لە لوتکەی کەنداوەوە بۆ گەڕەکەکانی حەلەب؛ کورد لە نێوان لۆژیکی قازانج و ئیرادەی مانەوەدا

توێژینەوە و شیکاریی

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 120 جار خوێندراوه‌ته‌وه

_ سیروان عوبەید
دووبارە جیهان چاوی لە ئاست کوشتنی منداڵانی کورد داخستووە. ڕۆژئاوای دووڕوو چاو لە دیمەنە خەمناکەکانی ئاوارەبوونی سەدان هەزار ژن و منداڵی کورد لە حەلەب دەپۆشێت. ئێستا حەلەب ئەو شوێنەیە کە "ویژدانی جیهان"ی تێیدا تاقیدەکرێتەوە و ئەو پرسیارە جەوهەرییە دەوروژێنێت: ئەرێ نرخی مرۆڤایەتی لە لۆژیکی تڕەمپدا چەندە؟
ئەوەی لە حەلەب دەگوزەرێت، جێبەجێکردنی ئەو پیلانگێڕییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە بێدەنگەیەیە کە دژ بە قەوارەی خۆسەریی کورد، لە واشنتۆنی هاوسەنگەری دوێنێ وە نەخشەی بۆ کێشراوە. لە بەرامبەردا، خۆڕاگریی شەڕڤانان و یەکدەنگی کورد، تەنها بۆ پاراستنی چەند گەڕەکێک نییە، بەڵکو تێکشکاندنی ئەو تێڕوانینە بێڕەوشتانەیەیە کە پێی وایە کورد تەنها کارتێکی مامەڵەیە و هیچی تر...

