شارپرێس:
فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده) بۆ یه‌كه‌مجار په‌یامێك ئاراسته‌ى ئێران ده‌كات، هاوكات چه‌ند زانیارییه‌كى گرنگیش ئاشكرادهكاتو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "چاره‌نوسى یه‌په‌ژه یهكلاكراوهتهوهو لیوایه‌كى تایبه‌ت به‌خۆیان ده‌بێت"، ده‌شڵێت، "یه‌كه‌م شه‌هیدى شۆڕشى ڕۆژئاواى كوردستان كوردێكى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان بوو"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه، "ئه‌گه‌رچى به‌عس ڕوخاوه، به‌ڵام تائێستا زهنیه‌تى به‌عس له‌سوریا حوكم ده‌كات، بۆیه پێویسته هه‌رچى زوه ده‌سه‌ڵاتدارانى سوریا گۆڕانكاریى بكه‌ن، چونكه ساڵى 2026 ساڵى ئێمه ده‌بێت".
مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتیى هه‌سه‌ده له‌دیدارێكدا كه ده‌قه‌كه‌ى له‌به‌شى ڕاپۆرت‌و چاوپێكه‌وتنى شارپرێسدا بڵاوكراوه‌ته‌وه ڕایگه‌یاند، "ڕاسته ده‌سه‌ڵاتى بهعسو ئه‌سه‌د ڕوخا، به‌ڵام ناتوانین بڵێین گۆڕانكاریى گه‌وره‌و به‌رچاو هاتوه‌ته كایه‌وه، چونكه پرسى سهربازیىو ئه‌منیى گه‌وره هه‌ن، له‌هه‌مانكاتیشدا سیستم بونى نییه‌و ناتوانین بڵێین شتى گه‌وره ڕویداوه‌و بونى هه‌یه، تائێستاش زهنیه‌تى به‌عس به‌رده‌وامه لهحوكمى ئه‌م وڵاته".
عه‌بدى ده‌ڵێت، "ئێستا له‌ناو حوكمڕانى سوریادا گروپێكگهلێكى زۆر توندڕه‌و بونیان هه‌یه كه چاره‌سه‌ركردنى هیچ كێشه‌یه‌كیان ناوێت، ئه‌و گروپانه له‌برى گفتوگۆ‌و چاره‌سه‌ریى، هێزو توندڕه‌وى نیشانده‌ده‌ن، ئه‌و گروپانه‌ش ئه‌وانه‌ن كه به‌ر لهڕوخانى ڕژێمهكهى ئه‌سه‌د، سه‌ر بهتوركیا بون‌و ئه‌وانه‌ن كه عهفرینو عه‌زازو سه‌رێكانى-یان داگیركرد، جگه له‌وانه‌ش، ژماره‌یه‌كى زۆر گروپى جیهادى بونیان هه‌یه كه سه‌رجه‌میان دژى ئێمه شه‌ڕیان كردوه‌و تائێستاش به‌رده‌وامن له‌شه‌ڕو هێرشكردن بۆسه‌رمان".
ڕونكردنهوه دهداتو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ده‌مه‌وێت ئه‌وه ڕاست بكه‌مه‌وه، زۆرمان گوێ لێده‌بێت، گوایه ئێمه تێكه‌ڵى سوپاى سوریا ده‌بین، ئه‌وه ڕاست نییه، به‌ڵكو ڕاستیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه، ئێمه‌و سوریا ده‌مانه‌وێت پێكه‌وه سوپایه‌كى نوێ بونیادبنێین، چونكه هه‌سه‌ده هێزێكى گه‌وره‌یه له‌ڕوى تواناى سه‌ربازییه‌وه‌و له‌ڕوى ژماره‌شه‌وه له‌سه‌رجه‌م گروپهكانى سوریا‌و حكومهتهكهشى گه‌وره‌تره، ئامانجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، بتوانین پێكه‌وه وه‌زاره‌تێكى نوێى به‌رگریى یان وه‌زاره‌تى پاراستن دروستبكه‌ین‌و هێزه‌كانیش ڕێكبخه‌ین له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا، نه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا سوپا ههبێتو ئێمه بچینه ناو ئه‌و سوپا‌و وه‌زاره‌ته‌وه".
له‌باره‌ى چاره‌نوسى یه‌په‌ژه له‌ناو هه‌سه‌ده، مه‌زڵوم عه‌بدى ئاشكرایكرد، "سه‌باره‌ت بهیهكینهكانى پاراستنى ژن (یه‌په‌ژه)، پێشنیازمان به‌حكومه‌تى دیمه‌شق-داوه له‌چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگریدا لیوایه‌كى تایبه‌ت بۆ یه‌په‌ژه دروستبكرێت‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ڕۆڵى خۆیان ببینن، واته ناهێڵین له‌گه‌ڵ هیچ هێزێكى دیكه‌ى سوریا بێت، له‌ئه‌گه‌رى قبوڵنهكردنیشیدا له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه گفتوگۆى هه‌سه‌ده‌و دیمه‌شقیش ڕادهگیرێتو به‌هایه‌كى نامێنێت".
پهیامێكیشى ئاراسته‌ى ئێران كرد‌و وتى، "هه‌رچى دێت، مه‌ترسیى زیاتر له‌سه‌ر ئێران دروستده‌بێت، كارگه‌یشتوه‌ته ئاستێك، هه‌ڵوێستى ئێران ئێستا زۆر لاوازه، ئێمه داواده‌كه‌ین ئه‌و ڕوداوانه‌ى له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ڕویانداوه، ئێران خوێندنه‌وه‌ى باشتریان بۆ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى لهگۆڕانكارییهكاندا جێگه‌ى خۆى بگرێت، پێویسته گۆڕانكاریى جدى‌و به‌په‌له ئه‌نجامبدات له‌ناوخۆى وڵاتهكهییدا، به‌تایبه‌ت پرسى دیمو‌كراتى گه‌لان، ئه‌و پێكهاتانه‌ى له‌و وڵاته‌دان چیتر مافیان پێشێلنهكرێت".
سه‌باره‌ت به‌كوردانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانیش، مه‌زڵوم عه‌بدى وتى، "له‌ڕۆژى یه‌كه‌مه‌وه واته له‌ساڵى 2011وه تائێستا ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌شۆڕشى ڕۆژئاوا، به‌ر له‌شۆڕشى ڕۆژئاوا، یه‌كه‌م گروپى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان گه‌یشتنه لاى ئێمه كه هێشتا شۆڕش دهستیپێنهكردبوو، ئه‌وان زۆریشیان شه‌هیدو برینداربون".
بۆ یه‌كه‌مجار زانیارییه‌كى گرنگى ئاشكراكرد‌و ڕایگه‌یاند، "ده‌مه‌وێت ئه‌و ڕاستیه‌ش ئاشكرابكه‌م، یه‌كه‌م شه‌هیدى ئێمه له‌شۆڕشدا، له‌ساڵى 2012، هه‌ڤاڵێكمان كه خه‌ڵكى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان بوو، واته یه‌كه‌م شه‌هیدى شۆڕشى ڕۆژئاوا له‌شارى دێریك، به‌خوێنى كوردێكى ڕۆژهه‌ڵات ئاودراو ده‌ستیپێكرد، ئێمه‌ش گه‌لى قاره‌مانى خۆمان له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌بیرناكه‌ین، به‌هه‌موو توانا‌و هێزى خۆمانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانین بۆ تێكۆشانى ئازادى".
هه‌ر له‌و دیداره‌دا مه‌زڵوم عه‌بدى باسى هاتنى ساڵى نوێى كرد‌و وتى، "ساڵى 2026 بۆ ئێمه ساڵێكه بۆ سه‌ره‌تاى بهرخۆدانو بهردهوامبونو هه‌نگاونان بۆ بهرهوپێشهوهچونو به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانمان، زۆركه‌س كه دژى ئێمه‌ن ده‌ڵێن، كۆتایى ئهمساڵو هاتنى ساڵى نوێ، كۆتایی هه‌سه‌ده‌و ده‌سه‌ڵاتى ئیداره‌ى خۆسه‌ره، به‌ڵام منیش پێیانده‌ڵێم، ساڵى 2026 ده‌ستپێكى خه‌باتێكى نوێیه بۆ ئێمه".
