کوڕەکەی تاتڵیساس هەڕەشەی کوشتن لەباوکی دەکات‌و کێشەیەکی گەورە دەکەوێتە نێوانیان

هەمەڕەنگ

02/11/2025‌ 2800 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیبراهیم تاتڵیساس هونەرمەندی ناوداری تورکیا سکاڵای یاسایی لەدژی کوڕە گەورەکەی تۆماردەکات و بە هەڕەشەکردن و دەستوەردان لەکاروباری تایبەتی و سامانەکەی تۆمەتباری دەکات، دادگاش فەرمانی بە کوڕەکەی کردوە لە سێ کیلۆمەتر زیاتر لەباوکی نزیک نەبێتەوە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، دادگای دوی کاروباری خێزان لە شاری ئیزمیر سەرپەرشتی دۆسیەکە دەکات‌و فەرمانێکی دەرکردوە و داوا دەکات ئەحمەد تاتڵیساس، کوڕی ئەو هونەرمەندە دەکات لە سێ کیلۆمەتر زیاتر لە باوکی نزیک نەبێتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئامێرێکی ئەلیکترۆنی تایبەت لەسەر جەستەی هەردوکیان دانراوەو ئەگەر ئەو مەودایە ببەزێنێت کە دیاریکراوە، راستەوخۆ زەنگی ئاگادارکردنەوە لای پۆلیس لێدەدات.

هاوکات، ئەحمەد تاتڵیساس لەرێگەی پارێزەرەکەیەوە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی باوکی داوەتەوە و دەڵێت، زیاتر لەیەک ساڵە پەیوەندی لەگەڵ باوکی نەماوە و قسەی لەگەڵ نەکردوە، بۆ پارێزگاریکردنیش لە خۆی پەنا بۆ دادگا دەبات.

پێشتر، ئیبراهیم تاتڵیساس دوو سکاڵای دیکەی لەدژی ئەحمەدی کوڕی و نەوەکەی تۆمارکردبوو، کوڕەکەی بە بەکارهێنانی ناوی "تاتڵیساس" وەک براندێکی بازرگانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی باوکی، نەوەکەشی بە داگیرکردنی شوقەیەکی لەشاری ئیستانبوڵ تۆمەتبار کردبوو.

محەمەد سەردار