لە کاتێکدا دڵمان بە ئازارەوە لەگەڵ خوشک و براکانمان لەگەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، لێدەدات، و چاوەکانمان لەسەر دیمەنە خەمناکەکانی پێکدادان و ئاوارەبوونی ئەو سەدان هەزار ژن و منداڵ و پیرو پەککەوتەیە لاناچن، ناچارم جارێکی تر بگەڕێمەوە سەر وتارەکەی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥م. بەناونیشانی:
لۆژیکی قازانجی ترەمپ و کارتی کورد: ئایا سەردانەکەی شەڕع بۆ واشنتۆن بەنرخی لاوازکردنی خۆسەری کوردی دەبێت
ئەوەی ئەو کاتە لەوتارەکەدا وەک پێشبینی و شیکارییەکی قووڵ خستمەڕوو، بەداخەوە ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو دێتە دی و ڕووداوەکان بە ئاڕاستەیەکدا دەڕۆن کە ئێمە هۆشداریمان لەبارەیەوە دابوو” لینکی وتارەکەی پێشوو
https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=248214 لەوتارەکەمدا جەختم لەسەر ئەوە کردەوە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەتایبەتی لەژێر کاریگەریی "لۆژیکیقازانجی ترەمپ"دا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ڕاستەوخۆ و مامەڵەی خێرا دامەزراوە، نەک بەها ئەخلاقییەکان یان پابەندبوونە درێژخایەنەکان بە هاوپەیمانانەوە. ئەم لۆژیکە وایکردووە کە ئەمریکا بەدوای مامەڵەیەکی گەورەتردا بگەڕێت لە سووریا، کە ئامانج و ئەولەویەتەکانی لەدوای شەڕی داعش و نەمانی ڕژێمی ئەسەد گۆڕاون بۆ دوورخستنەوەی ئێران و ڕووسیا، دابینکردنی دەرفەتی ئابووری بۆ کۆمپانیاکانی، دڵنیایی ئاسایشی ئیسرائیل و ڕازیکردنی تورکیا. بەداخەوە، وەک پێشبینیم کردبوو؛ نرخی ئەم مامەڵەیە دەکرێت جۆرێک لەفرۆشتنی کورد و مافی پێکهاتەکانی سووریا بێت.
شەرعیەتدان بە حکومەتی شەڕع و گڵۆپی ڕۆژئاوا: سەردانەکەی ئەحمەد شەڕع بۆ واشنتۆن لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، وەک یەکەمین سەردانی سەرۆکێکی سووریا بۆ کۆشکی سپی لە ماوەی نزیکەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا، کە بە زەبری پارە و لۆبی سیاسی قەتەڕ و سعودییە و تورکیا، سەردانەکەی بۆ ڕێکخرا بوو. بەدیپلۆماسی پارە و پێشنیاری مامەڵەکان تڕەمپ ڕازیکرا پێشوازی لەکەسێک بکات کە تا پێش ئەوکات خۆی و گرووپەکەی لەلیستی تیرۆری ئەمەریکادا بوون و وڵاتەکەی، "ئەمەریکا ملیۆنان دۆلاری تەرخانکرد بوو، بۆ زانیاری لەسەر شوێنی حەوانەوەی جۆلانی". گۆڕانکارییەکان لەسیاسەتی ئەمەریکا لەسووریا ، وەک شەرعییەتدان بەجۆلانی و گرووپەکەی و ڕێخستنی سەردانەکەی جۆلانی، هەموو ئەمانە بەرئەنجامی سەردانەکەی ترەمپ بوون بۆکەنداو کە لە ئایاری ٢٠٢٥ ئەنجامیدا. لە پەراوێزی لوتکەی کەنداویشدا لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع کۆبوویەوە و لەکۆتاییشدا تڕەمپ بە کۆکردنەوەی زیاتر لە ٣ تریلیۆن دۆلار، وەبەرهێنان و گرێبەست گەڕایەوە بۆ ئەمریکا.
ئەمە ئەو ساتەیە کە لە سووریای دوای ئەسەد، شەدە دۆلارەکان شوێنی هاوپەیمانی سەنگەر دەگرنەوە.
ئەو پارە زەبەلاحە ، و هاوکات فشارەکانی لۆبی تورکی- کەنداو شەرعیەتێکی نێودەوڵەتی نوێی بە حکومەتەکەی شەرع بەخشی و کارتی کوردی لەڕۆژئاوا لاواز کرد. لابردنی سزاکانی قەیسەر، لابردنی ناوی شەڕع و هەتەشە، و گرووپەکەی لەلیستی تیرۆری ئەمریکای بەدواداهات. بۆیە گۆڕانکاری ئەولەوییەتەکانی ئەمەریکا لەسووریا پێشبینی کراو بوو، بەوپێیەی لە "لۆژیکی قازانجی تڕەمپ"دا ئەمە بەو واتایە دێت" بۆ قۆناغی دوای ڕووخانی ئەسەد و شەڕی داعش، ئەحمەد شەرع، هەرچەندەش سەرکردەیەکی تیروریست بووبێت کە ئێستا بە قاتێکی مۆدێرنەوە دەبینرێت، سودی زیاترە لە هەسەدە و ژەنەڕاڵێک کە پارە و فڕۆکەی نییە بیبەخشێت بەتڕەمپ، هەرچەندەش هاوپەیمانی متمانەپێکراوی ئەمەریکا بووبێت لە شەڕی تیرۆردا.
لەنەتیجەشدا وەک دەبینین حکومەتی کاتی سووریا ئێستا لایەنێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و وەک هاوبەشی شەڕی داعش سەیردەکرێت" کە ئەمە پێشتر وەک خەونێکی دوور دەهاتە بەرچاو تیرۆریستێک کە تا چەند مانگ لەوەوپێش خۆی سەرکردەی داعش بووە و ڕێککەوتن و مامەڵەی گەورەی لەگەڵ دەکرێت و پشتیوانی ئەمەریکا و ئەوڕووپای هەیە، هاوکات شتیوانی دارایی و لۆبی ئیقلیمی خراوەتە بەردەست. بەڵام ئەوانەی لەسەنگەری شەڕی تیرۆر و بەرگری لە مرۆڤایەتی لەگەڵ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا قارەمانانە شەڕیان کردووە ناوچەکەیان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پاراستووە. ئەوانەی لەسەر زەوی لەبری جیهانیش هەزاران شەهید و قوربانیان دا ئێستا بە ئامانجی قازانجێکی گەورەتر لەناو شەڕدا بەتەنیا جێدەهێڵدرێن یان ڕاستترە بڵێین، وەک کارتی مامەڵە سەیری کورد دەکرێت. بۆیە ئەوەی ئێستا لە حەلەب ڕوودەدات، پیلانگێڕییەکی ئیقلیمییە بەچاوپۆشی نێودەوڵەتی دژی کورد، و هەوڵی ئەحمەد شەرعە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی سووریا، و بەداخەوە ڕۆژئاوا و ئەمریکا گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکردووە و مامەڵەکەش بە لۆژیکی قازانجی بێڕەوشتانەی تڕەمپە کە ئامانج لێی تەنها دەستکەوتنی پارەی زیاتر و قازانجی سیاسی ئەمەریکیی و دواتریش ئیسڕائیلییە، بەبێ ئەوەی پرسیار لەچۆنیەتی ئەخلاقی بوونی ئەم قازانجە بکرێت. تەنانەت دوور نیە ماوەیەکی تر هەسەدە، وەک گرووپێکی یاخی بوو" لەحکومەتی شەرعی دیمەشق، لەلایەن خودی تڕەمپ ناوببرێت، وەک گڵۆپی سەوز بۆهێرشکردنەسەر تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئامانجی ملکەچکردنێکی زۆرەملێیانە. بەوپێیەی سازشەکانی تڕەمپ لەسەر کارتی کورد و هەسەدە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سووریای نوێ، لەبەرامبەر ئەو سودانەیە کە تورکیا و سعودیا و قەتەڕ؛ بە ئیسڕائیل و ئەمەریکا دەیدەن.
ڕووانگە و ڕۆڵی شەیتانی ئەردۆغان لەسووریادا: ئەردۆغان، کە ڕێشمەی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعی بەدەستەوەیە لەئێستادا ئەوپەڕی فشاری خستووەتە سەر ئەحمەد شەرع بۆشەڕ لەگەڵ کورد، بەتایبەتی کە دەبینێت کورد خەریکە بەتەنیا دەمێنێتەوە. دەبێ ئەوەش بڵێم، ئەوەی لەدوای ڕووخانی ئەسەدەوە تا ئێستا بەربەست بووە لەبەردەم هێرشەکانی تورکیا و دیمەشق بۆسەر کورد تەنیا ئەمەریکا نەبووە. بەڵکو ئەو نەڕە نەڕەی ئیسڕائیل بوو کە جار جارە لەسەر کورد و درووزەکان، لەبەرامبەر تورکیا و شەرع نیشانی دەدا؛ ئەگەرچی پراکتیکیش نەبووبێت، بەڵام لەڕووانگەی تورکیاوە مادام ئەگەرێک بوو ئیسڕائیل کاردانەوەی کرداری هەبێت لەبەرامبەر هێرشکردنە سەر کورد، ئەمە بۆ تورکیا مایەی ترسێکی گەورە بوو. هەرچەندەش ئیسڕائیل لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆی کارتی کورد و درووزەکانی بەکارهێنابێت، تورکیا و شەرع بەجدی ترسیان لەکاردانەوەی ئیسڕائیل هەبوو.

