نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی هاتنی قاتوقڕیی لە غەززە راگەیاند

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 292 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە قاتوقڕی لە غەززە کۆتایی هاتووە، بەڵام زۆربەی دانیشتووانەکەی هێشتا ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە.

دەستەی سەرپەرشتیاری "پۆلێنکردنی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک" (IPC) ئاشکرایکرد کە دوای ئاگربەستەکەی 10ی تشرینی یەکەمی 2025، دۆخی خۆراک و بەدخۆراکی باشتر بووە، بەڵام سەرەڕای گەیشتنی هاوکارییەکان، هێشتا دۆخەکە "ناسکە".

بەپێی ڕاپۆرتەکە، تا ناوەڕاستی نیسانی 2026، تەواوی کەرتی غەززە لە "بارودۆخی لەناکاو" (قۆناغی چوارەم) دەمێنێتەوە، بەڵام هیچ ناوچەیەک لە قۆناغی "قاتوقڕی" (قۆناغی پێنجەم)دا نەماوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێشبینی دەکرێت نزیکەی 1.6 ملیۆن کەس هێشتا بەدەست قەیرانی خۆراکەوە بناڵێنن.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی ئۆکسفام ڕەخنەی گرتووە و دەڵێت دۆخی غەززە هێشتا ترسناکە، چونکە ئیسرائیل ڕێگە بە هاتنەژووری هاوکارییەکان بە بڕی پێویست نادات و ڕێگری لە زۆربەی ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی