شارپرێس:
لەهەنگاوێکدا کە ڕەنگدانەوەی زیادبونی چاودێریی
ئەمریکایە بۆ دۆخی سیاسییو ئەمنی لەسوریا، 143 ئەندامی کۆماریخوازی ئەنجومەنی نوێنەرانی
ئەمریکا، داواکارییەکی فەرمییان واژۆکردو پابەندبونیان بەچاودێریکردنی وردی پێشهاتەکانی
سوریا، بەتایبەتی سەبارەت بەپاراستنی کەمینە ئایینیو نەتەوەییەکان دوپاتکردەوە، ئەوان
بەناو "حوكمڕانیى شهرع"یان خستە ژێر لێکۆڵینەوەیەکی توندەوە، ئاماژەیان
بەئەگەری سەپاندنەوەی سزاکان کرد ئەگەر نەتوانێت پابەندبونە دیاریکراوەکان جێبەجێبکات.
چوارچێوەیەکی یاسایی مەرجدارو گەڕاوە
لەبەیاننامەیەکدا کە لە 19ی کانونی یەکەمى
ئهمساڵدا بڵاوکراوەتەوە، نوێنەران ڕونیانکردوەتەوە، یاسای ڕێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی
لە 18ی کانونی دوەمەوە بەفەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەنێویاندا هەڵوەشاندنەوەی
یاسای قەیسەر، بەڵام بهگوێرهى بەیاننامەکە، ئەم هەڵوەشاندنەوەیە مەرجدارە نەک کۆتاییو
دەتوانرێت لەهەر کاتێکدا پێچەوانە بکرێتەوە.
واژۆکاران ئاماژەیان بەوەکردوه، ژمارەیەک لەئەندامانی
کۆنگرێس بەهەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو سەرکردایەتی ئەنجومەنی
نوێنەران، کاریانکردوە بۆ ئەوەی میکانیزمی ڕون لەدەقی هەڵوەشاندنەوەکەدا جێگیربکرێت
بۆ دوبارە سەپاندنی سزاکان بەسەر سوریادا لەئەگەری پابەندنەبون بەمەرجە سیاسییو
مرۆییو ئەمنییەکانهوه.
پاراستنی کەمینەکان لەدڵی چاودێریدا
نوێنەرانی کۆمارییەکان جەختیان لەوەکردەوە،
ئەو کوشتنو پێشێلکارییە بەکۆمەڵانەی کە لەدژی مەسیحییەکان، دروزەکان، عەلەوییەکان،
کوردو کەمایەتییە ئایینیو نەتەوەییەکانی دیکە لەسوریا ئەنجامدەدرێن “دەبێت ببێتە
شتێکی ڕابردوو”، دوپاتیانکردەوە، کۆنگرێسی ئەمریکا بەردەوامدەبێت لەچاودێریكردنى
وردی ئەدای ئیدارەی نوێی سوریا بۆ دڵنیابون لەدابینکردنی پاراستنی ڕاستەقینە بۆ ئەو
گروپانە، نەک تەنها بەڵێنی سیاسی یان ڕێوشوێنی ڕوکەش.
سەردانی مەیدانیو دانیشتنەکانی داهاتوو
لەو چوارچێوەیەشدا، نوێنەران چاوەڕوانیی خۆیان
بۆ وەرگرتنی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ سەردانی سوریا لەچەند مانگی داهاتودا ڕاگەیاند
بۆ ئەوەی بەچاوی خۆیان ڕاستیهكان ببیننو لێكۆڵینهوهو بهدواداچون بكهن لەسەر
پابەندبونی حکومەتی سوریا بەمەرجەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بەمامەڵەکردن
لەگەڵ کەمینە ئاینییەکان لەپارێزگای سوەیدا.
هەروەها جەختیان لەگرنگی دڵنیابون لەوە کردەوە،
ئەو هەلومەرجانە تێکنەدەن، چ لەلایەن سەرۆکی دەوڵەتەوە یان لەلایەن ئەوانەی ناویان
ناوە "بەرپرسانی سەربازی ناپاک"، جگە لەهەڵسەنگاندنی ئەو ژینگە ئەمنییهى
ئیدارەی شەرع بانگەشەی بۆدەکات گوایه یهكهمجاره ئهوه ڕوبدات لهسوریاو وتویهتى،
"كارێكمان بۆ كهمینهكان كردوه کە لەمێژوى خۆیاندا شتى ئاوههایان نهبینیوه".
ههر لهو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوەکراوە،
بەپاڵپشتی سەرکردایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی مایک جۆنسۆن سەرۆکی
پەرلەمانو مایکڵ ماست سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە، لیژنەی کاروباری دەرەوە بەنیازە
لەسەرەتای ساڵی 2026 دانیشتنێک ئەنجامبدات
بۆ تیشکخستنەسەر "هەر گۆڕانکارییەکی دەرکەوتوو" لەمامەڵەی حکومەتی سوریا
لەگەڵ کەمینە ئایینیو نەتەوەییەکان.
هۆشدارییەکی ڕونو پەیامێکی سیاسیی
نوێنەرەکان لەکۆتایی بەیاننامەکەیاندا جەختیان
لەوەکردەوە، پابەندبونی توندی حکومەتی سوریا بەو مەرجانەی کە لەبڕگەکانی یارمەتیدانی
سزاکان لەیاسای ڕێگەپێدانی بەرگری نیشتمانیدا هاتوە، بۆ گەیشتن بەئاشتییەکی هەمیشەیی
لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ڕێگەخۆشکردن بۆ خۆشگوزەرانیی بەردەوام لەسوریا زۆر گرنگە.
هۆشداریشیاندا کە هەر پێشێلکارییەک لەم بەڵێنانە،
بەڕێوشوێنی سزای دەستبەجێ بەرەوڕوو دەبێتەوە، ئەمەش پەیامێکی سیاسیی ڕونی ناردوە کە
پرسی کەمینەکان وەک پێوەرێکی چارەنوسساز لەپەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ دیمەشق لەماوەی
داهاتودا دەمێنێتەوە.