چۆن تورکیا بە تێچووی خاکی سووریا و ڕێکەوتنی شەرع لەگەڵ ئیسڕائیل شەڕی کورد دەکات؟
بۆ تورکیا، تەنانەت ئەگەر جۆلانی نیوەی دیمەشق بە ئیسڕائیل بدات لەبەرامبەر نەهێشتنی ترسی ئەو ئەگەرەی کە لەوانەیە" ئیسڕائیل بەرگری لەکورد بکات" تێچوویەکی زۆر نیە. ئەگەر دیمەشق بڕێک لەسنوورەکانی لەدەست بدات، لەپێناو ئاسایشی تورکیا" بۆ تورکیا"گرینگ ئەوەیە کورد نەگات بە مافەکانی خۆی لەسووریا" و قەوەرەیەکی کوردی لەسنوورەکانی دروست نەبێت. لەبەرئەوەیە ئەردۆغان ڕێگە دەدات؛ بە ڕێکەوتنی ئەمنی شەرع و ئیسڕائیل ڕووبدات. ئەردۆغان کە ترسی لە ئیسڕائیل هەیە، ئەو خاکی سووریا تەنیا وەک باجێک تەماشا دەکات لەبەرامبەر پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی خۆی. بۆیە ئەردۆغان نەک ڕێگری لەڕێکەوتنەکە نەکرد؛ بەڵکو فشاریش لەجۆلانی دەکات، ئیسڕائیل هەرچی بیەوێ پێیبدات تەنها لەپێناو ئەوەی سووریا دابەش نەبێت و کورد قەوارەی نەبێت و لەکاتی هێرشکردنە سەر کورد هیچ کاردانەوەی نەبێت. بەدیوێکی تر، ئەگەر تورکیا ڕازی نەبوایە" جۆلانی نەیدەتوانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕێککەوتنی هەواڵگریی واژۆ بکات. بەمشێوەیە جۆلانی خراوەتە ناو جۆلانێی تورکیا و ئیسڕائیلەوە؛ ئەو ئامادەیە جۆلان و قنەیتەرەش بدات لەپێناو مانەوەی خۆیدا. خۆ ناحەقیشی نیە کە زۆرنابێت لەژێر زەمینەکانی قاعیدە و داعشەوە هاتووەتەدەرێ، ئێستا کە تامی دەسەڵاتی کردووە باش دەزانێت ئەگەر بەدڵی تورکیا و ئیسڕائیل جوڵە نەکات نامێنێتەوە.

