شارپرێس:
كه‌سوكارو هۆزه‌كه‌ى هاكان فیدان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا په‌یامى نوێیان هه‌یه، په‌رله‌مانتارێكى كوردیش له‌په‌رله‌مانى توركیا هه‌موشت ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "برازا‌و ئامۆزاكانت داوات لێده‌كه‌ن سه‌رێكى ڕۆژئاواى كوردستان بده‌یت".
فيدان.. باوكێكى كورد‌و دایكێكى تورك
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئێستای تورکیا، بەڕەچەڵەک کورد-تورکییە؛ لەساڵی 1968 لەئەنكەرە لەدایکبوە، باوکى کورده‌و لەهۆزی حه‌سه‌نان (كه زۆرینه‌یان له‌پارێزگای وان)ن‌و دایکشى تورکەو خەڵکی ناوچه‌ى دەنیزلی توركیایه.
حەسەنان ناوی ھۆزێکی کوردییە کە له‌زۆرێك له‌ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بونیان هه‌یه، به‌ڵام گەورەترین بەشی ئەو ھۆزە لەباکوری کوردستان دەژین، حەسەنانه‌كان لەساڵی 1937 بەشدارییان لەڕاپەڕینی دەرسیمدا کردوه، ئێستا كه‌سایه‌تى دیارى ئه‌و هۆزه كوردیه، هاكان فیدان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا‌و سه‌رۆكى پێشوى میت-ه.
فیدان 17مین سه‌رۆكى میت
هاکان فیدان ئەفسەرو دیپلۆماتکاری پێشوی ھێزە چەکدارەکانی تورکیایەو 17ھەمین بەڕێوەبەری ھەواڵگریی میتى توركیایه‌و لەپۆستی کارگێڕیی لەنوسینگەی سەرۆک وەزیران‌و دەزگای هاوکاریی‌و هەماهەنگی تورکیا‌و وەزارەتی دەرەوەش ساڵانێكى زۆر كاریكردوه.
لەئاستی نێودەوڵەتیدا فیدان پۆستی دەستەی کارگێڕیی لەدوو دەزگای تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هەبوە؛ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تى وزەی ئەتۆمی (IAEA)و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی (UNIDO).
خاوه‌نى بڕوانامەی زانستە سیاسییەکانه لەزانکۆی میریلاند لەئەمریکاو دواتریش ماستەرو دکتۆرای لەزانکۆی بیلکەنت لەئەنكەرە وەرگرتوە.
عه‌گیده‌كه‌ى قه‌ندیل.. برازاكه‌ى فیدان!!
ئەوکاتەی ھاکان فیدان سەرۆکی دەزگای میت (هه‌واڵگریى توركیا) بوو، برازایه‌كى بەناوی (عەگید زیلان) لەڕیزی گەریلاکانی پارتى كرێكارانى كوردستان پەکەکەدا بوو، دواتر لەساڵی 2023دا بەھۆی نەخۆشیه‌وه گیانی لەدەستدا، به‌رله‌وه‌ى گیان له‌ده‌ستبدات، چه‌ندینجار په‌یامى بۆ فیدانى مامى ناردبوو داواى لێكردبوو، چیتر دژایه‌تى گه‌له‌كه‌ى خۆى (كورد) نه‌كات‌و هه‌رچى پێده‌كرێت بۆ خزمه‌ت، بیكه‌ت.
سرى ساكیك په‌یامى حه‌سه‌نانه‌كانى گه‌یاند
سرى ساكیك په‌رله‌مانتارى پارتى یەکسانى و دیموکراسیى گەل (ده‌م پارتى) لەپەرلەمانی تورکیاوه په‌یامى ئامۆزا‌و برازاكانى هاكان فیدانى بۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا گواسته‌وه، ساكیك وتى، "به‌ر له‌هه‌ر شت تۆ كوردى، سه‌رێكى كه‌سوكاره‌كه‌ت بده له‌ناوچه‌ى موش-ى سه‌ر به‌گه‌وره شارى كوردان (وان)، ئه‌وان زۆر پرسیارى تۆ ده‌كه‌ن‌و زۆر پرسیاریشیان له‌تۆ هه‌یه‌و پێویستیان به‌وه‌ڵامه".
ساكیك به‌رده‌وامبوو له‌قسه‌كانى‌و ڕایگه‌یاند، "من هه‌ركاتێك سەردانی موش دەکەم، له‌وێ له‌گه‌ڵ کەسوکارەکه‌ت یه‌كتر ده‌بینین، هەمیشە لێم دەپرسن: ئامۆزاکەمان چیدەکات؟ دواتر برازاکانت دێن‌و لێم دەپرسن: ماممان چیدەکات؟ پێم دەڵێن، مامی ئێمە لەجیاتی دیمەشق، با سه‌ردانێكى ڕۆژئاواى كوردستان بكات".
ساكیك به‌ناوى خۆیى‌و كه‌سوكاره‌كه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیاشه‌وه وتى، "ئێمه‌و كه‌سوكاره‌كه‌شت بانگهێشتت ده‌كه‌ین‌و داوات لێده‌كه‌ین، بچیته ڕۆژئاواى كوردستان‌و ئاشتیى به‌رپابكه، له‌وێ یاسا بچه‌سپێنه، ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه گه‌لى توركیا پێویستى پێى هه‌یه".
