شارپرێس:
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ڕۆژنامەنوس میران بەکر لەلایەن هێزێكى یەکێتییەوە دەستگیرکرابوو، دهشڵێت، "ڕێگە بەهیچ کەسو لایەنێک نادرێت هەوڵی تێکدانی ئارامیو ئاسایشی هەولێر بدەن".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەنراوێکى بڵاوكردهوهو وردەکاریی دەستگیرکردنو ئازاردانی کارمەندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی ئاشکراکرد، دهڵێت، "لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە دەکەین".
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیس، "میران بەکر عەبدولڕەحمان کە کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگەیەو پێشتر سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە بوە، درەنگانی شەوی هەینی، 19ی کانونی یەکەمی 2025، لەنزیک بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لەهەولێر، لەلایەن چەند چەکدارێکی خۆیانەوە دەستگیرکراوەو ئازاردراوە".
پۆلیسی هەولێر جهختدهكاتهوه، "میران بەکر کە ئەندامو کادیری یەکێتییه، دوای ماوەیەک ئازادکراوە، لەهەبونی سکاڵای یاسایی، پۆلیسو لایەنە پەیوەنددارەکان ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوەو ڕێکارەکانی پێویست دەگرنەبەر بۆ دەرخستنی ڕاستیو سەروەرکردنی یاسا".
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، پۆلیسی پارێزگای هەولێر دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان "بەهیچ جۆرێک ڕێگەنادرێت هیچ کەسو لایەنێک هەوڵی تێکدانی ئارامیو ئاسایش بداتو ئازادیی کەسیو کەرامەتی هاوڵاتییان بەهیچ بیانویەک پێشێلبکات".