پەراوێزخستنی پڕۆژەی کورد و فشاری زیاتر: پێکدادانەکانی ئێستای حەلەب لە گەڕەکە کوردییەکان، بەڵگەی هەرە ڕوونن لەسەر ئەوەی کە پڕۆژەی خۆسەریی کورد لە سووریا، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا، ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە. ئەو ڕێککەوتنەی لە ئازاری ٢٠٢٥دا بۆ یەکخستنەوەی هەسەدە، لەناو دەوڵەتی سووریادا واژۆ کرا، ئێکسپایەر بووە. بۆیە ئێستا بە شێوەیەکی سەربازی و زۆرەملێ لە حەلەب جێبەجێ دەکرێت. کاردانەوەی لاوازی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە کە تەنها داوای دانبەخۆداگرتنی کرد، بەڵگەیەکی ڕوونە کە ئەولەوییەتەکان گۆڕاون و "کارتی کورد" چیتر ئەو بەهایەی پێشووی نییە لەم هاوکێشە نوێیەدا. دەکرێ ئەمە تاقیکردنەوەیەکیش بێت لەسەرهێز و ئاستی ئیرادە و خۆڕاگری هەسەدە و هەم بۆ ناوەخۆ هەمیش بۆ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا؛ بەو واتایەی ئەگەر بتوانرێت کورد لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب بە زەبری چەک ملکەچ بە دەسەڵاتی ناوەندی بکرێت یان دەرپەڕێنرا، ئەمە کارتی کورد لەدانووستاندن لەگەڵ دیمەشق لاواز دەکات. لەلایەکی تر هەنگاوی دواتر وەک ڕێگەی بەدیل بۆ ڕێکەوتنی سیاسی، و میکانیزمی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر هەموو سووریادا؛ لەلایەن سووریا و تورکیا جێبەجێدەکرێت و ئەمەریکا و ئەوڕوپاش چاوپۆشی لێدەکەن. بۆیە ئەوەی ئێستا لە حەلەب ڕوو دەدات پێدەچێت سەرەتای ژانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەسەدە بێت. من، پێموایە لەمڕۆوە ڕۆژئاوا دووچاری فشاری زیاتر دەبێتەوە، بە ئامانجی تەسلیمبوونی هەسەدە بەحکومەتی ناوەند، هەمووی گردراوی لۆژیکی قازانجەکانی ترەمپە کە لە وتارەکەمدا پێشتر باسم کردووە.

قارەمانییەتی بەرگریی ڕۆژئاوا: سەرەڕای هەموو ئەم فشار و پیلانگێڕییە نێودەوڵەتی و هەرێمییانە، ئەوەی جێگەی سەرسامی و شانازییە، ئازایەتی و بەرگریی بێوێنەی شەڕڤانانی ڕۆژئاڤایە. وەک چۆن زیاتر لە هەفتەیەکە، حکومەتی دیمەشق بە هەموو گرووپ و هێزەکانییەوە، بە هەموو چەکێک کە لەبەردەستیەتی و بە هاوکارییەکانی تورکیا و گڵۆپی سەوزی ئەمەریکا، هێرش دەکاتە سەر دوو گەڕەکی کوردی لە حەلەب، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە کۆنترۆڵیان بکەن. ئەمە نیشانەی قارەمانییەتی و خۆڕاگریی شەڕڤانە کوردەکانمانە کە چۆن بەو بیرو باوەڕەوە بەرگرییەکی بێوێنە لە ماڵ و خاک و کەرامەتی کورد دەکەن. ئەم بەرگریی بەرخۆدانە وەک چرایەک لەناو تاریکیدا دەردەکەوێت کە ئیرادەی گەلێک بۆ مانەوە و پاراستنی خۆی، لە هەموو هاوکێشە و پیلانگێڕی و مامەڵەیەکی سیاسی بەهێزترە.

