هێزێکی ئەمنی دەچێتەسەر ئێن ئاڕتی و بەرنامەیەکی شاسوار عەبدولواحید ڕادەگرێت

کوردستان

02/11/2025‌ 865 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەدوای ڕاگرتنی بەرنامەی تاوتوێ لەكەناڵی ئێن ئاڕتی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، ئەو كارانە سورتریان دەكات لەسەر  ڕێگەی حەق و بەرگریكردن لەخەڵك.


جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، ئەمشەو کاتژمێر 7، لەکاتێکدا بڕیاربوو لەکەناڵی ئێن ئاڕتی، بەرنامە و پەیامی سەرۆکی جوڵانەوەکەمان، شاسوار عەبدولواحید لە زیندانەوە پەخشبکرێت. بەڵام وەک پیشەی هەمیشەی خۆی دەسەڵاتە ئیکسپایەر و لەرزۆک و تۆقیوەکەی پارتیی و یەکێتیی هێزی ئەمنیی ناردەسەر کەناڵەکە و ترسنۆکانە ڕێگریی کرد پەیام و قسەکانی بۆ هاوڵاتیانی ئازیز پەخشبکرێت.

دەشڵێن، ئەم دەسەڵاتە ترسنۆک و لەرزۆکە تەبیعەتی شەمشەمەکوێرەی هەیەو فێری هەڵکوتانەسەری شەوانەیە و دڵنیایە لەوەی کاک شاسوار زۆر لەجاران ئازاترو ئازادتر و بەئیرادەتر پەیامەکانی دەنێرێت بۆ خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان. 

جەختیش دەكەنەوە، ئەمە ئەو درۆ گەورەیەی دەسەڵاتە کە پارتیی و یەکێتیی ناویان لێناوە «ئازادیی» کە لەڕاستییدا ئەوەی باوەڕ بێت بە ئازادیی نیانە جا چ ئازادیی سیاسیی بێت یان میدیایی.

دوپاتیشی دەكەنەوە، ئەم كارانەی دەسەڵات نەوەی نوێ  هەزار هێندە سورتر دەکات لەسەر ڕێگای حەق و بەرگرییکردن لەخەڵک.