لەچەمچەماڵ 63 خوێندکاری خوێندنگەیەک پێکەوە واز لەخوێندن دەهێنن

کوردستان

02/11/2025‌ 3247 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی کێشەی دەوامی خوێندنگەیەکی ئامادەیی کچان لەسنوری قەزای چەمچەماڵ،  63 خوێندکاری کچ وازیان لەخوێندن هێنا.


63 خوێندکاری ئامادەیی تاڤگەی کچانی ئێواران لە بانگەوازێکدا ئاماژە بەوەدەکەن، بەهۆی ئەوەی رۆژانە دەوامی خوێندنگەکە لەکاتژمێر 4:00ی ئێوارە دەستپێدەکات و کاتژمێر 8:00ی شەوی کۆتاییدێت، ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، چونکە زۆربەیان ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە و ئەرک و بەرپرسیارێتی ماڵەوەیان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی تەواوبونی دەوامی خوێندنگەکە لەشەودا، کەسوکاریان رێگەیان پێنادەن درێژە بەخوێندن بدەن.

ئەو خوێندکارانە باسیان لەوەکردوە، بەهۆی ئەوەی بینای خوێندنگەکەیان تەنها یەک دەوامی تێدایە، دەتوانرێت لەبری کاتژمێر 4، رۆژانە لە کاتژمێر 2ی نیوەڕۆ دەوامیان دەستپێبکات، بۆ ئەوەی زوتر تەواوبن و بەپێی رێنماییەکانیش چارەسەری ئەو کێشەیە بەوشێوەیە رێگەپێدراوە.