پێشهاتی نوێ لە هاوکێشەی ئێران: "لۆژیکی قازانجی ترەمپ" هێشتا سەرەتاییە و تەواو نەبووە. چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا زیاتر لەسەر کەرتی وزە و نەوت و پرۆژەکانی بنیادنانەوەی سووریا کاریگەرییەکانی ببینین. هەروەها، چارەنووسی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) و ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، جێی پرسیاری گەورە و جەوهەرین کە پێویستە چاودێری بکرێن. هەرچەندە جەختکردنەوەی هەسەدە، و ژەنەڕاڵ مەزڵووم؛ لەبارەی ئەوەی: "سووریای مەرکەزیەت قبوڵ ناکەین"، هێشتا وەک هێڵێکی سوور ماوەتەوە، بەڵام فشارەکان بۆ سەپاندنی مەرکەزییەت لەلایەن دیمەشقەوە بەهاوکاری دەوڵەتی تورک و کەنداو بەچاوپۆشی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت. هاوکات، دەکرێت تورکیا لەبری سازشی زیاتری ئەمریکا لەسەر هەسەدە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بباتە قۆناغێکی ترەوە کە بەدڵی ترەمپ بێت، چونکە ئەمەش بەشێکە لە کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا.

بەرخۆدانی کورد و ئیرادەی مانەوە لەناو ژانەکاندا
لەناو ئەم گەمە جیۆپۆلیتیکییە ئاڵۆزەدا، یەکڕیزی ناوخۆیی و دیپلۆماسییەکی ژیرانە تاکە ڕێگەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە هەمووبەشەکانی کوردستان. هەروەک ئەو یەک هەڵوێستییەی لەوچەند ڕۆژەدا لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان دەیبینین، چ لەسەر ئاستی شەقامی کوردی بەگشتی، و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان، و میدیایی کوردی و هەوڵە دیپلۆماسیەکانی کورد، ئومێد بەخشە. دەتوانم بڵێم، جێی دڵخۆشی و شانازی و سەرفرازی هەموو کوردە. بەهیواین ئەمە دەستپێک بێت بۆ ئەوەی هەمیشە لەپرسە نیشتمانیی و تەوەییەکان بەمجۆرە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و یەکگرتوو بین. ئەگەر وابکەین، بەسەر هەموو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکاندا سەردەکەوین هەرچەندەش دژوار بن.

وانە تاڵەکە بۆ کورد؛ نابێت بە تەواوی تەسلیم بە لۆژیکی قازانجی زلهێزەکان بێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام بێت لە گەڕان بەدوای بژاردەی سێیەمدا، کە بریتییە لە دروستکردنی قەڵایەکی سیاسی ناوخۆیی بەهێز و گونجاندنی هاوسەنگی لەگەڵ لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەیەکگرتوویی. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، وانەیەکی تاڵە کە پێمان دەڵێت، لە سیاسەتدا، بەرژەوەندییەکان لە پێش هەموو شتێکەوە دێن. بەڵام قارەمانییەتی شەڕڤانان لە حەلەب، و یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی کوردان نیشانەی ئەوەیە؛ کە ئیرادەی گەلێک بۆ مانەوە و پاراستنی کەرامەتی خۆی، لە هەموو مامەڵە و پیلانگێڕییەک بەهێزترە. ئەمە سەرەتای ژانەکانە، بەڵام لەناو ژانەکاندا، هیوای مانەوە و بەرگرییەکی بێوێنە دەدرەوشێتەوە. با ئەم بەرگرییە ببێتە وانەیەک بۆ هەمووان کە خاک و ناسنامە و نیشتمان و کەرامەتمان لەپێش هەموو شتێکەوەیە و بە هیچ نرخێک ناگۆڕدرێنەوە

بەپەلە