شارپرێس:
سوپای پاسدارانی ئێران، بەدرێژای نزیکەی (٦٠٠) کیلۆمەتر پەرژینی دیواربەندی هەستیار لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستدەکات.
کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕایگەیاند، لەدوای ٢٤ی حوزەیران ٢٠٢٥ و کۆتایی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران - ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی پەرژینی دیواربەندی هەستیار بە جۆرێک بەرزی دیوارەکە 3 مەترە و ئامێری هەستیاری ئەمنی ئاگادارکردنەوە بە درێژایی دیوارەکە جێگیرکراون.
دەشڵێت، ئەم پەرژینە بە قوڵایی نزیکەی ٢ کیلۆمەتر و بەدرێژایی نزیکەی (٦٠٠) کیلۆمەتر لە “چیای کێلەشین” لە سنوری قەزای سیدەکان تادەگات بە گوندی کچەم چەقەڵ لە سنوری گەرمیان و لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بنیاتدەندرێت و بەشێک لە کەرەستەی بیناسازی ئەو دیوارەش لە هەڵکۆڵینی شاخەکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکرێت.
کامەران عوسمان ڕونیکردەوە، لە ئێستادا، بەشێکی دیوارەکە لەسەر سنوری سەیران بەند و لە پشتی گوندەکانی بەهێ و شیوەگوێزان تادەگات بەگوندی مەران لەسەر سنوری پێنجوێن - ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بووە و بەشێکی تری دیوارەکە لە سنوری قەزای پشدەر تەواو بووە و ڕۆژانە کارکردن تیایدا بەردەوامە.
ڕاشیگەیاند، ئێران، ١٥١ بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە و بنیاتنانی ئەو دیوارە و بەستنەوەیان بە بارەگا سەربازییەکان، مەترسی بۆسەر گیانی گوندنشینان و جوتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنی نیشتەجێی سەر سنورەکان دروست دەکات.
بەوتەی ناوبراو، داگیرکردنی چیا و پێدەشتەکانی پشتی ئەو دیواربەندە، بەتەواوی دەبێتە دیفاکتۆ و ئەو ناوچانە دەچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران. دەبێتە هۆی شەپۆلێکی تری کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ ناو شارەکان و لاوازکردنی کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری. سەرباری هەموو ئەمانەش، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستان ناهێڵێت و دەبێتە هۆی لێکهەڵبرانی کوردانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان.
