ئاسایشی هەولێر هۆکاری رێگریکردن لەچونی چەند بەرپرسێکی یەکێتی بۆ شارەکە ئاشکرادەکات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 11367 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی لە بازگەی کۆیە رێگری لە چونی چەند بەرپرسێکی پارتی بۆ سلێمانی کراوە، ئەوانیش رێکارەکانیان لە بازگەکانی خۆیان توندکردەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە بازگەی سنوری کۆیە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سەر بەو بازگەیەوە، ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی و پاسەوانەکانیان کرا کە بەرەو سلێمانی بچن و پێیان گوترا کە بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە ناتوانن بچنە سنوری سلێمانی، ئەمەش جێگەی سەرسووڕمان بوو، چونکە هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان لە سەرانسەری هەرێم ئازادە و هەموو پاسەوانەکانیش مۆڵەتی چەک هەڵگرتنیان هەیە.

ئەوەشیخستەڕوو، لە بەرانبەر ئەو کردارەدا ڕێکارەکان لە بازگەکان توند کرا و هاتوچۆکان سنووردار کران، بەڵام دوای ئەوەی ڕوونکردنەوە درا کە ئەوەی ڕوویداوە هەڵەیەک بووە و بە مەبەست نەبووە، دۆخی بازگەکان ئاسایی بوویەوە.

ئاسایشی هەولێر دەشڵێت: داواکارین ئەم ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە و لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە ئەو دۆخەیان دروست کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لەکاردانەوەی رێگریکردن لەچەند بەرپرسێکی پارتیی لە بازگەی کۆیە لەچونیان بۆ سلێمانی، ئاسایشی پارتیش لە بازگەی دێگەڵە ڕێگری لە فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و د. یوسف گۆران ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی کردوە لەوەی بچنە هەولێر، لە بازگەی سماقولیش رێگری لە لوقمان وەردی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كراوە بچێتە هەولێر و گەڕاندوویانەتەوە.