شارپرێس:
مەشعان جبوری ئاشكرایدهكات، محەممەد حەلبوسی لەبەدەستهێنانەوەی کورسییەکەی سەرۆکی داهاتوی پەرلەمان بێئومێدبوە، دهشڵێت، "ئێستا لەبەرامبەر پۆستەکەدا داوای 200 ملیار دینار دەکات".
ئەنجومەنی سیاسیی سوننەکانی عێراق لەکۆبونەوەی هەفتەی ڕابردوو کاندیدی هاوپەیمانێتییەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی بۆ یەکلایینەکرایەوە، بەڵام بڕیاریدا لەکۆبونەوەی داهاتودا ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، بەبێئەوەی ڕۆژی کۆبونەوەی داهاتوو ئاشکرابکات، بۆ ئەو پۆستەش دوو کاندیدی سەرەکی هەن ئەوانیش: موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمو محەممەد حەلبوسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم.
لهوبارهیهوه مەشعان جبوری یەکێک لەسیاسییە دیارەکانی سوننە لەعێراقو سەرۆکی پارتی وەتەن، لەپۆستێکیدا لەسەکۆی "X" بەئاماژە بۆ سەرۆکی حزبی تەقەدوم، نوسیویهتى، "ئاشکرابوو کە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بەکورسی سەرۆکایەتی تەنها داڵغەیە، ناپاکی لەگەڵ هاوبەشەکانیو سەرکردەکانی حزبەکەیو دورخستنەوەی ڕکابەرەکانی دادی نەدا، ئێستا کە دەزانێت سەرۆکایەتی بۆ نابێت، کاندیدێکی دەوێت بەڵێنبدات ئەو 200 ملیار دینارەی بداتەوە کە دەڵێت لەبانگەشەدا خەرجیکردوە".
جبوری ئهوهشى وتوه، "ئەو لەماوەی ڕابردودا بەهەموو شێوەیەک هەوڵیداوەو بەڵێنیداوەو سازشیکردوە، بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە بێسودبون".
زانیارییەکانی کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتیی فەیسبوک، ئیسنتاگرامو وەتسئەپ دەکات، لەماوەی 24ی 9 بۆ 23ی 10 بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بڕی 1.4 ملیۆن دۆلار خەرجکراوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنو پارێزگای بەغدا لەپلەی یەکەمو پارێزگای ئەنبار لەپلەی دوەم بوە، کە حزبەکەی محەممەد حەلبوسی لەبەرزترین پلەی خەرجکردنی پارەدا بوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن لەو دوو پارێزگایە.
