکان نەڕفێنراون، بەڵکو زۆربەیان ڕەدوکەوتون

جیهان

02/11/2025‌ 927 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕایدەگەیەنێت، لەماوەکانی ڕابردودا لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باس لەوەدەکرا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە 42 ژن لە ناوچە کەناراوییەکان رفێنراون، دوای لێکۆڵینەوەکانیش دەرکەوت کە تەنها یەک حاڵەتیان رفاندن بوە.


نورەدین بابا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد،" لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی هەڵمەتی رفاندنی ژنان لە شارەکانی لازقییە، تەرتوس، حیمس و حەما سەردانی ئەو ناوچانەی کردوە و دەرکەوتوە کە لەکۆی 42 حاڵەت کە باسی لەوەدەکرا، تەنها یەک حاڵەتیان رفاندن بوە ".

ئەوەشیخستەڕوو، لەو ژمارەیە 12 حاڵەتیان بریتی بون لە هەڵاتنی کچان و ژنان لەگەڵ دۆستەکانیان، نۆ ژنیش لە ماڵەکانیان بۆ ماوەیەکی کورت هەڵاتون کە کەمتر لە 48 کاتژمێریان خایاندوە، شەش حاڵەتیان هەڵاتن بوە بەهۆی توندوتیژی خێزانی، شەش حاڵەتیشیان راست نەبون و قسەی بێ بنەما بون لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، چوار حاڵەت تێوەگلان بوە بە لەشفرۆشی و چوار ژنی دیکەش بەهۆی ئەنجامدانی تاوانەوە دەستگیرکراون.