شارپرێس:
لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی چینی لەئەفسەرانی سوپای ئیسرائیل قەدەغە دەكرێت و سەرۆك ئەركانی سوپا ئاشكرایكرد، هەر ئەفسەرێك ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراوی چینی هەبێت، لێی وەردەگیرێتەوە.
ڕۆژنامەی ئیسرائل هیوم بڵاویكردەوە، ئیال زامیر، سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل لەبڕیارێكی كتوپڕدا لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی چینی لەئەفسەرانی سوپای وڵاتەكەی قەدەغەكردو بەگوێرەی بڕیارەكە، لەمەودوا نابێ هیچ ئەفسەرێكی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلی چینی بەكاربهێنێت.
ڕۆژنامەكە لەچەند سەرچاوەیەكی هەواڵگریی ئیسرائیلەوە ئاشكرایكردوە، هۆكاری بڕیارەكە، بونی مەترسییە لەسیخوڕیكردن بەسەر ئەفسەرانی سوپای ئیسرائیل لەڕێگەی دانانی سیستم و ئامێری سیخوڕی لەناو ئۆتۆمبێلەكانی چینی كە هەناردەی ئیسرائیل كراوە.
بەگوێرەی بڕیارەكەی سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل، هەر ئەفسەرێكی سوپای ئەو وڵاتە، ئۆتۆمبێلی چینی هەبێت، لێی وەردەگیرێتەوەو ئۆتۆمبێلێكی تری پێدەدرێت، چاوەڕوانیش دەكرێت پرۆسەكە لەچارەكی یەكەمی ساڵی داهاتوو كۆتایی پێبێت.
ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل لەدوای گرتنەبەری هەنگاوێكی هاوشێوە دێت لەلایەن ئەمریكا و بەریتانیا، كە پێشتر بڕیاریاندابوو بەكارهێنانی ئۆتۆبێلی چینی لەدامەزراوە هەستیارە ئەمنییەكانی وڵاتەكانیان قەدەغە بكەن.
