ئەگەری هێرشی سعودییە بۆسەر هێزە هاوپەیمانەکانی ئیمارات لە یەمەن هەیە

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 599 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە دۆخی یەمەن بەرەو گرژییەکی مەترسیدار دەچێت، بەو پێیەی نزیکەی 20 هەزار چەکداری سەر بە هێزەکانی "درعی وەتەن"ی سەر بە سعودیە لە ناوچەکانی وەدیعە و عەبر لەسەر سنوور کۆبوونەتەوە. 

رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، ئەم جووڵە سەربازییە وەک وەڵامێکە بۆ پێشڕەوییەکانی ئەنجومەنی راگوزەری باشوور کە لەلایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەکرێت و توانیویەتی دەست بەسەر ناوچە نەوتییەکانی پارێزگای حەزرەمەوتدا بگرێت.

بەپێی سەرچاوەکان، ڕیاز هۆشداریداوە کە ئەگەر هێزەکانی باشور نەگەڕێنەوە، ئەوا ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانیی دەبنەوە، ئەمەش ئەگەری پێکدادانی سەربازیی نێوان لایەنگرانی دوو هاوپەیمانە هەرێمییە سەرەکییەکە زیاد دەکات.

 ئەنجومەنی راگوزەری باشووری داوای دەوڵەتی سەربەخۆی باشووری عەرەبی لە یەمەن دەكەن هاوشێوەی پێش ساڵی 1990، ڕەتی کردۆتەوە لە حەزرەمەوت، مەهرە و ئەبیەن بکشێتەوە.

لەم نێوەندەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریداوە لەوەی هەر پەرەسەندنێکی سەربازی مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. 

هاوکات حیزبی ئیسلاحی یەمەنی هۆشداریدەدات کە کۆنترۆڵی باشور بەسەر حەزرەمەوتدا، دامەزراوە شەرعییەکان لاواز دەکات و دواجار تەنها لە بەرژەوەندیی گرووپی حوسییەکان دەشکێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە سعودیە نیگەرانە لە کەمبوونەوەی هەژموونی خۆی لە دۆسیەی یەمەندا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی