شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێن چەند پسپۆڕێکی بیانی و عێراقی هۆشدارییان دا لە کاردانەوەی ئەو گرێبەستەی کە بە "رێکەوتنی ئاڵوگۆڕی نەوت بە ئاو" لە نێوان عێراق و تورکیا وەسفیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە ڕەنگە قەیرانی ئاو گەورەتر بکات و سەروەری عێراق بەسەر سەرچاوە گرنگەکانیدا لاواز بکات.
ناتاشا هۆڵ، توێژەر لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی لە واشنتۆن ئاماژەی بەوەدا کە پشتبەستنی عێراق بە ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکانی لەم جۆرە دەتوانێت سەروەری وڵاتەکەی بخاتە مەترسییەوە، هۆشداریشیدا لەوەی کە تورکیا دەتوانێت لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستی بەسەر بەغدادا توندتر بکات.
لای خۆیەوە گۆنول تۆل، بەڕێوەبەری دامەزرێنەری پرۆگرامی تورکیا لە ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە کاریگەری بەرچاو بە ئەنقەرە دەدات بەسەر گرنگترین سەرچاوەکانی عێراقدا لە ساتێکی ناسکدا ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە پێدەچێت هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی تورکیادا بشکێتەوە و لە ناوخۆدا خزمەت بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بکات، لەنێویاندا بەهێزکردنی چانسی مانەوەی لە دەسەڵاتدا دوای هەڵبژاردنەکانی 2028، هەروەها فراوانکردنی کاریگەری ناوچەیی و بەرزکردنەوەی ئاسایشی وزە بە گۆڕینی نەوتی ڕوسیا بە نەوتی عێراق.
لای خۆیەوە شارەزای ژینگە و سەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی عێراق، موختار خەمیس، دووپاتی کردەوە، نزیکەی 60%ی ئاوی عێراق لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام ئەو بەنداوانەی لەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دروستکراون، بەتایبەتی ئەوانەی لە تورکیان، ڕۆیشتنی ئاویان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە، ئەمەش قەیرانی کەمی ئاوی گەورەتر کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانێک گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن، پێگەی دانوستانکاری عێراقی لاوازکردووە لەسەر پرسەکانی دابەشکردنی ئاو.
هەر لەو پێوەندییەدا شوروق ئەلعەبایجی شارەزای سیاسەتی ئاو ڕوونی کردەوە کە ئاو بەشێکی مافی مرۆڤە و نابێت پەیوەست بێت بە داهاتی نەوتەوە. هۆشداریشیدا لەوەی ڕێککەوتنەکە پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانی دیپلۆماسی ئاوە و چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ قەیرانی ئاو پێکناهێنێت.
هەروەها داوای سیاسەتێکی درێژخایەن و سەروەری و پیشەیی ئاوی کرد کە چاکسازی لە کەرتی کشتوکاڵدا لەخۆبگرێت.
بە وتەی تورهان موفتی ڕاوێژکاری ئاوی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە عێراق ڕۆژانە بڕی ڕێککەوتن لەسەرکراوی نەوت بفرۆشێت و داهاتەکەی دەخرێتە سندوقێکی تایبەتەوە بۆ خەرجکردنی بۆ ئەو کۆمپانیا تورکیانەی پڕۆژەی ژێرخانی ئاو جێبەجێ دەکەن. هاوکات بەرپرسانی عێراق بۆ سی ئێن ئێن پشتڕاستیان کردەوە کە بەڕێوەبردنی ئاو لەژێر سەروەری تەواوی عێراقدا دەمێنێتەوە.
ئ.ح
