ئیمارات دوای سودان فراوانخوازییەکانی لەیەمەن دەستپێکرد

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 468 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس: 

لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی یەمەنەوە، حەزرەمەوت یەکێک لە هەستیارترین گۆڕانکارییەکان تێیدا ڕوویدا.

لەدوێنێوە چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئەنجومەنی کاتی باشوور بۆ ناو ناوەندی حەزرەمەوت بەردەوامە و لەدوێنێوە چەندین شوێنیان کۆنترۆڵ کردووە.

 ڕۆژهەڵاتی یەمەن ڕووبەڕووی هاوکێشەیەکی نوێ دەبێتەوەو ئەنجومەنی کاتی باشوور فراوانخوازی  دەکات و  لە جەرگەی ناوچەکە بڵاوبوونەوە بەتایبەت ناوچەکانی نەوت و غاز.

سەرچاوە ناوخۆییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە، یەکە سەربازییەکانی حکومەتی یەمەن نزیک لەسعودیە کشاونەتەوە و شوێنە سەربازییەکانیش بەبێ هیچ بەرگرییەک کەوتنە دەستی هێزەکانی باشوور.

بەگوێرەی سەرچاوەکان لەیەمەن هێزەکانی باشوور ئیمارات پشتیوانیان دەکات و ناوەندەکەیان شاری عەدەنە.

چاودێران دەڵێن ئەم هێزانە ئێستا دوای سودان شەڕیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی نزیک لەسعودیە دەستپێکردووەو ڕەنگە کاربکەن بۆ ڕاگەیاندنی دەسەڵاتێکی نوێ لەباشووری یەمەن.

لە ساڵانی ڕابردوودا دوای کۆنترۆڵکردنی پایتەخت و ناوچەکانی دیکە لەلایەن حوسییەکانی سەر بەئێران، لەنێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەنی دژبەری حوسییەکانیش کە وڵاتانی عەرەبی پشتیوانیان دەکەن ناکۆکی لەنێوان هێزەکانی پشتیوانکراو لەلایەن ئیمارات و هێزەکانی دیکەدا هەبووە.

عەدەن بەناوەندی هێزەکانی باشوور دادەندرێت و زۆرجار ئیمارات تۆمەتبارکراوە بەداگیرکردنی عەدەن.

ئیمارات دوای چوونە نێو شەڕی ناوخۆی سودان، لە یەمەنیش هەوڵی فراوانخوازی دەدات.

لەسودان بەگوێرەی سەرچاوە ئەمریکییەکان، ترەمپ پێشنیازیکردووە بۆ قایلکردنی ئیمارات بەڕاگرتنی شەڕ لەسودان گرووپە ئیسلامییەکان لەسوپای سودان دووربخاتەوەو سعودییە ڕێگرنییە لەم هەنگاوە بەمەرجی مانەوەی عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپای سودان.
ئ.ح