داواى زیادكردنى باج له‌سه‌ر خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كان ده‌كرێت

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکرد، کیشوەری ئەوروپا بەرزترین ڕێژەی بەکارهێنانی مادە کحولییەکانی هەیە لەجیهانداو ساڵانە نزیکەی 800 هەزار کەس بەو هۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.


ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگەیاند، کحول هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو پێکان‌و ڕوداوانەی کە دەکرێت ڕێگرییان لێبکرێت، هەروەها هۆکارێکی سەرەکیی گیانلەدەستدانە لەئەوروپا.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە، بەکارهێنانی کحول لەئەوروپا دەبێتە هۆی نزیکەی 800 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان لەساڵێکدا، بە واتایەکی دیکە، لەهەر 11 حاڵەتێکی مردن، یەکێکیان بەهۆی بەکارهێنانی کحولەوەیە.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتوە، "کحول مادەیەکی ژەهراوییەو نەک تەنها دەبێتە هۆی توشبون بەحه‌وت جۆری شێرپەنجەو نەخۆشییە ناگوازراوەکان، بەڵکو توانای کۆنتڕۆڵکردنی خود لاواز دەکات، کاردانەوەکان خاو دەکاتەوەو هاندەرە بۆ ئەنجامدانی ڕەفتاری مەترسیدار".

هەروەها هۆشداریشیداوە کە ئالودەبون بەکحول، مەترسییەکی تایبەت لەسەر گەنجان دروستدەکات‌و دەبێتە هۆی کەمئەندامبون‌و مردنی پێشوەختە.

لەکۆتاییدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی چەند ڕاسپاردەیەکی بۆ وڵاتان خستوەتەڕوو بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کحول، لەوانە: زیادکردنی باج‌و بەرزکردنەوەی نرخی خواردنەوە کحولییەکان، سنوردارکردنی کات‌و شوێنی فرۆشتن، قەدەغەکردن یان سنوردارکردنی ڕیکلامکردن‌و توندکردنەوەی یاساکانی تایبەت بەلێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەژێر کاریگەریی کحولدا.