شارپرێس:
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دڵنیایی دەدات و دەڵێت، ناجێگیریی بەهای دۆلار کاتییەو پشت بەداتای ئابوریی ڕاستەقینە نابەستێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەوەی لەبازاڕی دراودا ڕویداوە، تەنیا ناجێگیرییەکی کاتی و نائاساییە کە بەهۆی زانیاریی نادروست و دەنگۆوە دروست بوە، ئەمەش دەبێتە هۆی قازانجکردنی کورتخایەن.
وتیشی، قۆناغەکانی گواستنەوەو دوای هەڵبژاردنەکان، لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمی حوکمڕانیی گومرگ و ڕێکارە دیجیتاڵییەکان، دەبێتە هۆی جووڵانەوەی نرخەکان، ئەم گۆڕانکارییانە شەفافیەت و رێکخستن لەژینگەی بازرگانی و داراییدا بەهێز دەکەن.
دەشڵێت، ناجێگیریی نرخی دۆلار لەبازاڕدا کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر ئاستی گشتیی نرخەکان نەبوەو سیاسەتی دراویش بەردەوامە لەجێگیرکردنی نرخەکان و پاراستنی نرخی فەرمیی دراو، کەبوەتە هۆی کەمبونەوەی گەشەی ساڵانەی هەڵاوسان بۆ ئاستی نزمتر لە2.5%.
ئاماژەی بەوەشکردوە، سیاسەتی جێگیربونی نرخی دراو پشت بەیەدەگی بەهێزی دراوی بیانی دەبەستێت کە پشتیوانی لەجێگیربونی نرخی فەرمیی دراو دەکات، کە هەزار و 320 دینارە بۆ هەر دۆلارێک