شارپرێس:
دوێنێ نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل دانپێدانانێكى فه‌رمى سه‌رۆك وه‌زیران‌و وڵاته‌كه‌ى بڵاوكرده‌وه سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمى (سۆماڵیلاند) وه‌ك وڵاتێكى سه‌ربه‌خۆ، حكومه‌تى عێراقیش له‌ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى، هێرشێكى توندده‌كاته‌سه‌ر ته‌لئه‌بیب‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و بڕیار‌و هه‌ڵوێسته ده‌كه‌ین‌و ئه‌وه‌ى كراوه پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان‌و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەیه".
نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی فەرمی، ناساندنی کۆماری (سۆماڵیلاند)ی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆو خاوەن سەروەریی ڕاگەیاند، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه، ئیسرائیل بوە یەکەم دەوڵەت لەجیهاندا كه دان بەجیابونەوەی سۆماڵیلاند لەسۆماڵ-دا بنێت.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێست‌و بڕیاره‌ى ئیسرائیل، حكومه‌تى عێراق له‌ڕێگه‌ى وەزارەتی دەرەوەی هاته‌ده‌نگ‌و هێرشیكرده‌سه‌ر ته‌لئه‌بیب‌و ڕایگه‌یاند، "عێراق وەک سەرۆکی خولی ئێستای کۆمکاری عەرەبی، دوپاتیدەکاتەوە، ئەو ڕاگەیه‌نراوەی ئیسرائیل پێشێلکردنێکی ڕونی سەروەریی سۆماڵەو دەبێتە هۆی تێکدانی هەوڵەکانی پاراستنی ئاسایش‌و سەقامگیریی لەناوچەکەدا".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەتوندیی سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئیسرائیل-ى بۆ داننان بە"سۆماڵیلاند" وەک وڵاتێکی سەربەخۆو خاوەن سەروەری كردوه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست-ى وڵاته‌كه‌ى، ڕەتیكردوه‌ته‌وه دان بەسەربەخۆیی سۆماڵیلاند-دا بنێت‌و وتویه‌تى، "نەخێر، ئایا کەس دەزانێت سۆماڵیلاند چییە، بەڕاستی؟".
هەرێمی سۆماڵیلاند لەساڵی 1991 تاکلایەنە سەربەخۆیی خۆیی‌و جیابونەوەی لەسۆماڵ ڕاگەیاند، بەڵام تائێستا هیچ وڵاتێک جگە لەئیسرائیل دانی بەدەوڵەتەکەدا نەناوە، حکومەتی سۆماڵ-یش ڕەتیدەکاتەوە، سۆمالیلاند وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بناسێت‌و بەبەشێکی دانەبڕاو لەکۆماری سۆماڵ دەیزانێت، هەر جۆرە مامەڵەیەکی ڕاستەوخۆ یان ڕێککەوتنێک لەگەڵ سۆمالیلاندا بەپێشێلکردنی سەروەریی‌و یەکگرتوویی وڵاتەکەشى دەزانێت.
