موسه‌ننا ئه‌مین كاندید ده‌كرێت بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار

کوردستان

03/01/2026‌ 4944 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکگرتوی ئیسلامی كوردستان له‌زاریى مه‌كته‌ب سیاسییه‌كیه‌وه‌، کاندیدبونی د.موسەننا ئەمین-ى بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمارى عێراق ڕاگەیاند.


سەڵاحەدین بابەکر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی‌و هاوكات وتەبێژی یه‌كگرتوى ئیسلامى كوردستان بەمیدیای فەرمی حزبەکەی وتوە، لەنێو سەرکردایەتی‌و مەکتەبی سیاسییاندا، بەوردیی تاووتوێی کاندیدکردنی د.موسەننا ئەمین کراوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

ده‌شڵێت، "وه‌فدێگى باڵا دەنێرینە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقی‌و کوردستانییەکان بۆ ئەوەى پشتیوانیی لەکاندیدەکەمان بکەن‌و دواتر بڕیاری کۆتایی لەبارەی کاندیدبونەوە دەدەین".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، تائێستا پێنج كه‌سایه‌تى كورد خۆیان بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار كاندیدكردوه‌، دواى یه‌كلابونه‌وه‌ى د.موسه‌نناو د.فوئاد حوسێن له‌پارتى دیموكراتى كوردستان، ژماره‌ى كاندیده‌ كورده‌كان بۆ حه‌وت كاندید زیاد ده‌بێت‌و تائێستاش هیچ سازانێك نه‌كراوه‌ له‌سه‌ر یه‌ك كاندیدى كورد بۆ ئه‌و پۆسته‌.

هاوكات محەممەد ئەمین فارس ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق ئاشكرایكردوه‌، دوشەممەی داهاتوو، کۆتا وادەیە بۆ هەرکەسێک کە بیەوێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندیدبکات‌و دوای مانگێکیش پەرلەمان بەشێوەی هەڵبژاردن‌و دەنگدان سەرۆکی داهاتوی عێراق دەستنیشاندەکات کە دەبێت دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

بەپەلە