تونس ڕێوشوێنی توند دژی پەناخوازان دەگرێتەبەر

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 192 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

تونس لە ساڵی 2025دا 10 هەزار پەناخواز دیپۆرت دەکاتەوە و بەڵێن دەدات نەبنە ناوچەی ترانزێت بۆ ئەوروپا.

 محەممەد عەلی نەفتی وەزیری دەرەوەی تونس ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 10 هەزار پەناخوازی بێ بەڵگەنامەیان دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان کردووە، کە زۆربەیان خەڵکی ئەفریقا بوون، ئەمەش لەکاتێکدایە وڵاتەکەی ڕووبەڕووی فشارەکانی یەکێتی ئەوروپا دەبێتەوە بۆ ڕاگرتنی پەڕینەوە لە سەرانسەری سنورەکان لە دەریای ناوەڕاست.

نەفتی ڕونیکردەوە، دیپۆرتکردنەوەکان لە ڕێگەی پرۆگرامی گەڕانەوەی خۆبەخشانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ئەنجامدراوە، هەفتانە گەشتی ئاسمانی ڕێکدەخرێت بۆ یارمەتیدانی کۆچبەران بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان.

 وتیشی، تونس هاوبەشە ئەوروپییەکانی دڵنیا کردووەتەوە کە "نابێتە ناوچەیەکی ترانزێت" بۆ ئەوروپا.

داتا فەرمییەکان دەریانخستووە کە تونس لە ساڵی2024دا نزیکەی 7200 پەناخوازی گەڕاندۆتەوە بۆ وڵاتانی  خۆیان، و بەنیازە  بەردەوام بێت تائەو کاتەی دیاردەکە بنبڕ دەکرێت".

تونس ڕووبەڕووی قەیرانی کۆچکردن بووەتەوە، هەزاران کۆچبەر لە ئەفریقاو وڵاتانی دیکەوە لە دارستانەکانی ناوچەکانی باشور لە چادردا دەژین، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران ڕێگرییان لێکردوون لە دەریای ناوەڕاست بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا.

لەگەڵ توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی تونس بەدرێژایی سنورە دەریاییەکانی، ژمارەی ئەو پەناخوازانەی کە دەگەنە ئەوروپا لەمساڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
ئ.ه